خەندان چیرۆکی دەستدرێژی کردنە سەر ژنێک لە منداڵییەوە تا گەورەبون دەگێڕێتەوە





میترۆ، خەندان


لە منداڵییەوە لە یەکێك لە گوندەکانی سەر بە پارێزگای دیالە ژیاوە، وەک خۆی دەڵێت، تا ئەوکاتەی گەورەبوە چەندجارێک دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەری، ئەو ئێستا هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان لە ئاوارەییدا دەژی، بەڵام کوردستان بوەتە جێگای ئارام و ئاشنابون بە مافەکانی.


ساجیدە محەمەد، ژنێکی ئاوارەی دانیشتوی یەكێك لە کەمپەکانی سنوری گەرمیانە، ئەو تەمەنی 30 ساڵە، دەڵێت، "ئاشنابوین بەمافەکانی خۆمان و قبوڵنەکردنی ئەو جۆرە توندوتیژییانەی کە هەر لەمنداڵییەوە پێمان کراوە بێ ئەوەی بزانین توندوتیژیە".


سەرەتای ژیانی منداڵی


ساجیدە باسی ژیانی خۆی دەکات و بۆ خەندان وتی، "لە منداڵییەوە لە یەکێك لە گوندەکانی سەر بە پارێزگای دیالە دەژیاین، هەر لە منداڵییەوە خەریکی بەخێوکردنی ئاژەڵ و کاری کشتوکاڵ بوین، هەمو ڕۆژێك لە ماڵەوە بەزۆر لەخەو هەڵیان دەستاندم و مەڕەکانیان پێ دەردەکردم بۆ ئەو دەشتانە، لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕەکاندا جارێك، دو کوڕی گوندەکەمان هاتن بۆ گیانم و بەزۆر دەست درێژییان کردە سەرم، لەو دەشتە زۆر گریام و قێزم لەخۆم دەکردەوە".


ساجیدە دەگێڕێتەوە، "کە دەهاتمەوە بۆ ماڵەوە نەم دەوێرا قسە بۆ کەس بکەم دەترسام بڵێن، خەتای خۆتە، بە باوکمم دەوت ناچم بۆ لای مەڕەکان دارەکەی لەدەستم دەسەند و لێی دەدام، وایدەزانی من لە کار ڕادەکەم".


"چەندینجار دەستدرێژی کراوەتەسەرم"


بەپێی گێڕانەوە خۆی ساجیدە چەندینجار توشی دەستدرێژی کردن بوەتەوە، دەڵێت، "هەرکاتێك دەمویست بۆ ماڵەوەمان قسەبکەم دەترسام بمکوژن، چونکە لە گوندەکەمان کچێك لەسەر ئەم ڕوداوانە لەلایەن ماڵەوەیانەوە کوژرابو، دایکم هەمیشە بە من و خوشکەکانمی دەوت  وەك ئەو کچە حەیامان مەبەن".


ساجیدە، بەدەم گریانەوە بەردەوام بو لە باسکردنی چیرۆکی ژیانی و وتی، "لە تەمەنی 14 ساڵیدا منیان دابەشو، بەپیاوێکی 15 ساڵ لەخۆم گەورەتر، دیسانەوە ژیانێکی ناڕەحەتتر دەستیپێکرد".


"لەماڵی مێردەکەم خێزانێکی گەورەبون پێکەوە دەژیان، هەر سەرەتای بوکێنیم بو جلەکانم کە بۆ بوکێنی بۆم کڕابو مێردەکەم هەموی پارچە پارچە کرد، بەسەر تەنافەکەوە، چونکە ڕۆژێك من درەنگ لە خەو هەستام"، ساجیدە وایوت.


"کوڕی برای مێردەکەم هات بۆ گیانم، تەحەڕوشی  پێکردم"


ساجیدە رونیدەکاتەوە، "ڕۆژێك لە ماڵەوە بوم، کوڕی برای مێردەکەم هات بۆ گیانم تەحەڕوشی  پێکردم، زۆر ترسام و دەرمکرد لە ماڵ، ئیتر من بەئارامی نەدەخەوتم و بیری کاتەکانی منداڵیشم دەکردەوە، کە چۆن دەست درێژیم کراوەتەسەر، دەترسام ئەم کوڕەش وام لێبکات، ڕۆژێك مێردەکەم لەماڵ دەرچو برازاکەی چاوی لێ بو، هات بۆ گیانم دەرگاکەم داخست بەزۆر دەرگاکەی کردەوە، هەمو شتێکی لەگەڵ کردم، هەرچەند وتم من مامۆژنی تۆم، بەڵام ئەو گوێی بەوە نەدا".


"ئەو کوڕە وازی لێنەهێنام، تاوەکو ئاوارەی ناوچەکانی کوردستان بوین"


ساجیدە دەشڵێت، "ئەو کوڕە وازی لێنەهێنام، تاوەکو ئاوارەی ناوچەکانی کوردستان بوین، لێرەش بەهەمان شێوە ئەم دەستدرێژیکردنە بەردەوام بو، هەندێک لەو رێخراوانەی لەناو کەمپەکان کاریان دەکرد کۆمەڵێك هۆشیاریان لە رێگەی خولی هۆشیارکردنەوە لەسەر توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی بە ئێمە بەخشی، بیرمە سەرەتابو نوسیگەیەك هات و دەرباری شوێن و ئیشی خۆیان زانیاریان پێ داین، لەو کاتەدا ڕوناکییەك کەوتە دڵم و بڕیارمدا بڕۆم خۆم ڕزگاربکەم".


خەبات ڕەشید، بەڕێوەبەری نوسینگەی مافی مرۆڤ لە گەرمیان بە خەندان-ی راگەیاند، "ساجیدە یەکێك بوە لەو کەیسانەی کە پەنای هێناوە بۆ لای ئێمە، ئێمەش وەك نوسینگە بەنهێنی و ئامانەتەوە لەڕێگەی ئەو دەسەڵاتانەی کە پێمان دراوە کارمان بۆ کردوە، لەسەر داوای ساجیدە بانگی ئەو کەسەمان کردوە و بەڵێننامەمان پێ پڕکردوەتەوە، بەڵام ساجیدە خۆی نەیویستوە ئەو کەسە ڕوبەڕوی دادگا بکەینەوە".


ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوە توندوتیژی سێکسییە کە ڕوبەڕوی ئەو ژنە بوەتەوە کە بە لاقەکردن ناودەبرێت، سزای ئەوکەسەی ئەو جۆرە کارە دەکات جیاکراواتەوە لە جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی".


ئەو کەسانەی کە ڕوبەڕوی ئەو جۆرە توندوتیژیانە دەبنەوە، متمانەیان بە کەسانی دیکە نەماوە


هەدییە ڕەفعەت، بەڕێوبەری دۆسیە لە رێکخراوی (PAO) لەکەمپی تازەدێ-ی سەر بە قەزای کەلار بە خەندان-ی وت، "ئەو کەسانەی کە ڕوبەڕوی ئەو جۆرە توندوتیژیانە دەبنەوە، بەتەواوەتی ڕوخاون و متمانەیان بە کەس نەماوە و دابڕاون لەژیاندا، ئەو ژنانەی کە دێنە لامان لەباردودۆخێکی زۆر نائارام و حاڵەتێکی دەرونی ڕوخاودا دەژین".


وتیشی، "ئێمە وەك رێکخراو، پاڵپشتی دەرونی و یاساییان بۆ دابین دەکەین لەسەر داواکاری خۆیان، زۆرجار کەسەکان نایانەوێت سزای یاسایی ئەو کەسانە بدەن، لەترسی ماڵەوەیان و کۆمەڵگە، زۆرجار دەیانەوێت بە بێدەنگی کێشەکە چارەسەر بکرێت".


ساجیدە باس لەوساتە دەکات کە رزگاری بوە لە کوڕی براکەی و دەڵێت، "دوای ئەوەی لەلایەن نوسینگەکەوە هۆشیاریان پێدام و بەڵیننامەیان بەو کەسە پڕکردەوە ئیتر ئەو حاڵەتە دوبارە نەبوەتەوەوە".


"دەستم کردە کارکردن بە متمانە بەخۆبونەوە"


ئەوەشی خستەڕو، "دوای ئەمە دەستم کردە کارکردن بە متمانە بەخۆبونەوە،  و لە هیچ شتێك ترسم نەما لە کوردستان زانیم نابێ قبوڵی ئەو جۆرە توندوتیژیانە بکەین، ئەگەرچی چەند جارێکی دیکەیش هەوڵدراوە توندوتیژم بەرامبەر بكرێت، بەڵام ڕێگەم نەداوە".


فریاد هیدایەت، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان رایگەیاند، "هەر کەسێك، کە هەر جۆرە توندوتیژیەکی بەرامبەر بکرێت، وەك بەڕێوبەرایەتی لەسەر داوای کەسەکە پەڕاوێکی لێکۆڵینەوەی بۆ دەکەینەوە و دەست دەکەین بەکاری خۆمان و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە دەکەین، هەمو ڕێکارەکان دەگرینە بەر، دوابەدوای ئەمەش بەدوای تۆمەتبارەکەدا دەگەڕێین".


و وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان تیشی، "دوای ئەوەی کە تاوانەکە بەسەر تۆمەتبارەکەدا ساغ دەببێتەوە، ڕوبەڕوی یاسا دەبێتەوە و سزای خۆی وەردەگرێت".


"ژنان هەرکاتێک ڕوبەڕوی توندوتیژی بونەوە قبوڵی نەکەن"


ساجیدە دەڵێت، "داواکارییم لە ژنان ئەوەیە، هەرکاتێک ڕوبەڕوی توندوتیژی بونەوە قبوڵی نەکەن، بەهێزبن بەرامبەر ڕوداوەکان، هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بدەن و دەستەوەستان دانەنیشن، ئەمە تاكە ڕێگەیە کە بتوانێت مافەکانت بەدەست بێنیت".


ئەم راپۆرتە دوای بەشداریکردنی لە خولێکی رێخراوی Internews لەسەر شێوازی نوسینی راپۆرتی هەستیاری جێندەری ئامادەکراوە.



PM:01:17:05/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 1852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌