ئاوات عەلی: ئێن ئاڕ تی کەناڵی هەموو خەڵکە و لە حزب و خودی شاسوار عەبدولواحیدیش گەورەترە





میترۆ، NRT
حەوت ساڵ و ١١ مانگ بەسەر دەستپێکی‌ یەکەمین پەخشی‌ کەناڵی‌ ئێن ئاڕ تیدا تێدەپەڕێت وەکو دامەزراوەیەکی‌ میدیایی ئەهلی‌ و ئازاد، کە سەربە کەرتی‌ تایبەتی‌ بوو و، تا ئێستاش کۆمپانیای نالیا پشتیوانیی دارایی کەناڵەکە دەکات.

ئێن ئاڕ تی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە دوانگەی‌ هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان بووە و ڕا و بۆچوونی‌ هەموو لایەکی پەخشکردووە، بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و خەڵک و کۆمەڵگای مەدەنی و هەموو ئەو کاراکتەرانەی کە لە میدیاکانی دیکەدا دەرکەوتنیان قەدەغەبوو.

ئاوات عەلی‌ سەرۆکی‌ دامەزراوەی‌ میدیایی نالیا دەڵێت، لە ئێستادا ئێن ئاڕ تی هەمان کەسی‌ پێشوو پشتیوانیی دارایی دەکات، کە شاسوار عەبدولواحیدە، بەڵام هێشتا میدیایەکی فرە ڕەنگە و وەکو کۆمپانیایەکی ئەهلی ماوەتەوە، هەموو لایەن و حیزبەکان تێیدا جێیاندەبێتەوە و دەردەکەون.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، خەڵکانێک لە ئێن ئاڕ تییەوە دەردەکەون کە شەو و ڕۆژ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانی دیکەوە جنێوی ناشیرین دەدەن بە بەرپرسانی‌ دامەزراوەکە و، ئەو کەسەی‌ کە پشتیوانیی دارایی کەناڵەکە دەکات، کەچی‌ هێشتا دەرکەوتنی‌ ئەو کەسانەش هێڵی‌ سور نییە و ناخرێنە لیستی ڕەشەوە و دوای ڕەخنەکانیشیان، جارێکی دیکە لە شاشەی‌ ئێن ئاڕ تی‌ دەردەکەونەوە.

ئاوات عەلی‌ دەشڵێت، ئێن ئاڕ تی دوو ڕۆژ لەسەر یەک خۆپیشاندانی پارتی دژ بە خوشکی خاوەنی کەناڵەکەی‌ بە ڕاستەوخۆیی گواستەوە، کە لەو خۆپیشاندانەدا خەڵکانێک لەبەردەم مایکی‌ ئێن ئاڕ تیدا قسەی ناشیرینیان بە خوشک و خێزان و بنەماڵەی خاوەنی کەناڵەکە دەوت، بەڵام ئێن ئاڕ تی ئەو قسانەی‌ وەکو خۆی‌ پەخشکرد.

سەرۆکی‌ دامەزراوەکە دەڵێت، پرسیارەکە ئەوەیە، چ کەناڵێک ڕێگە دەدات قسە بەو کەسە بوترێت کە پاڵپشتی‌ دارایی کەناڵەکەی‌ دەکات و وشە و جنێوی‌ نەشیاو بە کەسوکار و بنەماڵەکەی‌ بوترێت.

سەرباری‌ ئەو هەموو شانازییەی‌ ئێن ئاڕ تی‌ لە ماوەی‌ هەشت ساڵی‌ کارکردنیدا هەیبووە، لە ئێستاشدا کەناڵەکە چەندین تایبەتمەندیی هەیە، کە لە کەناڵە کوردییەکانی‌ دیکەی‌ جیادەکاتەوە لەوانە:

١- ئێن ئاڕ تی تاکە کەناڵە کە لیستی ڕەشی نییە و هەمووان دەتوانن بێن لەو شاشەیەوە دەرکەون، تەنانەت ئەو کەسانەشی ڕۆژانە بە هەموو شێوەیەک جنێوی ناشیرینیش بە بەرپرسانی‌ دامەزراوەکە دەدەن.

٢- ئێن ئاڕ تی تاکە کەناڵە کە هەموو حزبەکانی تێدا دەردەکەون، هیچ کەناڵێک نییە لە هەرێمدا جگە لە ئێن ئاڕ تی، ڕووماڵی هەواڵی نەوەی نوێ بکات کە سەدان هەزار دەنگی هێناوە، بەڵام ئێن ئاڕ تی ڕووماڵی هەواڵی هەموو حزبەکان دەکات و نوێنەری هەموویان دەهێنێتە سەر شاشە.

٣- ئێن ئاڕ تی تاکە کەناڵە کە زۆرترین خەڵکی تێدا دەردەکەوێت، واتە کەناڵی خەڵکە، نەک دەستەبژێر و سیاسییەکان.

٤- ئێن ئاڕ تی هەواڵ و ڕووداو دەگوازێتەوە لە هەموو لایەکەوە، هەروەها بەرگری‌ لە پرسێکی‌ ئەخلاقی دەکات، کە نەهێشتنی‌ حوکمی بنەماڵە و پتەوکردنی دیموکراسی و بونیادنانی وڵاتی دامەزراوەییە، بەڵام کەناڵەکانی دیکە کاردەکەن بۆئەوەی بنەماڵە پارێزراوبێت و زۆرترین کات لەسەر حوکمی‌ وڵات و حزب بمێننەوە.

٥- کەناڵەکانی دیکە بە پارەی دەوڵەت و حکومەت و موچەی خەڵکی‌ بەڕێوەدەبرێن، لەپێناو ئەوەی خزمەتی حزبێکی دیاریکراو یان بنەماڵەیەک بکات، کە زۆرترین ماوە حوکم بکەن، بەڵام ئێن ئاڕ تی بە پارەی بزنس کە کەسێک دەستیکەوتووە و دەیتوانی بەو پارەیە ژیانی‌ تایبەتی‌ خۆی‌ خۆشتر بکات، بەڵام ئەوەی نەکردووە و پشتیوانی دارایی ئێن ئاڕ تی‌ دەکات بۆ نەهێشتنی‌ حوکمی بنەماڵە و نادادپەروەری و دروستکردنی‌ حوکمی دامەزراوەیی بۆ وڵات.

ئاوات عەلی‌ ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە ئێن ئاڕ تی لە نەوەی نوێ و حزب گەورەترە، لە خودی شاسوار عەبدولواحیدیش گەورەترە، بینەرانی ئەو کەناڵە دەگەڕێنەوە بۆ ساڵی ٢٠١١ و بۆ نزیکەی‌ ٨ ساڵ پێش دروستبوونی نەوەی نوێ. ئەو کەناڵە کە دەیان ڕۆژنامەنووس قوربانییان دا و تەقە لە شاسوار عەبدولواحید کرا و کەناڵەکە ٦٨ ملیۆن دۆلاری تێدا سەرفکراوە، دەشڵێت ڕێگە نادەن ئێن ئاڕ تی‌ بچووکبکرێتەوە بۆ کەناڵی حزب و تاکە کەس.

سەرۆکی‌ دامەزراوەکە دەشڵێت، نەوەی نوێش وەکو حزبەکانی‌ دیکە لە ئێن ئاڕ تییەوە دەردەکەون و ڕوماڵی‌ چالاکییەکانیان دەکرێت، لەکاتێکدا هەموو کەناڵەکانی دیکە هێڵی سوریان بۆ سەر نەوەی نوێ هەیە، هەربۆیە دەرکەوتنی‌ ئەو حزبە لە کەناڵەکەوە مانای ئەوە نییە کە ئێن ئاڕ تی گۆڕاوە بۆ کەناڵێکی تەواو حزبی، بەڵکو هێشتا تاکە کەناڵە کە هەموو حزب و کەسایەتی و هاووڵاتییان تێیدا دەربکەون و تەنانەت بە مایکی‌ کەناڵەکەش دژی ئەو لایەن و کەسە قسە دەکەن، کە پشتیوانی دارایی ئێن ئاڕ تی دەکات.


AM:10:03:19/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 1384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌