میترۆ، ئاژانسەکان.
"مێژووی رادیۆی کوردی بەغدا" لە چاپکراوێکی سێ بەرگیدا کەوتە بەردیدی خوێنەران.
ئەم کتێبە کە لەبارەی مێژووی رادیۆی کوردییە لە بەغدا، لەلایەن کەمال رەئووف محەمەد نووسراوە و بەم دواییە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
چاپکراوەکە لە سێ بەرگ پێکهاتووە، لەهەر بەرگێکدا باس لە قۆناغێکی دیاریکراوی کاری ئەم رادیۆییە کراوە.
ئەم بەرهەمە ئێستا لەلایەن دەزگای رۆشنبیریی جەمال عیرفان لە شاری سلێمانی دەست دەکەوێت.
لە 29ی کانونی دوهەم 75 ساڵ بەسەر دامەزراندنی رادیۆی کوردی لە بەغدا تێپەڕبوو، کە بە یەکەم رادیۆی کوردی لە مێژووی کوردستان دادەنرێت.
لە دوای هەردوو رادیۆی بەغدا و کۆشکی ئەلزهوور، رادیۆی کوردی لە بەغدا، سێیەم رادیۆی عێراق و یەکەم رادیۆی کوردییە لە مێژووی کوردستاندا. کە سەرەتا وەک بەشێکی بچووک لەناو رادیۆی بەغدا کرایەوە و پاش ساڵانێکی دوور و درێژ، ئینجا کرایە بەڕێوەبەرایەتیی رادیۆی کوردی.
ئەگەرچی زۆربەی بۆچوونەکان لەسەر ئەوە کۆکن، کە بۆ یەکەمجار لە 29ی کانوونی دووەمی ساڵی 1939دا ئێزگەی کوردی لە بەغدا دامەزراوە و ساڵانەش هەر لەو رۆژەدا یادی کراوەتەوە، بەڵام مامۆستا باکووری دەڵێ لە 19ی تشرینی دووەم دامەزراوە.
بەشی کوردی رادیۆی بەغدا لە سەرەتاکانی دەستپێکردنیدا لە رۆژێکدا تەنها 15 خوولەک پەخشی هەبوو. دوای ئەوە، ساڵ دوای ساڵ و بە گوێرەی گۆڕانی هەلومەرجی سیاسی و سرووشتی دەسەڵاتدارێتی لە عێراقدا، ماوەی پەخشەکەی کەم و زیاد کرا، بەجۆرێک لە دوای ساڵی 1984 بەدواوە و تاوەکو رۆژی داخستنی، پەخشی رۆژانەی رادیۆکە 18 کاژێر بوو.
پۆتاڵی رووداو لەو رۆژەدا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هلت بوو زۆرجار گوێبیستی ئەوە دەبین، یان لێرە و لەوێ دەخوێنینەوە، کەوا ئەو رادیۆیە بە درێژایی تەمەنی خۆی و لە سەردەمی پادشایەتی و کۆماری، هێندەی خزمەتی سیاسەتی رژێمە سەردەستەکانی عێراقی کردووە، ئەوەندە خزمەتی خودی کوردی کردووە، بەڵام ئەوانەی لەوێ کاریان کردووە، وێڕای داننان بەوەی کە لە باری سیاسیدا ئەوان ئازاد نەبوونە، بەڵام جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کەوا لە باری رۆشنبیریی و هونەری و زمان و کولتووردا، رادیۆی کوردی لە بەغدا، خزمەتیکی زۆری کوردی کردووە.
ساڵی ٢٠٠٣ وەک زۆر دامەزراوەکانی دیکەی عێراق، بارەگای رادیۆی کوردیش لە بەغدا بووە ئامانجی هێرشەکانی هاوپەیمانان و بۆردوومان کرا و زیانێکی زۆر بەر ئەرشیفەکەی کەوت. ئەوانەی ئاگاداری ئەو رووداوەن، باس لەوە دەکەن، رەوانشاد ئیسماعیل گەیلانی، کە پێشتر وەک بێژەر و پێشکەشکار، تەمەنێکی لەو رادیۆیە بردببوە سەر، لە هەولێرەوە رادەسپێردرێت بۆ ئەوەی بچێت ئەرشیفی رادیۆی کوردی لە بەغدا بهێنێتەوە کوردستان. گەیلانی دەچێتە بەغدا و ئەرشیفێکی زۆر دەهێنێتەوە، بەڵام پرسیاری هەمووان ئەوەیە، کە ئەو ئەرشیفە هەنووکە سۆراخی نییە و بێ سەروشوێنە.
تۆڕی میدیایی رووداو،یەکەم کەناڵی کوردی بوو ئەو بیرەوەرییە هێنیاەوە بەرباس، وەک لە راپۆرتەکەیاندا ئاماژەیان پێکرد"لەو روانگەیەوە ئەو کارە دەکات، کە بە هەردوو دیوی ئەرێنی و نەرێنی، بەو شتانەی کە جێی رەخنە و دەستخۆشین لە تەمەنی ئەو رادیۆیەدا، بەشێکی لە مێژووی راگەیاندنی کوردی."