پەرلەمانی عیراق رۆژنامەنوسان ناچاردەكات سیستمی یەكپۆشی پەیڕەو بكەن






میترۆ، رادیۆ نه‌وا 

روانگەی عیراقی بۆ ئازادی رۆژنامەنوسان، كە سەربە سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراقە، رەخنە لە پەرلەمانی عیراق دەگرێت بەهۆی ئەوەی رۆژنامەنوسان ناچاردەكات یەك جۆر جلوبەرگ بپۆشن و لە ئەگەری جێبەجێنەكردنیشیدا، كارتی رێگەپێدانیان لێ‌ دەسەنرێتەوە.

روانگەی عیراقی بۆ ئازادی رۆژنامەنوسان لەبەیاننامەیەكدا ئیدانەی ئەو رێوشوێنە چاوەڕواننەكراوە دەكات، كە لەلایەن سیروان سیرینی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە گیراوەتەبەر بەوەی رۆژنامەنوسان ناچاردەكات یەكپۆش بن و بۆینباخ ببەستن.

هەروەها ناوبراو بە پاسەوانەكانی پەرلەمانی وتوە هەر رۆژنامەنوسێك بڕیارەكەی جێبەجێنەكرد ئەوە كارتی رێگەپێدانیان لێ بسەنرێتەوە و رێگەیان نەدرێت بچنە ناو باڵەخانەی پەرلەمانەوە.

روانگەی عیراقی بۆ ئازادی رۆژنامەنوسان دەستخۆشی لە بازنەی راگەیاندنی پەرلەمان دەكات، كە رەتیكردوەتەوە ئەو رێوشوێنانە بگرێتەبەر ئەوەش سەرەڕای ئەوەی سیروان سیرینی سورە لەسەر بڕیارە سەیر و ناڕەواكەی و نیازی ئەوەی هەیە بازنەكە بباتە دەرەوەی بارەگای پەرلەمان.

روانگەكە داواش لە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان دەكات بەڵێنەكانی بۆ رێزگرتنی رۆژنامەنوسان جێبەجێ بكات و سەرجەم ئەو رێوشوێنانە بوەستێنێت، كە پێچەوانەی دەستورن، مامەڵەكردنی هەندێك لایەنی سیاسی و ئەمنی بەجۆرێكە، كە جێی قبوڵكردن نییە بەهیچ شێوەیەك. داواش لە سەرجەم رۆژنامەنوسان دەكات دانیشتنەكانی پەرلەمان بایكۆت بكەن تا ئەوكاتەی رێزی دەستور و ئازادی رۆژنامەوانی دەگرن.


AM:10:51:08/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌