میترۆ و دامەزراوەی میدیایی نالیا: بەبێ ئازادی میدیا دەسەڵات لە لێپرسینەوە دەربازی دەبێت



میترۆ، سلێمانی‌ 

سەنتەری میترۆ و دامەزراوەی میدیایی نالیا لەسەر ئەوە كۆكبوون كە جیبەجێنەكردنی یاسا و سزانەدانی تاوانباران لە كەیسی تیرۆركردنی رۆژنامەنوسان و سوتان و پەلاماردانی كەناڵەكانی راگەیاندن هەوڵێكی دەسەڵاتدارانەیه‌ تا رۆژنامەنووسان دەست نەبەن بۆ مەسەلە هەستیارەكانی وەك گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات.

ئەمڕۆ سێ شەممە، سەرۆكی دامەزراوەی میدیای نالیا سەردانی سەنتەری میترۆی كرد، لەگەڵ بەڕێوەبەر و هەندێك لە ئەندامانی بۆردی سەنتەری میترۆدا کۆبوەوە.

رۆژنامەنوس ئاوات عەلی، لە سەرەتای دامەزراندنی سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009، چەندین بەرپرسیارێتی وەرگرتوە لە سەنتەری میترۆدا وەك، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ و سەرۆكی بۆردی سەنتەری میترۆ، سەرنجەكانی سەبارەت بە راپۆرتی ساڵی 2018 كە بڕیارە لە سەرەتای 2019 بڵاوبكرێتەوە خستە روو .

لەو دیدارەدا هەردولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی فشارو شاردنەوەی زانیاری لە رۆژنامەنوسان و دەزگاکانی راگەیاندن هەوڵێكی دەسەڵاتدارانە بۆ دەربازبونیان لە لێپرسینەوە.

هەروەها جەختكرایەوە كە جیبەجێنەكردنی یاسا و سزانەدانی تاوانباران لە كەیسی تیرۆركردنی رۆژنامەنوسان و سوتان و پەلاماردانی كەناڵەكانی راگەیاندن هەوڵێكی دەسەڵاتدارانە تا رۆژنامەنووسان دەست نەبەن بۆ مەسەلە هەستیارەكانی وەك گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات.

لە کۆبونەوەکەدا تیشك خرایە سەر توندوتیژیەكانی ئەمساڵ و ئەو مەترسیانەی روویان لە ئازادی میدیا كردوە هەردولا داوایان كرد گرژییە سیاسییەكان، نەبنە مایەی هەڕەشە، هەراسانكردن، لێدان، گرتنی رۆژنامەنوسان و پەلاماردانی دامەزاوەكانیان تا میدیاكاران بتوانن بێ ترسی تۆڵەلێكردنەوە كاربكەن، تەنانەت ئەگەر بێت و لێكۆڵینەوە لەگەندەڵی و مەسەلە هەستیارەكانی تریش بكەن.

لەو سۆنگەوە سەنتەری میترۆ و دامەزراوەی میدیای نالیا داوایان كرد ئاستەنگەكانی بەردەم یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری لاببرێن، جەختیان كردەوە: پێدانی زانیاری و بڵاوكردنەوەی دەبنە فراوانكردنی بەشداری هاوڵاتیان‌ و میدیاو رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بۆ بەهێزكردنی پرەنسیپی شەفافیەت‌و لێپرسینەوەو بەرەنگاربونەوەی دیاردەی گەندەڵی.


PM:04:53:04/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌