ئاسایشی سلێمانی بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند كاتژمێرێك فۆتۆگرافەرێك ده‌ستگیر ده‌كات





میترۆ، ئاوێنه‌ 

نیوه‌رۆی‌ دوێنێ‌ 9ی‌ ته‌موزی‌ 2019، فۆتۆگرافەرو رۆژنامەنوس "زمناكۆ ئیسماعیل" كە جوانترین وێنەی كچە ئێزیدییە چەك لەشانەكەی گرتوە لەكاتی داگیركردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە‌و سەرنجی هەمو جیهانی راكێشا، ئەمڕۆ لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە لەسەر وێنەگرتنی پرسەی دیار غەریب-ی شەهید دەستگیر كراو كامێراكەی لێسەندرا.


زمناكۆ ئیسماعیل بەئاوێنەی راگەیاند پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەكاتێكدا لەناو پرسەی دیتر غەریب خەریكی وێنەگرتن بوم، دو كەس بەجلی مەدەنیەوە هاتن‌و وتیان ئاسایشین‌و لەگەڵمان وەرە دەرەوە. 
زمناكۆ وتی "یەكەمجار باوەڕم پێنەكردن بەڵام بۆ ئەوەی لەناو پرسەكەدا دەنگەدەنگ دروست نەبێ‌ لەگەڵیان چومە دەرەوەو وتم شوناسەكانتان با ببینم بزانم ئاسایشن، كە چوینە دەرەوە بون بەسێ‌ كەس‌و پاشان بون بەپێنج كەس، دو ئوتومبێلی پڕ لەئاسایشیش لەپشتیانەوە وەستابو".

وتیشی "خستیانمە ناو ئوتومبێلێكەوەو بردیانم بۆ بنكەی ئاسایشی سەرچنار، بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك هێشتیانمەوەو وتیان بەفەرمانی خالد ماوەتی دەستگیركراوی، كامێراكەو شەش میمۆرییان لێسەندم‌و خۆمیان ئازاد كرد".

زمناكۆ ئاماژە بەوە دەكات كە تا ئێستاش كامێراكەی نەدراوەتەوە، ئەو وتی "ئەو كامێرایە 5 ساڵا وێنەی پێشمەرگە‌و شەڕڤانانم لەشەڕی داعشدا پێگرت هەر لەجەلەولاوە بگرە تا دەگات بەموسڵا‌و شەنگال‌و رەبیعەو رۆژئاوای كوردستان، وێنەی ئاوارە ئێزیدییەكانم پێگرت كە وێنەی كچە چەك لەشانەكە لەئاستی جیهاندا دەنگدانەوەی هەبو، سەرنجی رای گشتی جیهانی بۆ ئەو كارەساتە راكێشا". 

وتیشی "ئەوەی هەمەو نیمە تەنها ئەو كامێرایەیە، ئەگەر نەمدەنەوە ئیشەكەم تیا ئەچێ‌".

هاوكات میترۆ په‌یوه‌ندیكرد به‌ بنكه‌ی‌ ئاسایشی‌ سه‌رچنار و خالید ماوه‌تی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ئاسایشی‌ ناوشار له‌ سلێمانی‌ و به‌ڵێنیاندا ئه‌مرۆ كامێرا و سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی‌ له‌ زمناكۆ ئیسماعیلیان وه‌رگرتووه‌ بیده‌نه‌وه‌. 



AM:10:29:10/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌