با حكومەتی فراوانكردنی پرەنسیپی شەفافیەت بێت




10ی تەموزی 2019: سەنتەری میترۆ رایدەگەینێت هەردوو یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری و یاسای رۆژنامەگەری و لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە، هەنگاوێكی گرنگ دەبێت بە ئاراستەی فراوانكردنی بەشداری هاوڵاتیان‌و میدیاو رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بۆ بەهێزكردنی پرەنسیپی شەفافیەت‌و لێپرسینەوەو بەره‌نگاربونەوەی دیاردەی گەندەڵی.

ئەمڕۆ بە دەنگدان بە كابینەی بەڕێز مەسرور مەسعود بارزانی، پێشتریش بە بەڕێزان سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان د.ڤالا فەرید و سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، كوردستان دەربازی بوو لە بۆشایی یاسایی و هەر سێ سەرۆكایەتییەكە متمانەی نوێنەرانی گەلی كوردستانیان بەدەستهێنا، سەنتەری میترۆ پیرۆزبایی دەستبەكاربونی هەر سێ سەرۆكایەتییەكە دەكات.

بەم بۆنەیەوە میترۆ داوا دەكات كۆسپەكانی بەردەم كاری رۆژنامەنوسی‌ لەگەیشتن بەسەرچاوەی زانیاری لاببرێت، هەموو زانیارییە حكومییەكان لەچوارچێوەی نهێنیدا پۆلێن نەكرێت، بەڵكو بە پشتبەستن بە بڕگەكانی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری كارئاسانی بۆ رۆژنامەنوسان بكرێت، ئەمە بە گرەنتی بەرنامەكەی بەڕێز مەسرور بارزانی دەزانین بۆ بەشداری هاوڵاتیان و میدیا لە پرۆسەی روبەرووبونەوەی گەندەڵی .

میترۆ پێیوایە لە كاتی لادان و تاوان و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات لەلایەن كارمەندی بواری گشتی، یاسا رێگەی داوە ئەو كارانەیان بۆ رای گشتی ئاشكرابكرێت، بۆیە باشترە لەبری سانسۆرو پەنابردن بۆ تۆڵەكردنەوە، ئەو كەسانە رێگەی وەڵامدانەوە هەڵبژێرن.

میترۆ داوا لە كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات جیاكاری لەنێوان كەناڵەكانی راگەیاندندا نەكرێت بۆ بەدەستهێنانی زانیاری، بەڵكو رێگە بەهەموو میدیاكان بدرێت بەبێ‌ بەربەست روماڵی ئەو هەواڵ و روداوانە بكەن كە جێی بایەخی خەڵكن، هەوەها پێویستە راگرتن (تەوقیفكردن)ی رۆژنامەنوسان لەسەر كەیسەكانی تایبەت بەبڵاوكردنەوە نەمێنێت.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان داوا لە هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان دەكات هانی دامودەزگا حكومییەكان بدەن كە گرەنتی ئازادی رۆژنامەگەری بكەن كە بەپێی یاسای كاری رۆژنامەوانی رێكخراوە لەپاڵ یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری، بەهیچ شێوەیەك بەربەست نەخەنە بەردەم ئازادی میدیا.

هەروەها داوا دەكەین:
• لە "تاوان"ەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە جگە لەپۆلیس هیچ دەزگایەكی ئەمنی بۆی نەبێت رۆژنامەنوس بانگ بكات، ئەویش تەنها بەفەرمانی دادوەر بێت.
• راپۆرتەكانی رێكخراوە بیانی و ناوخۆییەكانی داكۆكیكار لەمافی رۆژنامەنوسان و مافەكانی مرۆڤ كە تایبەتن بەپێشێلكاری و لادان، لەلایەن حكومەت و پەرلەمانەوە بەهەند وەربگیرێن و لەجیاتی وەڵامدانەوە و رەتكردنەوەی، كار لەسەر نەهێشتنی كەموكوریی دەزگاكانی جێبەجێكار بكرێت.

• دەسەڵاتی دادوەری و ئەنجومەنی دادوەری و داواكاری گشتی پێویستە رۆڵی خۆیان بگێڕن لە پاراستنی سەروەری یاسا و دادگاییكردنی سەرپێچیكەران بەرامبەر رۆژنامەنوسان و حكومەتی دەربازنەبونی بكوژو تاونباران بێت لە سزا.

سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستانی عێراق.

میترۆ بە پێی یاسای رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 2011 دامەزراوەو مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.

لەسەرەتای دامەزراندنیەوە هەریەك لە رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، پاڵپشتی كردوە.
بۆ پەیوەندی:
07701528887 بۆ عەربی
07700004147 بۆ كوردی


PM:01:34:10/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌