میترۆ،NRT
بەهۆی رەخنەگرتن لە نەخۆشخانەی بەخشین، بەرهەم ساڵح رۆژنامەنوس و کارمەندی کەناڵی ئێن ئاڕ تی دەستبەسەرکرا و سەنتەری میترۆش داوای ئازادکردنی دەکات.
دڵشاد عەبدولرەحمان خاڵی بەرهەم ساڵح بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەرهەم لەلایەن بنکەی پۆلیسی برایم ئەحمەدەوە دەستبەسەرکراوە و پێشیانڕاگەیاندوین پێدەچێت تا ١٧ی ئەم مانگە ئازاد نەکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانی بەرهەمی کردووە و تەندروستی زۆرباشە.
لە لیدوانێکی تایبەتدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی دیار حاجی محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند، "بەپێی دەستوری عێراق و یاساکانی هەرێمی کوردستان مافی رادەربڕین بۆ هەموو کەسێک پارێزراوە و ئەوانەی دەیانەوێت ئازادی رادەربڕین کۆتوبەند بکەن خەیاڵیان خاوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بە پەرلەمانیشەوە لاوازن و تەنها میدیاکاران دەتوانن چاودێری دامودەزگا و ناوەندە خزمەتگوزارییەکان بکەن بۆیە هەر لایەنێک بیەوێت چاودێری لەسەر نەبێت مانای ئەوەیە کە رێگە بە بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی گەندەڵی دەدات.
دیار حاجی محەمەد راشیگەیاند، "سەنتەری میترۆ پشتیوانی لە رۆژنامەنوس بەرهەم ساڵح دەکات و ناوبراو کەسێکە کە بەپێی پێگەکەی ئەگەر زانیاری ڕاست و دروستی نەبێت بڵاویناکاتەوە، ئیتر بۆ دەبێت رۆژنامەنوسیک لەسەر زانیاری ڕاست بدرێت بە دادگا؟!"
بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ داوای لەو لایەنە کرد کە سکاڵای یاسایی دژ بە بەرهەم ساڵح تۆمارکردووە، سکاڵاکەی بکشێنێتەوە و لەبری دادگا پەنا بۆ وەڵام و روونکردنەوە ببەن نەک دادگاکان. هەروەک داواشیکرد بە زووترین کات بەرهەم ساڵح ئازاد بکرێت.
لە ماوەی رابردوودا بەرهەم ساڵح رۆژنامەنوس و کارمەندی کەناڵی ئێن ئاڕ تی پۆستێکی رەخنەئامێزی سەبارەت بە شێوازی کارکردن و ئیدارەی نەخۆشخانەی بەخشین لە سلێمانی بڵاوکردبووەوە.