وتاری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ له‌ پێجه‌مین ساڵیادی‌ شه‌هیدی‌ قه‌ڵه‌م كاوه‌ گه‌رمیانی‌



بەڕێزان رێكخەرانی مەراسیمی یادی رۆژنامەنوسی شەهید كاوە گەرمیانی 
ئامادەبووانی بەڕێز

سەنتەری میترۆ لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا كە چاودێری رەوشی ئازادی میدیا دەكات بەو ئەنجامە گەیشتووە كە جیبەجێنەكردنی یاسا و بارودۆخی سزانەدانی تاوانباران وایانكردووە ژینگەی كاری رۆژنامەنوسان مەترسیدار بێت و بەردەوام زەمینەیەكی لەبار هەبێت تا تۆمەتبارانی توندوتیژی و بكوژانی رۆژنامەنوسان دەربازیان بێت لە سزا، رۆژنامەنوس كاوە گەرمیانی یەكێكە لە كەیسە دیارەكانی ئەم دیاردەیە.

ئێمە لە كاتێكدا یادی كاوەی هاوڕێ و هاوكارمان دەكەینەوە كە میدیای سەربەخۆ لە مەترسیدایە. هەڕەشەو و لێدان و هەراسانكردن‌و دەسبەسەرگرتنی رۆژنامەنووسان بەردەوامی هەیە.

سەرباری ئەمانەش بەهۆی زۆری داوای یاسایی بەرپرسان كە داوای قەرەبووی پارەیەكی زۆر دەكەن، تاكو رۆژنامەنووسان سانسۆر لەسەر خۆیان پیادەبكەن و بەپێی پێویست راپۆرت لەسەر مەسەلە هەستیارەكانی وەكو گەندەڵی كەمتر ئامادە دەكەن.

بەڕێزان لەم وڵاتەدا كە یادی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی تێدا دەكەینەوە ، دەیان ووڵاتان و هەزاران رێكخراوی نێودەوڵەتی و كەسایەتی سیاسی گرنگی دونیا چاویان لەوە بوو هەرێمی كوردستان ببێتە مەشخەڵێكی دیموكراسی، بەڵام پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ‌و سەروەرنەبونی یاسا و تەشەنەكردنی گەنەدڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات ئەو قەناعەتەی لاوازكرد.

بۆیە دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان نیشانیبدەن كە ویستی سیاسیان بۆ بەرزراگرتنی دەسەڵاتی یاسا هەیە و هەروەها چارەسەری ئەو هێرشانەبكەن كە كراونەتە سەر رۆژنامەنووسان، هەروەها رۆژنامەنووسان دەبێت بتوانن بێ ترسی تۆڵەلێكردنەوە كارەكانیان ئەنجامبدەن، تەنانەت ئەگەر بێتوو لێكۆڵینەوە لەگەندەڵی و مەسەلە هەستیارەكانی تریش بكەن.

میترۆ لەم یادەدەا سەلەنوێ داوای لێكۆڵینەوە لە كەیسی رۆژنامەنوسی تیرۆركراو كاوە گەرمیانی‌و سەرجەم رۆژنامەنوسانی تیرۆركراو دەكەینەوە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە بە سزای یاسایی بگەن.

هەروەها داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین هاوپشتی زیاتری ئازادی رۆژنامەنوسی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بكەن و لەگەڵ حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كار بكەن بۆ كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزاو باشتركردنی یاساكان و ئەو میكانزیمانەی كە كاریان گەرەنتیكردنی سەلامەتی رۆژنامەنووسان و ئازادی راگەیاندن و مافی دەسكەوتنی زانیارییە.


AM:11:01:06/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌