میترۆ، K24
عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: فەرهاد پیرباڵمان دەستگیر کردووە".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فەرهاد پیرباڵ ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا قاوەخانەی "ماڵی وەفایی" دەسووتێنێت، خاوەنی قاوەخانەکەش بە کوردستان24ی راگەیاند، نزیکەی پێنج هەزار کتێب سووتاون و زیانیان پێگەیشتووە.
لای خۆیەوە هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، پۆلیسی هەولێر لەسەر سکاڵای خاوەنی قاوەخانەکە، فەرهاد پیرباڵی دەستگیرکردووە..
پێشتریش فەرهاد پیرباڵ، سوتاندنی ئەو قاوەخانە کەلتووریەی بە کامێرای تایبەتی خۆی تۆمار کردووە و دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە.
سۆران عەزیز، خاوەنی "ماڵی وەفایی" بە کوردستان24ی راگەیاند: "پێشتر لایەنی پەیوەندیدارم لە هەڕەشەکانی فەرهاد پیرباڵ ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام بە هەند وەر نەگیرا، ئەمڕۆ ئاگر لە هەوڵ و ماندووبوونی 10 ساڵ کارکردنی من بەردرا".
داواش دەکات، فەرهاد پیرباڵ دەستگیر بکرێت و وەک قوربانی رووداوەکەش، قەرەبوو بکرێتەوە.
هاوكات د. فهرهاد پیرباڵ له ئهكاونتی تایبهتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی فهیسبوك له پۆستێكیدا ئاماژه بهوهدهكات پێشتر سۆران عهزیزم ئاگادار كردۆتهوه كه ئێوە بەبێ پرسی من و بەبێ گرێبەستی قانوونی، زیاتر لە ٣ کتێب بەم دوو کتێبە نوێیەشمەوە ٥ کتێبی منتان چاپ کردووە و دەیفرشن دانەی بە 15 هەزار دینار و 7 ههزار دینار بۆ خۆتان.
له بهشێكی دیكهی پۆستهكهیدا د. فهرهاد پیرباڵ ئهوهشی خستووهته روو كه، تکایە چیتر وا مەکەن، گوتم کتێبەکانیشم هەموو لێتان دەوێتەوە و دەبێ بمدەنەوە ئەگینا کتێبەکانی خۆم لەناو مەخزەنەکەتان دەسووتێنم.. گوتی: بڕۆ مەحکەمە شکایەت بکە! گوتم ئاخر من میزم بە مەحکەمە داکردووە، ناتوانم. گوتی: ئەمە موشکیلەی من نیە ئی خۆتە!
له كۆتایی پۆستهكهشیدا جهخت دهكاتهوه لهوهی كه" موشکیلەی خۆم - ئەگەر قانوون نەبێت بۆ _مافی کۆپی ڕایت - ئاوها چارەسەری دەکەم! ئەمەی کردم پەیامێکە بۆ پەرلەمان لەپێناو ئەوەی قانوون دابنێت مافی نووسەر و ڕۆشنبیر و هونەرمەندان لەمڕۆوە پارێزراو بێت".
پێشتریش فەرهاد پیرباڵ، هێرشی کردبووە سەر چەند باڵەخانەیەکی حکوومی و زیانی پێگەیاندبوون.