میترۆ، ناس کورد
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، بە هەزاران زیندانیکراوی عێراقی لە زیندانەکانی پارێزگای نەینەوا بارودۆخیان لەوپەڕی خراپیدایە، ئاماژە بەوەشکراوە بەجۆرێکی نامرۆڤانە ئەو کەسانە زیندانی کراون، داواش لە دەستەڵاتدارانی عێراق دەکات ئەو دۆخە چارەسەر بکەن.
لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی (هیومان ڕایتس وۆچ)دا هاتووە، سەنتەرەکانی ڕاگرتن لە نەینەوا کە هەزاران زیندانیکراوی عێراقی تێدایە، لە بارودۆخێکی هێجگار خراپدان، کە زۆربەیان بە تۆمەتی پەیوەست بە تیرۆر زیندانی کراون، هەروەها بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ و لە دۆخ و مامەڵەیەکی خراپدان لە زیندانەکان.
ڕێکخراوە جیهانییەکە دەڵێت، پێویستە دەستەڵاتدارانی عێراق گرەنتی ئەوە بکەن کە ئەو زیندانییانە لە دۆخێکی مرۆڤانەدا ڕاگیرابن، بنەمایەکی یاساییش هەبێت بۆ ڕاگرتنیان.
لەما فەقیە، بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، ئاماژەی بەوەکردووە: "پێویستە حکومەتی عێراق بەپەلە دەستبکات بە دووبارە بونیادنانەوەی سەنتەرەکانی ڕاگرتن و زیندانەکان، پێوستە عێراق زیندانییەکان لە شوێنێکی شیاودا ڕاگرێت، کە هاوتەریب بێت لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکان”.
وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەوپەڕی توانای هەرسێ زیندانییەکەی باکوری عێراق، تلکێف و فەیسەڵیە و تەسفیرات لە کۆمەڵگای فەیسەڵیە، توانای ڕاگرتنی دوو هەزار و 500 کەسیان هەیە، بەڵام بەگوێرەی ئەوەی گەورە شارەزاییەکی زیندانەکانی عێراق ئاشکرای کردووە، چوار هەزار و 500 زیندانی کراو لەو سێ زیندانەدا ڕاگیراون، لەکاتێکدا هەزار و 300 کەس لەوان سزای کۆتایی دراون و پێویستە بگوازرێنەوە بۆ زیندانییەکانی بەغداد.
ئەو شارەزایەی بواری زیندانەکانی عێراق بە وێنە خراپی بارودۆخی ژنانی زیندانی کراوی خستووەتەڕوو، کە منداڵەکانیان لەگەڵدایەو لە دۆخێکی زۆر خراپدان، کە ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵن و لەیەک هۆڵی ڕاگرتندان لە زیندانی تلکێف.
ئەو شارەزایە بەڕێکخراوەکەی مافی مرۆڤی وتووە، وەک لە یەکێک لە وێنەکانیش دەرکەوتووە، کە پانتایی هۆڵەکانی زیندانەکان بەراورد بە زۆری ژمارەی زیندانییەکان بەجۆرێکە کەسانی زیندانیکراو ناتوانن نە ڕاکشێن و نە داشنیشن، بەرپرسانی زیندانەکانیش قەروێڵە و شوێنی نوستنیان پێنەداون، چونکە شوێنەکان زۆر بچوکن و پانتایی ئەوەیان نییە.
هیومان ڕایتس وۆچ ئەوەی ڕاگەیاندووە، ئەو بەڵگانەی کە دەستیان کەوتوون، دەرخەری ئەوەن کە بارودۆخی سەنتەرەکانی ڕاگرتن لە پارێزگای نەینەوا نەگونجاوە و بەکەڵکی زیندان نایە، بەتایبەت بەکەڵکی ئەوە نایەن کەسی زیندانیکراوی زۆر تێدا بمێنێتەوە، چونکە پێوەرە جیهانییەکانی تێدا نییە و بەجۆرەش بە خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانییەکان هەژمار دەکرێت.