سی ئێن ئێن: سعودییە خۆی ئامادە دەکات بۆ دانپێدانانی کوژرانی خاشقچی بە ڕێگەی هەڵە





میترۆ،NRT

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن ئەمشەو دووشەممە (١٥-١٠-٢٠١٨) ئاشکرایکرد، سعودییەکان لە ئامادەکاریدان بۆ دانپێدانانی کوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی دیاری ئەو وڵاتە بە ڕێگەی هەڵە.

سێ ئێن ئێن لە هەواڵێکی بەپەلەدا بڵاویکردەوە "سعودییەکان لە ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکدان بۆئەوەی دانبنێن بە کوژرانی ڕاگەیاندنکار جەمال خاشقچی بە هەڵە لەکاتی لێکۆڵینەوەدا."

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕاپۆرتەکەی سعودییە پێدەچێت باس لەوە بکات کە کوشتنی خاشقچی بەبێ ڕێگەپێدان بووە و ئەوانەش کە لە کارەکەوە تێوەگلاون لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

لەلایەکی ترەوە نوسینگەی داواکاری گشتی تورکیا بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندووە، بەگوێرەی پشکنیینە سەرەتاییەکانی ناوخۆیی کونسوڵخانەی سعودییە لە ئەستەنبوڵ، بەڵگەی دیار دەستکەوتوون لەسەر کوژرانی جەمال خاشقچی، هەرچەندە هەوڵی سڕینەوەشی دراوە.

بەگوێرەی لێدوانەکەی داواکاری گشتیی تورکیا، بەڵگەیان دەستکەوتووە، پشتیوانی لەوە دەکات کە خاشقچی ڕووبەڕووی تاوانی کوشتن بووەتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە (١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) ئاشکرایکرد، لەگەڵ شا سەلمان پادشای سعودییە سەبارەت بە دۆسیەی دیارنەمانی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعودی لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە تورکیا قسەی کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بەپەلە ڕەوانەی سعودییە دەکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پادشای ئەو وڵاتە دەربارەی دۆسیەی خاشقچی.

ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، پادشای سعودییە پێی ڕاگەیاندووە کە سعودییەکان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا کاردەکەن سەبارەت بەو دۆسیەیە.

 

لەلایەکی ترەوە میدیاکانی سعودییە بڵاویانکردەوە، شا سەلمان فەرمانیکردووە بە داواکاری گشتی ئەو وڵاتە بۆ کردنەوەی دۆسیەیەک سەبارەت بە دیارنەمانی جەمال خاشقچی.

سەرچاوەیەکی دیپلۆماتی تورکیی ئاشکرایکرد، تیمێکی هاوبەشی تورکی سعودیی پێکهێنراوە بۆ پشکنینی کونسوڵخانەی سعودییە لە ئەستەنبوڵ بۆ لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی خاشقچی.

ئەوە لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو، ئەگەر دەرکەوت خاشقچی لە کونسوڵخانەی سعودییە کوژراوە، ئەوا دەبێت ڕیاز چاوەڕوانی سزایەکی قورس بکات.

لە ڕۆژی ٢ی ئەم مانگەوە جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی دیاری سعودیی سەردانی کونسوڵخانەی وڵاتەکەیی کردووە لە ئەستەنبوڵ و لەو ڕۆژەوە بێسەروشوێنە، دیارنەمانی بووەتە بابەتێکی گەرمی میدیا عەرەبی و جیهانییەکان و سەرۆکی بەشێک لە زلهێزەکانی جیهان قسەیان لەسەر ئەو بابەتە کردووە.


AM:10:40:16/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌