دوای تەنها پێنج مانگ، پەخشی تەلەفزیۆنەكەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی راگیرا






میترۆ، خەندان

دوای تەنها لە پێنج مانگ لە پەخشی ئەزمونی، تەلەفزیۆنی (SPU)ی سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە پەخشی بەرنامەكانی راگرتوە و كارمەندەكانی رۆشتونەتەوە ماڵەوە.

رۆژی 31ی كانونی دوەمی 2019 لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبونی، یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ئالان فەرەیدون ئەمین، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، بە ئامادەبونی ژمارەیەك لە میدیاكاران، دەستپێكردنی پەخشی ئەزمونی تەلەفزسیۆنی SPU ی راگەیاند.

رۆژی 30ی حوزەیران، دواین رۆژی كاركردنی كارمەندانی ئەو تەلەفزیۆنە بوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زانكۆكە پارەی نییە بیداتە كارمەندە گرێبەستەكان

 

دوای تەنها پێنج مانگ تێپەڕبون بەسەر پەخشی ئەزمونی ئەو تەلەفزیۆنەدا، رۆژی 30ی حوزەیران، دواین رۆژی كاركردنی كارمەندانی ئەو تەلەفزیۆنە بوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زانكۆكە پارەی نییە بیداتە كارمەندە گرێبەستەكان.

بەپێی بەدواداچونەكانی خەندان، لەماوەی كاركردن بۆ دامەزراندنی ئەو تەلەفزیۆنە، پارەیەكی زۆر بۆ دابینكردنی پێداویستییە تەكنییەكان خەرجكراوە، كاتێكیش دەستكراوە بە پەخشی تەلەفزیۆنەكە، 25 كارمەند دابینكراوە بۆ كاركردن لەناو تەلەفزیۆنەكە.

بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنەكە(ئارام بەكر) 750 هەزار دیناری لەپاڵ موچەی فەرمی بۆ دابینكراوە تا سەرپەرشتی بەڕێوەبەردنی تەلەفزیۆنەكە بكات
 

هەر بەگوێرەی زانیارییەكانی خەندان، 12 لەو كارمەندانە خۆیان فەرمانبەری زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانین، كە بەپێی گرێبەستێك لەپاڵ موچەی فەرمی خۆیان، موچەیەكی مانگانەیان پێدراوە كە لە 250 هەزار دینارەوە دەستی پێكردوە تاكو 750 هەزار دینار، بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنەكە(ئارام بەكر) 750 هەزار دیناری لەپاڵ موچەی فەرمی بۆ دابینكراوە تا سەرپەرشتی بەڕێوەبەردنی تەلەفزیۆنەكە بكات.

گرێبەستەكانیان بە جۆرێك بوە، لە 450 هەزار دینارەوە تیایدا بوە تاكو 600 هەزار دینار
 

خەندان ئەوەشی زانیوە كە ئەو كارمەندانەی دیكە كە موچە خۆری فەرمی زانكۆكە نەبون و بەشێوەی گرێبەست كاریان لەگەڵدا كراوە، گرێبەستەكانیان بە جۆرێك بوە، لە 450 هەزار دینارەوە تیایدا بوە تاكو 600 هەزار دینار، ئەمە جگە لەوەی كۆمەڵێك خوێندكار و مامۆستا بەشێوەی خۆبەخش كاریان لە تەلەفزیۆنەكەدا كردوە.

لەبارەی بڕیاری راگرتنی پەخشی بەرنامەكانی تەلەفزیۆنی SPU، ئارام بەكر، سەرپەرشتیاری تەلەفزسیۆنەكە بە خەندان-ی راگەیاند،"تەلەفزیۆنەكەمان دانەخستوە، بەڵام هەندێک کێشە هەیە و دەستپێدەکەینەوە، 

ئارام بەكر راشیگەیاند،"دوای تەواوبونی ڕۆتینات دەستدەکەینەوە بە پەخش و دەستبەرداری کارمەندەکانمان نابین".

ئالان فەرەیدون ئەمین، سەرۆکی زانکۆ بڕیاری داخستنی نەداوە، بەڵام هەندێک ڕۆتینات و بڕیاری وەزارەتی دارایی بوەتەهۆی راگرتنی کەناڵەکە
 

سەرپەرشتیارەكەی تەلەفزیۆنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتیشی،"ئالان فەرەیدون ئەمین، سەرۆکی زانکۆ بڕیاری داخستنی نەداوە، بەڵام هەندێک ڕۆتینات و بڕیاری وەزارەتی دارایی بوەتەهۆی راگرتنی کەناڵەکە".

ئەم وتانەی ئارام بەكر، لەكاتێكدایە كارمەندانی تەلەفزیۆنەكە لەئێستادا رۆشتونەتە ماڵەوە، ئەمە سەڕەڕای ئەوەی موچەی مانگی حوزەیرانیان تا ئێستا پێنەدراوە.

هەر بەگوێرەی بەدواداچونەكانی خەندان، ژمارەیەك لەو كارمەندانەی لەو تەلەفزیۆنە كاریان كردوە، پێشتر بەهۆی دڵنیاكردنەوەیان لە بەردەوامی پەخشی كەناڵەكە لەلایەن بەرپرسانی زانكۆكەوە بۆ ماوەیەكی زۆر، دەستبەرداری كاركردنیان بون لەو دەزگایانەی پێشتر كاریان تیادا كردوە و خۆیان تەرخانكردوە بۆ تەلەفزیۆنەكەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی.

زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، یەكێكە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و 13 كۆلێژو پەیمانگای هەیە و لەریزبەندی زانستی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لە ریزبەندی سیانزەهەمین زانكۆدایە.



AM:10:14:08/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 648 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌