حەقیقەت هەرگیز نامرێت



2ی تشرینی‌ دووهه‌می‌ 2018: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان لە رۆژی جیهانی كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا داوا دەكات كەیسی رۆژنامەنوسانی تیرۆركراو بكرێتە ئەجێندای حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان، بە ئاشكرا سەركۆنەی ئەو تاوانانە بكات‌و ‌وسەرلەنوێ لێكۆلێنەوە لەو كەیسانەدا بكاتەوە. 

كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2013وە رۆژی 2ی تشرینی دوهەمی دیاریكردوە وەك رۆژی جیهانی كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لەو تاوانانەی بەرامبەر رۆژنامەنوسان دەكرێت و داوای لە دەوڵەتانی ئەندام كردوە رێوشوێنی دیاریكراو بۆ بەرگرتن لە بڵاوبونەوەی فەرهەنگی دەربازبونی تاوانباران لە سزا بگرنە بەر.

بە پێی ئامارەكانی كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنووسان ( یەكێكە لە شەریكەكانی میترۆ) كە دوێنێ بڵاویكردۆتەوە، لە دە ساڵی رابردودا 324 رۆژنامەنوس لە سەرتاسەری جیهاندا تیرۆر كراون، لەو ژمارەیە 85% بكەرانی ئەو تاوانانە دەربازییان بووە لە سزاو بكوژانی ئەو رۆژنامەنووسانە ئازادن‌و دەستی عەدالەت پێیان نەگەیشتوە.

سەنتەری میترۆ وەك ئەندامێكی كەمپینی جیهانی بۆ كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لە تاوانەكانی دەرهەق بە رۆژنامەنوسان، سبەینێ لە بەیروتی پایتەختی لوبنان و بە سەرپەرشتی یونسكۆ و هاوبەشی كۆمەڵێك لە رێكخراوی نێودەوڵەتی، بەشدار دەبێت لە رێكسختنی پێشانگایەك بۆ رۆژنامەنوسانی تیرۆركراو لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ‌و باكوری ئەفریقیا.

لەو پێشانگایەدا وێنەو ژیاننامەی رۆژنامەنوسانی تیرۆركراو لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی تری عێراق، بڵاودەكرێتەوەو بە ئامادەبونی میدیا عەرەبی و جیهانییەكان ،بەیاننامەیەكی هاوبەشی رێكخراوی IMS، GCHR، دامەزراوەی MAHARAT، MPA، رێكخراوی بەندی 19، تۆڕی عەرەبی بۆ زانیارییەكانی مافی مرۆڤ، سەنتەری METRO، CPJ پێشكەش دەكرێت.

لەم رۆژەدا سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت دەربازبوون لە سزا لە تاوانەكانی كوشتن شیرازەی كۆمەڵگا تیكدەدات‌ ‌و ژینگەیەكی داخراو بە رووی زانیاری دەخوڵقێنێت، متمانەی هاوڵاتیانیش بە سیستەمی دادەوەری ناهێڵێت. 

میترۆ داوا دەكات ژینگەیەكی ئارام بۆ رۆژنامەنوسان برەخسێت‌و "كەیسی رۆژنامەنوسانی تیرۆركراو بكرێتە ئەجیندای حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان،كابینەی تازەش بە ئاشكرا سەركۆنەی ئەو تاوانانە بكات‌و ‌وسەرلەنوێ لێكۆلێنەوە لەو كەیسانەدا بكات"

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.

تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە، لە 2013 وە رێكخراوی IMS دانماركی پاڵپشتی دەكات، سێ جار بە شێوازی دەنگدانی دیموكراتی بەڕێوەبەر دەستەی كارگێڕی هەڵبژێرداوە.
میترۆ 7 راپۆرتی ساڵانەی سەبارەت بە رەوشی ئازادی میدیا لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە. بۆ ساڵی 2018 بە پاڵپشتی IMS سەرقاڵی راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستاندا.
پەیوەندی بە سەنتەری میترۆ
بۆ زمانی كوردی: 07700004147
بۆ زمانی عەرەبی : 07701528887


AM:12:03:02/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌