پرۆژە پێشنیازی ئەنجوومەنی نیشتمانیی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی گەڵاڵە دەكرێت







میترۆ، زەمەن
چەند پسپۆڕ و ئەكادیمییەكی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، ئامادەكاریی بۆ گەڵاڵەكردنی "پرۆژە پێشنیازی ئەنجوومەنی نیشتمانیی راگەیاندن و رۆژنامەگەری" دەكەن، بەئامانجی زیاتر لەبەرچاوگرتنی بەرپرسیارێتی یاسایی و پیشەیی و بەرفراوانكردنی سنورەكانی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەری.


دكتۆر شوان ئادەم ئەیڤەس، مامۆستای زانكۆ و سەرۆكی رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی "چمك" كە یەكێكە لە ئەندامانی دەستەی ئامادەكاری پرۆژەكە دووپاتیكردەوە كە ئامانج لەگەڵاڵەكردنی ئەو پرۆژە پێشنیازە و دامەزراندنی ئەنجومەنەكە، "رێكخستنی چوارچێوەی یاسایی و چاودێرییكردنی پیشەیی پەیامەكانی راگەیاندن و كاركردنی پیشەی رۆژنامەگەرییە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكانی ئەم پیشەیە و بەها نیشتمانییەكانی كوردستان".




شوان روونیكردەوە كە پڕۆژە پێشنیازی دامەزراندنی "ئەنجوومەنی نیشتمانیی راگەیاندن و رۆژنامەگەری" هێشتا لە قۆناغی سەرەتادایە و دوابەدوای سێ دانیشتنی یەك لەدوای یەك، ئێستا دەستەی ئامادەكاری پرۆژە پێشنیازەكە پێكهێنراوەو كار لەسەر پێداچوونەوەو سوودوەگرتن لەپرۆژە هاوشێوەكانی دیكە دەكەن، بەمەبەستی گەڵاڵەكردنی یەكەم رەشنووسی پرۆژەكە. لەقۆناغی دووەمیشدا دەخرێتەبەردەم رایگشتیی و پاش وەرگرتنی سەرنج و تێبینییەكان، هەموار دەكرێتەوەو ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت، بۆئەوەی وەك یاسایەك پەسەندی بكات و بەدوایدا هەنگاوەكانی دامەزراندنی ئەنجومەنەكە دەستپێبكات.


ئەو مامۆستایەی زانكۆ، جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەستەی ئامادەكاری پرۆژە پێشنیازەكە بەو ئاڕاستەیەدا كاردەكەن كە ئەنجومەنەكە دوو رۆڵی سەرەكیی هەبێت: یەكەم، رێكخستنەوەی یاسایی ئەو بوارانەی راگەیاندنی كوردیی كە هێشتا چوارچێوەیەكی یاساییان نییە و دەقی یاساییان لەسەر نییە. بۆنمونە رێكخستنی راگەیاندنی پەخشكراو و ئەلكترۆنی، رێكخستنی دیجیتەڵمیدیا و خراپبەكارنەهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، پاراستنی مافی دانەر، پاراستنی مافی تایبەتمەندێتی و دەستوەردانی بێپاساوی راگەیاندن بۆ نێو ژیانی تایبەتی كەسەكان، رێكخستنی ریكلام و بازاڕسازیی بۆ شمەكی بازرگانیی و چەندین پرۆژە یاسای دیكە. دووەم، چاودێرییكردنی ناوەڕۆكی ئەو پەیامانەی لە راگەیاندنەكاندا پەخش و بڵاودەكرێنەوە، بەئامانجی هۆشیاركردنەوەی خاوەن و بەرهەمهێنەرانی راگەیاندن لەلادانی یاسایی و پیشەیی پەیامەكانیان. 


 دكتۆر شوان ئادەم ئەیڤەس وێڕای پێداگریی لەسەر پێویستیی هەبوونی جۆرە پرۆژەیەكی لەوشێوەیە بۆ رێكخستنی ناوەڕۆكی راگەیاندنی كوردی، ترس و نیگەرانیی خۆیشی نەشاردەوە لەوەی دواتر ناوەڕۆكی پرۆژەكە هاوشێوەی «ئەنجومەنی باڵای خانمان» و «كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان» بەلاڕێدا ببرێت و بەپێی پشكی حزبەكان، سەرۆك و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی «ئەنجومەنی نیشتمانیی راگەیاندن و رۆژنامەگەری»یش دابەش بكرێن و بكرێتە ئامرازێك بۆ زیاتر سنورداركردنی ئازادییەكانی دەربڕین و رۆژنامەوانی. 




هەروەك ناوبراو دووپاتیكردەوە كە ئەمجۆرە ئەنجومەنانە لەوڵاتانی پێشكەوتوودا، لەپێناو دوو ئامانجی سەرەكییدا دروستدەكرێن. یەكەمیان، گەڵاڵەكردنی رستێك رێسای پیشەییە كە كۆی ئەو دەزگا راگەیاندنانەی دەبنە ئەندامی، پێوەی پابەندبن و بەهۆیەوە ببنە خاوەن گوتارێكی پیشەیی بەرپرسیار لەمامەڵەكردن لەپرسەكانی تیرۆریزم، راسیزم، سێكسیزم، هۆمۆفۆبیا، منداڵ، ژنان و دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی كەسەكان، بەتایبەت لەسەروەختی قەیران و هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا. هاوكات چاودێرییكردنی ناوەڕۆكی پەیامی راگەیاندنەكان لەرووی پێشێلكردنی رێسا پیشەییەكان و ئەنجامدانی تاوانەكانی بڵاوكردنەوەوە. دووەم، بەرفراوانكردنی سنورەكانی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و مافی دەستڕاگەیشتن بەسەرچاوەكانی زانیاری، بەشێوەیەكی چوونیەك و یەكسان، "لەكاتی قەیرانەكان و ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا، بنەما یاساییەكان و پێوەرە پیشەییەكان زیاتر پێشێل دەكرێن، چونكە زۆرینەی راگەیاندنەكانی ئێستا لەلایەن حزبەكانەوە هاوكاریی دەكرێن و حزبەكانیش لەوكاتانەدا بۆ بەرگرییكردن لەخۆیان زۆرجار راگەیاندن دەكەنە قوربانیی و بەخراپیی بەكاری دەهێنن".


PM:01:24:05/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌