میترۆ، NRT
کۆمپانیای فەیسبووک ڕایگەیاند، بڕیاریداوە بنەماکانی تایبەت بە خزمەتگوزاریی پەخشی ڕاستەوخۆ (لایڤ) بۆ هەندێک لە دیمەنی ڤیدیۆیی کۆت و بەند بکات، کە ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی توندوتیژییەکانە کە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە پەخشدەکرێت، بەتایبەت دوای ڕووداوەکەی وڵاتی نیوزلەندا.
فەیسبووک لە بەیاننامەکەدا بڵاویکردەوە، بەمنزیکانە خزمەتگوزاریی "فەیسبووک لایڤ" دابیندەکات، کە ڕێگری دەکات لە بەکارهێنانی ئەو خزمەتگوزارییە بۆ ماوەیەکی کاتی، بەتایبەت ئەوانەی کە بنەماکانی بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکە پێشێل دەکەن لە هەرکوێیەکی جیهان بن و، ڕێوشوێنی توند بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.
کۆمپانیای فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، ئەو کەسانەی کە بۆ یەکەمجار پێشێلکاری دەکەن، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ڕێگرییان لێ دەکرێت بۆ بەکارهێنانی خزمەتگوزاریی ڕاستەوخۆ، هەروەها بازنەی ڕێگرییەکان توندتر دەکات بۆ هەر کەسێک کە سەرپێچی بکات، وەک ڕێگریکردن لە چوونە ژوورە بۆ پەڕەی تایبەتی بەکارهێنەر. بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ.
دەربارەی ئەو بڕیارەی فەیسبووک جاسیندا ئاردیرن سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا ڕایگەیاند، گۆڕانکارییەکان پەیوەندییان هەیە بە بنەمایەکی سەرەکییەوە بۆ دەستپێشخەرییەک کە خۆی سەرۆکایەتی دەکات، ئەو ناسراوە بە "بانگهێشتکردنی کرایستچیرش" بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی بابەتی توندوتیژ و ناوەرۆکی توندڕەوی لەسەر ئینتەرنێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاری فەیسبووک بە دانانی کۆتوبەند لەسەر پەخشی ڕاستەوخۆ، هەنگاوی یەکەمە بۆ دانانی سنورێک لە بەکارهێنانی ئەو وەشاندنە بە دەستی تیرۆریستانەوە.
هەرچەندە فەیسبووک سروشتی پێشێلکارییەکان و ماوەی ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەکەی دیارینەکردووە، کە خاوەنەکەی ڕووبەڕووی ئەو ڕێوشوێنە نوێیانە دەکاتەوە، بەڵام وتەبێژی کۆمپانیاکە ڕایگەیاند، بەگوێرەی بنەما نوێیەکان، تەقەکەر ناتوانێت خزمەتگوزاریی ڕاستەوخۆ بەکاربهێنێت.
کۆمپانیای فەیسبووک پێشتر ڕایگەیاندبوو، بڕی یەک ملیۆن و ٥٠٠ پارچە ڤیدیۆی توندوتیژی لە سەرانسەری جیهان سڕیوەتەوە، دوای تێپەڕبوونی ٢٤ کاتژمێر بەسەر هێرش و ڕووداوە توندوتیژییەکاندا لەسەر ئاستی جیهان.
ڕۆژی (١٥ی ئازاری ٢٠١٩) لە ڕووداوێکی هێرش و تەقەکردندا بۆ سەر دوو مزگەوت لە نیوزلەندا زیاتر لە ٥٠ کەس شەهیدبوون و دەیان کەسیش برینداربوون، ئەو کەسەی هێرشەکەی ئەنجامدا بەر لە تەقەکردن بەشێوەیەکی راستەوخۆ دیمەکانی هێرشەکەی بۆ سەر دوو مزگەوتە لە ڕێگەی فەیسبوکەوە پەخشکرد.