١٤٠ فلمی سینەمایی لەم هەفتەیەدا نمایشدەکرێن




میترۆ، NRT
ئەمڕۆ خولی سێیەمی فێستیڤاڵی فلمی نێودەوڵەتی سلێمانی دەستپێدەکات و لە ماوەی حەوت رۆژدا ١٤٠ فلمی سینەمایی نمایشدەکرێن.

لە لێدوانێکیدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، مەنسوور جیهانی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فێستیڤاڵی فلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، وتی " لە فێستیڤاڵەکەدا لەماوەی حەوت رۆژدا ١٢٢ فلم لە ٥٢ وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان کردووە نمایشدەکرێن، لەگەڵ ١٨ کورتە فلم بۆ مندڵان کە لە فێستیڤاڵی جونێسی نێودەوڵەتی ئەڵمانی نمایشکراون.

لە چوارچێوەی بەرنامەکانی فێستیڤاڵدا، ١٦ فلمی بڵندی سینەمایی لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵ واتە بەشی سینەمای جیهان و ٧ فلم دیکۆمێنتاری لە بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی و ٤ فلمی بڵندی دیکۆمێنتاری لەدەرەوەی پێشبڕکێ، نمایشدەکرێن، لە بەشی نمایشی تایبەتی فێستیڤاڵ ٤ فلمی دیکۆمێنتاری نمایشدەکرێن، کە یەکێکیان دواهەمین بەرهەمی عەباسی کیا رۆستەمی و فلمێک لەسەر سینەماکاری گەورەی کورد یەڵماز گیونەی نمایشدەکرێت.

لە بەشی پێشبڕکیی سینەمای دیکۆمێنتاری نەتەوەیی ١٢ فلم و ٤٠ فلم لەبەشی پێشبڕکێی کورتە فلمی نێودەوڵەتی و ٢٠ کورتە فلم لەبەشی پێشبڕکیی سینەمای نەتەوەیی(کوردی) لەگەڵ ١٩ فلمی ئەنیمەیشن لەبەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی نمایشدەکرێن.

لە بەشێکی تایبەتی فێستیڤاڵەکدا ١٨ کورتە فلمی منداڵان نمایشدەکرێت کە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی جونێسی ئەڵمانی نمایشکراون و ئەوان سەرپەرشتی دەکەن.

جگە لە نمایشکردنی فلم، لە ناو بەرنامەکانی فێستیڤاڵدا چەند چالاکییەکی رۆشنبیریی تایبەت بەسینەما ئەنجامدەدرێت، سینەماکاری گەورەی ئێرانی مەجیدی مەجیدی  بەناونیشانی "یەک فلم یەک ئەزموون" پانێڵێک رێکدەخات و سەبارەت بە فلمی مندڵانی ئاسمان قسەدەکات، هەروەها نوێنەری ١٠ فێستیڤاڵی جیهانی بۆ ماوەی نێو کاتژمێر لەسەر ئەزموونەکانی خۆیان قسەدەکەن.


رۆژی چوارشەممە (١٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) خولی سێیەمی  فێستیڤاڵی فلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی ده‌ستپێده‌كات و  تا (١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) بەردەوام دەبێت.

لە فێستیڤاڵەکەدا ١٢٢ فلم لە ٥٢ وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان کردووە و لەبەشەکانی فلمی بڵند و کورتە فلم و فلمی ئەنیمەیشن و دیکۆمێنتاری، کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵاتەکانی (باشترین فلم، باشترین سیناریۆ، باشترین دەرهێنان، باشترین سینەماتۆگرافی، باشترین ئەکتەری کوڕ، باشترین ئەکتەری کچ، خەڵاتی دادوەران) دەکەن.

ئەو فلمە بەناوبانگانەی جیهان کە ٢٠١٨ بەرهەمهاتوون و لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا خەڵاتیان بردووە، بۆیەکەمجار لە عێراق لە سێیەمین فێستیڤاڵی فلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی نمایشدەکرێن.

چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە لە هەریەک لە هۆڵەکانی "تەلاری هونەر، سیتی سینەما، سینەما سالم، لەشاری سلێمانی لە کاتژمێر ١٠ ی بەیانی بۆ کاتژمێر ١٢ ی شەو بەڕێوەدەچن.




AM:10:50:10/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌