چمك و میترۆ هەمئاهەنگی دەكەن




میترۆ، سلێمانی
سەنتەری میترۆ و رێكخراوی چاودێری میدیای كوردی (چمك) رێككەوتن ئاستی هەمئاهەنگی نێوانیان بەرزبكەنەوە كار بكەن بۆ نوسینی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوانیان.


ئەمڕۆ شەممە لە میانی سەردانی سەرۆكی رێكخراوی (چمك) د. شوان ئادەم ئەیڤس بۆ سەنتەری میترۆ، باسی لە كۆمەڵێ‌ پرسی هەنوكەیی تایبەت بە رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی و ئەو گفتگۆیانەی كرد كە سەبارەت بە كۆمەڵێ‌ پرسی وەك ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ میدیا و هەندێ پرۆژە یاسای تر دەخرێنە روو، كە پێویستی بە هەمئاهەنگی زیاتر نێوان رێكخراوەكانە.


میترۆ پشتیوانی لە داخوازییەكەی (چمك) كرد بە پێویستی زانی ئاستی هەمئاهەنگی نێوانیان هەردوو رێكخراو زیاتر بكرێن و هەدولا كار بكەن بۆ نوسینی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوانیان.


هەردولا هاوڕابوون لەوەی كۆشش بكەن بۆ بەشداری كارا لە هەر دیدارو بۆنەیەك كە پرسەكانی ئازادی رۆژنامەگەری تیایدا تاوتوێ دەكرێن بە ئامانجی بەرگری و فراوانكردنی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری.


(چمك) رێكخراوێكی ناحكومی قازانجنەویستی سەربەخۆیە. كار بۆ چاودێرییكردن، هەڵسەنگاندن، راپۆرتكردن‌و توێژینەوەی خەوش‌ و پێشلكارییە پیشەییەكانی میدیاو رەوشی رۆژنامەگەری كوردیی دەكات.


جەختكردنەوەی سەرەكیی ئەم رێكخراوە، لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاكەكەس‌ و كۆمەڵگەی كوردییە لەهەمبەر پەڕاوێزخستن‌و دەستێوەردانی ناپیشەیی میدیاو میدیاوانانی كوردستان.


PM:01:08:14/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌