كۆتوبەنكردنی چالاكی مەدەنی لە هەڵكشانە ئاسایش دەیان چالاكوانی مەدەنی و سیاسی دەسبەسەر دەكات




سلێمانی، 12ی كانونی دووهەمی 2019: سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت فەرز كردنی كۆت‌و بەند لەسەر فەزای مەدەنی هەوڵێكی شكستخواردووی هێزە ئەمنییەكانە بۆ بێدەنگكردنی خەڵك لە ئاست ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر بە مافی مرۆڤ دەكرێت.

سەنتەری میترۆ بە نیگەرانییەوە چاودێری ئەو هەڵمەتە دەكات كە بە شێوەیەكی فراوان لە شارەكانی سلێمانی‌و كەلارو قەڵادزێ دەستیپێكردوە، دەیان چالاكوانی مەدەنی‌و هەڵسوڕاوی سیاسی دەسبەسەركراون، هەندێكیان بە كەفالەت ئازادكراون‌و ئەوانی تر جارێ دەسبەسەرن.

هێزە ئەمنییەكان لەو شارانەدا هەڵدەكوتنە سەر هەر چالاكییەكی مەدنی كە پەیوەندیدارە بە هێزانەی دژایەتی حكومەتی توركیا دەكەن، خۆپیشاندان‌و گربونەوەی لەو چالاكوانانە قەدەغەكردوە، تا كار گەیشتە داخستنی هۆڵی سینما سالم لە شاری سلێمانی.

هێزە ئەمنییەكان بە فەرمانی "سەروخۆیان" هۆڵ‌و و پاشان سیناماكەیان داخست، كە نیازی بوو فلمێك نمایش بكات‌و كە چیرۆكی تیرۆكردنی سەكینە چانسز‌و هاوڕێكانی دەگێڕایەوە.
رۆژی هەینیش لەكاتی بەڕێوەچوونی چالاكییەكی تری مەدەنی لە ناو پاركی ئازادی شاری سلێمانی دەیان چالاكوانی مەدەنی و رۆژنامەنوس‌و هەڵسوڕاوی سیاسی دەسبەسەرن.

رەفتاری سەركوتكردنی چالاكی مەدەنی لە شوێنێكی وەك پاركی ئازادی و "سەكۆی ئازاد" كە بیرۆكەی مام جەلال بوو بۆ فراوانكردنی پانتایی رەخنەگرتن تا دەگاتە "جوێندان بە خۆی"، هەموو ئەوانەی كە رۆژانە باس لە "رێبازی مام" دەكەن، دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی.

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت فەرز كردنی كۆت‌و بەند لەسەر فەزای مەدەنی هەوڵێكی شكستخواردووی هێزە ئەمنییەكانە بۆ بێدەنگكردنی خەڵك لە ئاست ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر بە مافی مرۆڤ دەكرێت، داواش دەكات دەسبەجێ دەسبەسەركراوەكان بە بێ مەرج ئازاد بكرێن.

سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی IWPR دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستانی عێراق.
میترۆ بە پێی یاسای رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 2011 دامەزراوەو مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.
بڕیارە لە كۆتایی ئەم هەفتەیە هەشتەمین راپۆرت سەبارەت بە رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی بۆ ساڵی رابردوو رابگەینین.
پەیوەندی
بەڕێوەبەری سەنتەر: 07700004147
پێگەی ئەلیكترۆنی: www.metroo.org
ئیمیل: metrocenter2009@gmail.com


PM:02:00:12/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌