کاتێک نووسەران ڕەخنە قبووڵ ناکەن چی قبووڵ دەکەن؟




میترۆ، چاودێر

پاش ئەوەی ئینجی توماس داوای کرد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەخنەی لە مەڕ نووسینەکانی بۆ تاگ نەکەن، ڕووبەڕووی شەپۆلێک لە قسەی نەشیاو بووەوە.

گاردیان ئاماژە بەوە دەکات: مێژوو هێشتا کتێبێکی بە خۆیەوە نەدیوە کە لە لایەن هەموانەوە ستاش بکرێت، یان نووسەرێک پەیدا نەبووە لە خوێندنەوەی ڕەخنە چێژ وەربگرێت. ئێنجی توماس سەرەڕای ئەوەی بۆ نووسینی دوو کتێب بێژوومار خەڵاتی بردووەتەوە، لە تویتەرەکەی خۆیدا نووسیویەتی: "تکایە ڕەخنەکانم بۆ تاگ مەکەن." ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی خوێنەرانی.

هەڵبەت توماس داوای نەکردووە ڕەخنەی نەرێنیی لە بارەوە نەنووسرێت، بەڵکوو تەنیا تکای کردووە لە تویتەر و ئینستاگرام، بۆی نەنێرن.

 نووسەری "نەفرەتێک کە تۆ دەیچێنیت" نووسیویەتی: "مەزندەی بکەن چی بووە؟ ئێمە مرۆڤین و هەستمان هەیە. ئامانج لە تاگکردنی نووسەرێک لەسەر ڕەخنەیەکی نەرێنی چییە؟ ئێمە دەبێت پارێزگاری لە فەزای دەروونیی خۆمان بکەین. ئەم هەموو بۆچوونە، جا خراپ بن یان باش، دەتوانن کارت تێ بکەن و ڕەوتی نووسینت پێ بگۆڕن و زیانت لێ بدەن. ئەوەی قسەیان لێ وەردەگرم، ڕێنووسکارەکەم، نوێنەرەکەم و نووسەرانێکن کە وەک خوێنەری دووەم مامەڵە دەکەن. من وەک نووسەرێک پێم وایە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شوێنی ڕاگۆڕینەوەیە لەگەڵ خوێنەران نەک وەرگرتنی ڕەخنەی نەرێنی."


 پاش ئەم قسەگەلە توماس کەوتە بەر هێرشی خوێنەران و ڕەخنەگرانەوە. وای لێ هات یەکێک لە خوێنەران گوتی کتێبەکانی فرێ دەدات. ئەوانی تر باسیان لەوە کرد ئەم قسانەی توماس وای کردووە ئیتر حەزیان لە کتێبەکانی نەمێنێت: "کاتێک کەسێک ئەوەندە بێئەدەب و نەرێنی بێت، وا دەکات حەز نەکەم پشتی بگرم."


نووسەران ساڵانێکە دەڵێن نایانەوێت ڕەخنەی نەرێنییان بۆ تاگ بکرێت. لان گراف مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو لەم بارەیەوە گوتی: "تویتکردنی ڕەخنەیەک بۆ نووسەر وەک ئەوە وایە ڕوومەتی بگری و بە دەموچاویدا بقیژێنی." ئەمە پێش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش هەر هەبووە. کاتێک ڕەخنەیان لە ئالن دوباتن گرت. ئەو لە وێبسایتی ڕەخنەگرەکەیدا نووسی: "تا ئەو ڕۆژەی دەمرم بە نەفرەتت دەکەم و شتێکت جگە لە بەدبەختی لە هەر جووڵەیەکی ژیاندا بۆ ئارەزوو ناکەم."



توماس ئاماژە بە خاڵێکی تر دەکات: "ژمارەیەک لە نووسەرانی سپیپێست قسەیەکی هاوشێوەی ئەوەی منیان کرد، بەبێ ئەوەی بەر ئەم هێرشە بکەون."

توماس لە کۆتاییدا دەڵێت: "من کتێبێکم دەربارەی بێدەنگنەبوون نووسیوە. کەواتە دەتوانین دڵنیا بین کە بێدەنگ دانانیشم. من کێشەیەکم لەگەڵ هاوارکردن، ئازاروئەزیەتەکان، هێرش و توندوتیژییەکاندا نییە. کۆمەڵگەی کتێب! ئێوە ژەهراوی و کێشەسازن."


AM:10:36:06/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌