وتاری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ لە پێشوازی 3ی ئایاردا





میترۆ
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنج‌شەممە سه‌نته‌ری میترۆ و رێكخراوی گه‌شه‌پێدانی مه‌ده‌نی مه‌راسیمی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامه‌نوس رێكخست و توێژینه‌وه‌یه‌كیش به‌ ناوی " پڵنگی سه‌ر كاغه‌ز" بلاَوكرایه‌وه‌.

له‌و مه‌راسیمه‌دا ره‌حمان غه‌ریب رێكخه‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكی‌ له‌مافی‌ رۆژنامه‌نووسان وتاره‌ی‌ میترۆی‌ خوێندنه‌وه‌ و وتی‌" بە داخەوە سەرباری هەوڵی زۆرو فشاری مەدەنی تا ئێستا هەرێمی كوردستان وعێراق ژینگەیەكی لەبارە بۆ دەربازبونی كارەكتەرەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە میدیاكاران، وەك چۆن بكوژانیش دەستی یاسا نایانگاتێ". 

هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌دا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌، لە كاتێكدا ئەم مەراسیمە رێكدەخەین، لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش هێرش بۆ سەر میدیا و میدیاكاران بەردەوامە، بە بێ ئەوەی هیچ ئیجرائاتێكی پێویست هەبێت بۆ بەرگرتن لەو هێرشانە.



ده‌قی‌ وتاره‌كه‌ی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ: 

لە پێشوازی 3ی ئایاردا
وتاری سەنتەری میترۆ لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنوسی
ئامادەبوانی بەڕێز
رۆژنامەنوسان و بەرپرسانی دامەزراوەكانی میدیا
ئەمساڵ رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەروەردەو زانست و رۆشنبیری )یۆنسكۆ (بە هەڵمەتی "بەرگری لە رۆژنامەوانی بكەن" یادی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنوسی دەكاتەوە، دروشمی سەرەكی ئەمساڵی ئەو رێكخراوە جیهانییە " رۆژنامەگەری بۆ دیموكراسی ، رۆژنامەوانی و هەڵبژاردن لە زەمەنی چەواشەكاری راگەیاندا" یۆنسكۆ داوای لە هەموو لایەك كردوە زانیاری لە سەرچاوەی باوەڕپێكراوەوە وەربگرن، رێگەی حەقیقەت بگرن و بەرپەرچی چەواشەكاری بدەنەوە، بەرگری لە رۆژنامەوانی ئازادو سەربەخۆ بكەن.

ئەمرۆ میترۆو CDO لەگەڵ جیهاندا، رێز لە قوربانیانی بواری كاری میدیا دەگرین، رێز لەو رۆژنامەنوسانە دەگرین كە تەنها لەبەر كارەكانیان كە كاری رۆژنامەنوسییە تیرۆر كراون، بكوژەكانیان دەربازیان بووە لە سزا، یا لەبەرەكانی جەنگدا بە هۆی كارەكەیانەوە شەهید كراون و بكوژانیان دیار نین، یا بكوژەكان دیارن و دەستی یاسا نایانگاتی.

بە داخەوە سەرباری هەوڵی زۆرو فشاری مەدەنی تا ئێستا هەرێمی كوردستان وعێراق ژینگەیەكی لەبارە بۆ دەربازبونی كارەكتەرەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە میدیاكاران، وەك چۆن بكوژانیش دەستی یاسا نایانگاتێ.

سۆرانی مامەمە حەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، ویدات حسین، مامۆستا عبدالستار، ئەركان شەریف، نمونەی زەقی ئەو قوربانیانەن ، كە بكەران یان پلانداڕێژەری ئەم تاوانانە، نەناسراون یان ناسراون و بە ئازادانە لەناوماندان و دەسەڵاتی یاسا لەبەردەمیان لاوازە.

بە داخەوە لە كاتێكدا ئەم مەراسیمە رێكدەخەین، لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش هێرش بۆ سەر میدیا و میدیاكاران بەردەوامە، بە بێ ئەوەی هیچ ئیجرائاتێكی پێویست هەبێت بۆ بەرگرتن لەو هێرشانە.

كار دەكەین بۆ ئاشكراكردنی بكەرانی ئەو تاوانانە ، بە ئامانجی كۆتایهێنان بە كەلتوری دەربازبوون لەسزا و پەلكێشكردنی ئەنجام دەرانی بۆ بەردەم یاسا.

هەروەها بەردەوام دەبین لە ریسواكردنی ئەو تاوانانەی رۆژانە دەسەڵاتی عەسكەری سوپای فیدرالی و حەشدی شەعبی بەرامبەر بە میدیا و میدیاكارانی كوردستان لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان ئەنجامیدەدن و رێكخراوە جیهانییەكانی لێ ئاگاداردەكەینەوە.
با حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی بزانن، هێرشكردنە سەر میدیای ئازاد واتای هێرشكردنە بۆ سەر دیموكراتییەت گەر حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی پەرۆشن بۆ سیستەمی دیموكراسی ئەوا با كار بكەن بۆ كۆتاهێنان بەو هێرشانەوە بكەرانیان رادەستی دادگا بكەن.

با كۆتایی بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا بهێنرێت و تاوانباران لە كەیسەكانی كوشتنی رۆژنامەنوس و سوتان و تاڵانكردنی دەزگاكانی میدیا ، داواكاری گشتیی هەرێم ریكاری یاسایی بگرێتە بەر.

ئامادەبووانی بەڕێز:
رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنوسی كاتێكی گونجاوە بۆ قسەكردن لەسەر میدیا كۆمەڵگایی، سۆشیال میدیا كە هەوموو دونیای بە خۆوە سەرقاڵكردوە، ئەم تویژینەوەی ئێمە بانگەشە نییە بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادی بەڵكو بانگەوازە بۆ ئەوانەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان كردوە بە سەكۆی رقوقینەو ناوەندی ناوزڕاندنی ژنان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ و كەسایەتی سەركەوتووی ناو كۆمەڵگەی كوردستانی. قسە لەسەر ئەو دیاردەیە دەكەین كە بە ناوی ئازادی نوسین و رۆژنامەنوسی هەواڵی درۆ بڵاودەكاتەوە و بەردەوام لەناو ئەم تۆڕەدا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی چەواشەكارییە. هەڵمەتی ئێمە هاوكاتە لەگەڵ هەڵمەتی جیهان بۆ بەرەنگاربونەوەی چەواشەكاری‌و داوا دەكەین رۆژنامەنوسان و بەركارهێنەرانی میدیای نوێ رێگەی حەقیقەت بگرن و بەرپەرچی چەواشەكاری بدەنەوە. بەرگری لە رۆژنامەوانی ئازادو سەربەخۆ بكەن.
سڵاو لە شەهیدانی رۆژنامەنوسی كوردستان و عێراق
نەفرەت و ریسوابێت بكوژی رۆژنامەنوسان
هەر بژین
2-5-2019


PM:06:46:02/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌