بە سپۆنسەری دامەزراوەی‌ میدیای نالیا دیداری نێوان پزیشکان و میدیاکاران به‌ڕێوه‌چوو




میترۆ
به‌مه‌به‌ستی‌ هامئاهه‌نگی‌ زیاتر و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌كانی‌ نێوان پزیشك و هاوڵاتیان به‌یانی‌ ئەمڕۆ بە سپۆنسەری دامەزراوەی‌ میدیای نالیا له‌ هۆتێل تایتانیك دیداری نێوان پزیشکان و میدیاکاران لە سلێمانی بەڕێوەچوو. 


له‌و دیداره‌دا ئاوات عەلی سەرۆکی‌ دامەزراوەی‌ میدیای نالیا ل ڕایگەیاند، دەبێت پزیشکان میدیاکان بەکاربهێنن بۆ گەیاندنی ڕێنماییەکان بە هاوڵاتیان.

سەرۆکی‌ دامەزراوەی‌ میدیای نالیا ڕاشیگەیاند، هەندێک جار پزیشکان گلەیی لە میدیاکان دەکەن کە بوونەتە هۆی ناشرینکردنی  کاری پزیشکی کە ئەمەش وانیە، چونکە کاری میدیا گواستنەوەی‌ هەواڵە بۆ هاوڵاتیان و بۆ نمونە کاتێک لە نەخۆشخانەیەک کەسێک لە نەشتەرگەرییەک گیانلەدەستدەدات و میدیا دەیکات بە هەواڵ  پزیشکەکان لە بری ئەوەی‌ لە ڕێگەیەکی‌ یاسایی و ئاساییەوە کەسوکاری نەخۆشەکە تێبگەیەنن کە ڕێژەی‌ سەرکەوتووی ئەم نەشتەرگەرییە ٢٠ % بووە و خۆتان واژۆتان کردووە، دێن هەوڵدەدەن میدیا هەواڵەکە بسڕێتەوە کە ئەمەش هەڵەیە".

ئاوات عەلی  ئەوەشی وت، "تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان هیچ کەسێک لە سەر هەڵەی پزیشکی‌ مۆڵەتی پزیشکی‌ لێ وەرنەگیراوە و دەکرێت لەم بارەوە سەندیکای پزیشکان چالاکتربن  و کاتێک کە پزیشکێک هەڵەیەکی‌ پزیشکی‌ دەکات لیژنەیەک ئەم هەڵەیە بۆ خەڵک ڕوونبکەنەوە بۆ ئەوەی‌ خەڵکی متمانەی‌ بە پزیشکان لەدەستنەدات و ناکرێت بە هۆی هەڵەی چەند پزیشکێکەوە کە کارەکەیان کردووە بە بازرگانی سەرجەم پزیشکانی تر باجەکەی‌ بدەن".

ئەوەشی وت، کاتێک ڕێژەی‌ سەرکەوتنی‌ نەشتەرگەرییەکان کەمە، بۆ نمونە ٢٠% ئەوا دەبێت پێشتر بە باشی کەسوکاری نەخۆشەکە لەوە تێبگەبەندرێن، بۆ ئەوەی‌ لایان ڕوونبێت، کاتێک نەخۆشەکە گیانلەدەستدەدات بەو شێوەیە کاردانەوەیان نەبێت.

ئاوات عەلی ئەوەشی وت، ئێمەی‌ میدیاکاران هاوکاری پزیشکان دەبین بۆ پێشکەشکردنی‌ خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان کە مەبەستی‌ هەردوولامانە و بە هەردوولاش دەبێت رێگە لەو کەس و پزیشکانە بگرین کە کاری پیرۆزی پزیشکیان کردووە بە بازرگانی‌ و ڕێزی گیانی‌ نەخۆش ناگرن.

ئەمەش لە کاتێکدایە  لە ماوەی‌ ڕابردوودا  لە هەرێمی‌ کوردستان  چەندین هەڵەی پزیشکی‌ ڕوویداوە و بەو هۆیەوە  کێشەی‌  یاسایی و کۆمەڵایەتی‌ دروستبووە و چەندین جار کەسوکاری نەخۆشەکان هێرشیان کردووەتە سەر پزیشک و نەخۆشخانەکان.


PM:01:00:09/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌