سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان داوایەک ئاڕاستەی ڕۆژنامەنووسان دەکات





میترۆ
لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکات بۆ گەیاندنی بیروبۆچوونەکانیان، کەناڵە فەرمییە مۆڵەتدارەکان بەکاربهێنن و ڕێگا نەدەن هیچ لایەنێک کەیسەکانیان بە لاڕێدا ببات.

لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە (١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨) لە بەیاننامەیەکدا داوای لە ڕۆژنامەنووسان کرد بۆ گەیاندنی بیروبۆچوونەکانیان کەناڵە فەرمییە مۆڵەتپێدراوەکان بەکاربهێنن، نەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێگاش بە هیچ کەسێک نەدەن بۆ مەبەستی تایبەتیی کەیسەکانیان بە لاڕێدا ببەن و کێشەکانیان ئاڵۆزتر ببن.

سەندیکای ڕۆژنامەنووسان داوا لەو ڕۆژنامەنووسانەش دەکات کە ئەندامی سەندیکاکەیان نین، ئەگەر کەیسەکانیان پەیوەستبوون بە کاری میدیاییەوە سەندیکا و نوێنەری یاساییان ئاگاداربکەنەوە تا بەدواداچوون بۆ کەیسەکانیان بکەن.

سەندیکاکە داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکات لەکاتی بڵاوکردنەوەی زانیاریی و بابەتەکانیاندا ڕەچاوی هەردوو یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی و یاسای بەدەستهێنانی زانیاریی بکەن، بۆئەوەی تووشی گرفت نەبن.

لقی سلێمانی سەندیکاکە لە کۆتایی بەیاننامەکە ئاماژە بە زۆری کەیسەکان دەکات کە زۆرترە لە توانای ئەوان بۆ چاودێریکردنیان و هاوکاریکردنی ڕۆژنامەنووسان.

ئەم بەیاننامەیە لەکاتێکدایە کە ڕۆژنامەنووس بەرهەم ساڵح بەهۆی بڵاوکردنەوەی پۆستێکەوە لەسەر نەخۆشخانەی بەخشین، لەلایەن نەخۆشخانەکەوە داوای یاسایی لەسەر تۆمارکرا و و پاش دەستبەسەرکردنی بۆ چەند ڕۆژێک، ئەمڕۆ ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ بە کەفالەت ئازادکرا.


AM:11:14:12/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌