پەرلەمانی كوردستان سكاڵا دژی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی‌ عێراق تۆمار دەكات





میترۆ، شار پرێس 


پەرلەمانی كوردستان سكاڵا دژی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی‌ عێراق تۆمار دەكات.


جوان یونس رۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان راگەیاند: "یاسای ھەموار كراوی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، لە مادەی 16 باس لەوە دەكات ھاووڵاتی ھەر پارێزگایەك ئەگەر لەناو پارێزگاكە نەبێت ناتوانێت دەنگ بدات، ئەمەش زیانی بۆ كورد ھەیە".


ئاماژەی‌ بەوەشکردوە، دوای 16ی ئۆكتۆبەر رێژەیەكی زۆر لە خەڵكی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان ئاوارە بوون و لە ھەولێر و دەوروبەری نیشتەجێن، بەم جۆرەش مافی كورد لە ھەڵبژاردەنەكە پێشێل دەكرێت.


ئەو پەرلەمانتارە بۆ کوردستان ٢٤ باسی‌ لەوە کردوە، وەك لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بڕیارماندا رێكاری یاسایی دژی ئەو مادەیە بگرینەبەر و ھەڵبوەشێتەوە، چونكە پێشێل كردنی دەستوورە.


ناوبراو رونیکردەوە، پارێزەرێكیان دەست نیشانكردووە و بیركارنامەیان پێداوە ئەمڕۆ لە دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵا تۆمار دەكەن، جەختیش دەکاتەوە بە ھەر شێوەیەك بێت، دەبێ پێش ھەڵبژاردن ئەو مادەیە ھەڵبوەشێنرێتەوە، ئەگەرنا رێژەیەكی زۆری ھاووڵاتیانی كورد لە دەنگدان بێبەش دەكرێن.


AM:11:57:15/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌