به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خۆسه‌ر مۆڵه‌تی كاركردن به كوردستان24 ده‌داته‌وه
میترۆ، K24
له راگه‌یه‌ندراوێكی رۆژنامه‌وانیدا، ئیداری خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا رایگه‌یاند، هیچ بڕیارێك بۆ داخستنی كوردستان24 ده‌رنه‌چووه و كه‌ناڵه‌كه بۆی هه‌یه به‌رده‌وام بێت له كاره‌كانی.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: به‌م دواییانه له كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، هه‌واڵی ئه‌وه بڵاوبووه‌وه، كه كاركردنی كه‌ناڵی كوردستان24 له باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا قه‌ده‌غه‌كراوه، ئه‌مه له كاتێكدایه له نووسینگه‌ی "راگه‌یاندنی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكوور‌و خۆرهه‌ڵاتی سووریا" هیچ بڕیارێك له‌و باره‌یه‌وه نه‌دراوه.
هه‌روه‌ها هاتووه: "دوای چاوخشاندن به‌و سكاڵایه‌ی دژی ئه‌و كه‌ناڵه تۆمار كرابوو، له ئه‌نجامی پێشێلكردنی پێودانگه پیشه‌ییه‌كان له هه‌ندێك پرۆگرامیدا، له‌سه‌ر بنه‌مای باوه‌ڕبوونی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری به گرنگی رۆڵی میدیا له بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه و هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانی بۆ گواستنه‌وه‌ی راستیی و پیشاندانی واقیع وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه، "نووسینگه‌ی راگه‌یاندن" له ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا بڕیاری دا ئه‌و كه‌ناڵه له باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا به‌رده‌وام بێت له كاره‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای پابه‌ندی به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه و هه‌روه‌ها دوور بكه‌وێته‌وه له پێشێلكردنی مافه‌كانی تاك، هه‌موو پێوه‌ره‌كانی په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌فی میدیایی له خۆ بگرێت و بگاته ئاستی راگه‌یاندنێكی راسته‌قینه كه خزمه‌تی به‌هاكانی ئازادی و دیموكراسی بكات، كه ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری بڕوای پێیانه.
بڕیاره‌كه‌ی ئیداره‌ی خۆسه‌ری به‌رامبه‌ر كوردستان24 نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا و چه‌ندین ناوه‌ندی رۆژنامه‌وانی و میدیایی و رێكخراو و ناوه‌نده رووناكبیرییه‌كان دژی ئه‌و هه‌وڵه پشتیوانی خۆیان بۆ كوردستان24 ده‌ربڕی.
پاش ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی كوردستان 24 له راگه‌یه‌ندراوێكدا فشاره‌كانی ئیداره‌ی خۆسه‌ری له‌سه‌ر تیمه‌كانی راگه‌یاند و ناوه‌ند و دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی له بڕیاری ئیداره‌ی خۆسه‌ری ئاگادار كرده‌وه و به‌هۆی فشاره‌كانیانه‌وه راگرتنی كاره‌كانی له رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا راگه‌یاند.
ماوه‌ی زیاتر له مانگێكه، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خۆسه‌ر كاری تیمی كوردستان24ی له رۆژئاوای كوردستان وه‌ستاندبوو، له هه‌فته‌ی رابردووش‌دا به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه بڕیاری دا به داخستنی سه‌رجه‌م نووسینگه‌كانی كوردستان24 له رۆژئاوای كوردستان.
PM:03:48:06/09/2019
ئه‌م بابه‌ته 152
جار خوێنراوه‌ته‌وه