کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر 150 هەزار دۆلار بۆ دیجیتاڵکردنی ئەرشیفی کوردیی تەرخاندەکات





میترۆ، ده‌نگی‌ ئه‌مریكا


کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر هەڵدەستێت بە دابینکردنی ١٥٠ هەزار دۆلاری ئەمەریکی بۆ پڕۆژەیەکی دیجیتاڵکردنی وێنە و بڵاوکراوە و دەستخەتی کوردی.


لە مەراسیمێکدا لە شاری سلێمانی و لە ناوەندی ئینستیتیوتی کەلەپووری کورد، بە ئامادەبوونی مەزهەری خالقی، بەڕێوەبەری ئینستیتیوت و ستیڤن ڤەیگن، کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەولێر و ئامەد دەمیرخان، بەڕێەوەبەری پرۆژەی دیجیتاڵکردن، پڕۆژەکە ڕاگەیندرا.


لە مەراسیمەکەدا خالقی وتی "ئەم پڕۆژەی دیجیتاڵکردنە ئەرشیفی نەتەوەیی گەلی کورد و کتێبخانەی گەلی کورد دەگرێتەوە."




هەروەها فەیگن باسی لەوە کرد ئەوان وەکو کونسوڵی گشتی هەستاون بە بەخشینی پاڵپشتییەکی ماددی بە بڕی ١٥٠ هەزار دۆلار بۆ پڕۆژەکە. گوتی


"هۆکاری ئامادەبوونمان ئەمڕۆ لێرە بۆ ڕاگەیاندنی بەخشینێکی داراییە بە بڕی نزیکەی ١٥٠ هەزار دۆلاری ئەمەریکی بۆ ئەنجومەنی کتێبخانەکان و سەرچاوەکانی زانیاری، بۆ دیجیتاڵکردنی ئەرشیفی ئینستیتیوتی کەلەپووری کوردی. ئەم بەخشینە داراییە دەبێتە پاڵپشتێک بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەم گەنجینە کەلەپوورییەی لێرە هەیە بپارێزرێت بۆ نەوەکانی داهاتوو، وە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکی ئاسایی دەستیان بگات بە کتێبخانەیەکی ١٥ هەزار کتێبی و ٣ هەزار وێنەی کەلتووری و گرنگ و ٢٣ هەزار فایلی دەنگی و ڤیدیۆیی."




ئامەد دەمیرخان کە وەکو بەڕێوەبەری پڕۆژەی دیجیتاڵکردنی ئەرشیفی کوردی دەستبەکاردەبێت باسی لەوە کرد "ئەم پڕۆژەیە ئەرشیفی کورد نەک دەگەنێتە هەموو کوردان، بەڵکو هەرکەسێک لە سەرانسەری جیهانەوە ئەگەر ویستی لێکۆڵینەوەی لەسەری هەبێت."


ئینستیتیوتی کەلەپووری کورد لە شاری سلێمانی کار لەسەر کۆکردنەوە و پاراستنی ئەرشیفی گەلی کورد ئەکات کە خۆی لە نووسین و بلاوکراوە و کتێب و ڕۆژنامەو و وێنە و گۆرانی و چەندین بابەتی تر ئەبینێتەوە.


AM:11:52:11/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌