نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان: بڕیارەکانی حکومەت نابێت دژی یاسای بەدەستهێنانی زانیاری بن



میترۆ، ناس کورد


لە دوای دەستبەکاربوونی وەزیرە نوێیەکانی حکومەت تا ئێستا چەند وەزارەتێک چەند  بڕیارێکیان داوە، کە بەدەستهێنانی زانیاری لەلایەن ڕۆژنامەنوسانەوە قورس و بەرتەسک دەکات، نەقیبی‌ سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستانیش دەڵێت، بڕیارەکانی حکومەت نابێت دژی یاسای بەدەستهێنانی زانیاری بێت.




لە نوسراوێکدا وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاندووە، ، بە مەبەستی ڕێکخستنی گوتاری وەزارەت و مامەڵەی تەندروست لەگەڵ میدیادا، بڕیاریانداوە هیچ فەرمانبەرێک بە سەرجەم پلە وەزیفییەکانەوە لێدوان و بەشداری هیچ بەرنامەیەک نەکەن، بەبێ ڕەزامەندی وەرگرتن لێیان.




هاوکات ڕۆژی‌ چوارشەممە ٤ی‌ ئەیلول وەزارەتی پەروەردە لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، بۆ هەر بابەتێک که پەیوەندی به پرۆسەی پەروەردەوە هەبێت، پێویسته میدیاکان زانیاریەکان بەوردی و دروستی له وەزیر یان وتەبێژی فەرمی وەزارەت وەربگرن.




وەزارەتی‌ کاروکاروباری‌ کۆمەڵایەتیش وێنەگرتنی‌ چەند سەنتەر و بنکەیەکی‌ سەر بە وەزارەتەکەی قەدەغەکرد و هۆکارەکەشی بۆ هەستیاری‌ کەیسی کەسەکانی‌ ئەو ناوەندانە گەڕاندەوە.




لەوبارەیەوە ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ئەگەر ئەو بڕیارانە بۆ ڕێکخستنی کارەکانی حکومەت بێت کێشە نییە، بەڵام پێویستە لە بەرامبەردا بە هیچ شێوەیەک ئەو بریارە دژی یاسای بەدەستهێنانی زانیاری نەبێت و بۆ شاردنەوەی زانیاری لە ڕۆژنامەنوسان نەبێت”.


نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان وتیشی، کاتێک حکومەت یاخود وەزارەتێک بڕیارێکی لەوشێوەیە دەدات، پێویستە ئەو وتەبێژەی کە دایانەوە، بە هەموو شێوەیەک وەڵامی ڕۆژنامەنوسان بداتەوە و هاوکاریان بێت، بەڵام بێگومان وتەبێژێک بە تەنها ناتوانێت ئەو کارە بکات و فریا ناکەوێت.




ئازاد حەمەدەمین ڕونیشیکردەوە، خراپییەکی دیکەی بڕیارەکە ئەوەیە، کە ئەو وتەبێژە ئاگاداری سەرجەم کاروبارەکانی تایبەت بە وەزارەتەکەی نییە، بۆ نمونە کاتێک ئەو لە هەولێرە و بڕیارێک لە سلێمانی دەردەچێت ئەو ناتوانێت یەکسەر زانیارییەکان وەربگرێت و بیدات بە ڕۆژنامەنوسان.


PM:04:58:06/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌