تۆمەتباری دەستدرێژی سێكسی و كوشتنی رۆژنامەنوسە بولگاریەكە دەستگیركرا





میترۆ، رادیۆ نه‌وا 
پۆلیسی بولگاریا بڵاویكردەوە، ئەو كەسەی تۆمەتبارە بەدەستدرێژی سێكسی و كوشتنی "ڤیكتۆریا مارینۆڤا"ی رۆژنامەنوسی وڵاتەكەیان، دەستگیركراوە.

لەبارەی ئەو پێشهاتەوە، كەناڵی تەلەفزیۆنی NOVAی بولگاری بڵاویكردۆتەوە، دوای ئەوەی شیكاری بۆ جەستەی ڤیكتۆریا كراوە، لە رێی ترشی DNAیەوە كەسێك دۆزراوەتەوە و گومان لەكەسەكە كراوە، دوای دەستگیركردنیشی دەركەوتوە DNAیەكە %100 هاوشێوەیە.

رۆژنامەكانی بولگاریاش لەزاری هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیەی شاری "روسی" كە رۆژنامەنوسەكەی تێدا كوژراوە، بڵاویانكردۆتەوە، ئەو تۆمەتبارە دەناسن و لەدایكبووی ساڵی 1997ە. پۆلیسی وڵاتەكەش پێشتر ئاشكرایكردبو، مۆبایلی رۆژنامەنوسە كوژراوەكەیان لەخانویەكی ناوچەكەدا دۆزیوەتەوە، بەڵام جارێ‌ نازانرێت خانوەكە موڵكی كێیە.

ڤیكتۆریا مارینۆڤای تەمەن 30 ساڵ یەكێك بوو لەرۆژنامەنوسە دیارەكانی بولگاریا و دوای ئەوەی دەستدرێژی سێكسی دەكرێتەسەری و ئەشكەنجە دەدرێت، دەكوژرێت و تەرمەكەی فڕێدەدرێتە باخچەیەك لەشاری "روسی" كە شوێنی لەدایكبوونی خۆیەتی.
بەهۆی هەستیاری ئەو بەرنامەیەشی پێشكەشی دەكرد، كە ئاشكراكردنی گەندەڵی سەرمایەدارەكان و كەسایەتییە سیاسییەكانە، هۆكاری كوشتنەكەی بۆ پیشەكەی دەگەڕێنرێتەوە.



AM:10:58:10/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌