موسای کورد لە جیاتی گۆچان قەڵەمی بە دەستەوە گرت‌





میترۆ، په‌یسه‌ر 
موسا ئانتەر لە سەر بەرگی کتێبەکەی بە ناوی "بیرەوەریەکانم" نووسیویەتی، "من شایەتحاڵی زیندوو و سوێندخواردووی قەیرانەکانی ٥٥ ساڵی ڕابردووم. ئایا من بە تەنها شایەتحاڵم؟ نا! لەهەمانکاتدا تاوانبارم، گۆمانلێکراوم و دادوەری تورکیاشم."


 


موسا ئانتەر سیاسەتمەدار، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکان و دەستپێشخەری ڕۆژنامەگەری مۆدێرنی کوردی بوو لە باکووری کوردستان.
لە سەرەتای پەنجاکانەوە دەستی بە نووسین بە کوردی کرد و هەوڵیدا ئێش و ئازارەکانی گەلی کورد بخاتە سەر کاغەز و بە جیهانی بناسێنێت. چەندین جار دەستگیر کرا، ئەشکەنجەکرا و هەڕەشەی لێکرا، بەڵام هەر دەستی لە خەبات و تێکۆشانە مەدەنیەکەی بەرنەدا. دواجار لەگەڵ ئەوەی لە تەمەنی پیریدا بوو، بەڵام دەوڵەت تیرۆری کرد و تەنها بە کوشتنی توانیان لە خەبات و تێکۆشان ساردی بکەنەوە.


هەرچەندە ئاپێ موسا شەهیدکرا، بەڵام هزر و خەباتەکەی ڕێچکەیەکی دروست کرد و بە هەزاران گەنجی کورد لە باکووری کوردستان بەردەوامی بە خەبات و کارەکانی دەدەن.
خەبات و تێکۆشانی موسا ئانتەر کە لە باکووری کوردستان وەک "ئاپێ موسا" واتە مام موسا دەناسرێت، لە سەرەتاکانی چلەکانی سەدەی ڕابردوو دەستی پێکرد. دوای ئەوەی خوێندنی فەلسەفە لە شاری ئەستەنبوڵی تورکیا بەنیوەچڵی بەجێدەهێڵیت. بە شۆرشگێرەکانی کورد ئاشنا دەبێت و دەست بە کار دەکات. لە یەکەم هەنگاودا لە سەر داوای فایق بوجاک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا لە زانکۆی ئەنقەرە دەست بە خوێندنی یاسا دەکات. لەو کاتەدا دەبێتە یەکێک لەو ٤٩ کەسەی کە لە ساڵەکانی چلەکاندا دەستیان بە خەبات و تێکۆشان بۆ دۆزی نەتەوەیی کورد کرد. موسا ئانتەر لە سەرەتادا ناوەندێکی بە ناوی "ناوەندی دیجلە" بە ئامانجی پشتگیری مادی، مەعنەوەی و سیاسی بۆ خوێندکارانی کورد دامەزراند.


لە زینداندا یەکەم کتێبی خۆی نووسی
لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێی کۆمەڵەی (هێڤی) دامەزراند. رێکخراوێکیشی بە ناوی "کۆمەڵەی خوێندکاران"ی دامەزراند.


ئانتەر لە ساڵی ١٩٤٨ (کۆمەڵەی فورات)ی دامەزراند و دەستی بە دەرکردنی ڕۆژنامەی دیجلە کرد. هەر لەو ساڵەدا دەچێتە شاری ئامەد و لەوێ کۆمەڵەیەکی بە ناوی (وڵاتی پێشکەوتوو) دامەزراند و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بۆ یەکەمجار دەستگیربکرێت و چەند مانگێک لە زیندان بمێنێتەوە و دواتر ئازاد دەکرێت و دەچێتەوە بۆ ئەستەنبوڵ.


لە ساڵی ١٩٤٩ لە چوارچێوەی دۆسیەی (٤٩) کەسەکە کە دەستیان بە تێکۆشانی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی مافی کورد کردبوو، دەستگیردەکرێت و ٦ مانگ لە زینداندا دەمێنێتەوە. زیندان نەک نەیتوانی لە خەباتەکەی پاشگەزی بکاتەوە، بەڵکو یەکەم کتێبی خۆی بە ناوی "برینی ڕەش" لە زینداندا نووسی. هەروەها بناغەی فەرهەنگێکی کوردی دانا کە لە ٦ هەزار وشە پێک دێت.


 


تا ساڵی ١٩٦٠ بە کاری ڕاگەیاندن و نووسینەوە سەرقاڵ بوو. لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٠ بە شێوەیەکی فەرمی دەستی بە کاری سیاسەت کرد و بوو بە ئەندامی پارتی چەپی تورکیا.
لە ساڵی ١٩٧١ جارێکیتر گەڕایەوە کوردستان و لە ئامەد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرایەوە و دادگا ٤ ساڵ سزایی زیندانی بەسەردا سەپاند و پڕۆسەی دادگاییکردنەکەی ساڵێک بەردەوام بوو و لە ساڵی ١٩٧٢ موسا ئانتەر ڕوناکبیری کورد زیندانیکرا و لە ساڵی ١٩٧٦ لە زیندان ئازادکرا. دواتر گەڕایەوە بۆ گوندەکەی "زڤنگ" کە سەر بە شاری مێردینە.


لە ساڵی ١٩٨٩ جارێکیتر گەڕایەوە بۆ ئەستەنبوڵ و لە ژمارەیەکی زۆر گۆڤار و ڕۆژنامەدا بە شێوەیەکی چالاک دەست بە نووسین لەبارەی وێژە و مێژووی کورد دەکات. نووسینەکانی لە ڕۆژنامەی وەک "وڵات، ڕای ئازاد، ولاتی ئازاد" بڵاودەبنەەوە و تا ساڵی ١٩٩٠ بە سەردەمی زێرینی موسا ئانتەر لە ڕووی کار و تێکۆشانەکەی دادەنرێت.


بە کوشتنی "ئاپێ موسا" دەوڵەت هەوڵی کپکردنی دەنگی کوردی دا
موسا ئانتەر تا ساڵی ١٩٩٢ زۆر خوێندکار و ڕۆژنامەنووسی کوردی پێگەیاند و خەباتێکی زۆر گەورەی لە ڕووی مێژوو، وێژە و ڕێزمانی کوردی "کورمانجی" ئەنجامدا.


وەک دەزانرێت لە ساڵی ١٩٩٢ هەڵمەتێکی مەترسیداری فراوان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە پێشەنگایەتی "تانسو چیلەر"  سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا بەرامبەر وڵاتپارێز، نووسەر و کەسایەتییە دیارەکانی کورد لە باکووری کوردستان دەستپێکرا. لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا نزیکی ١٧ هەزار کەسایەتی کورد لە لایەن گروپێک بە ناوی "حزبوڵلا" و میتی تورکەوە شەهیدکران کە تا ئێستاش چارەنووسیان ئاشکرا نەکراوە و ژمارەیەکیشیان بێسەروشوێنن.


 


موسا ئانتەریش یەکێک لەو کەسانە بوو کە بەر ئەو لیشاوە دڕندانەیە کەوت و لە ٢٠ی ئەیلولی ساڵی ١٩٩٢ لە کۆڵانێکی شاری ئامەد لەلایەن هێزە دەمامکبەسەرەکانی میتی تورکیاوە لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا تیرۆرکرا.
بە شەهیدکردنی "ئاپێ موسا" دەوڵەتی تورک هەوڵی بێدنەگکردن و کپکردنی ڕۆژنامەگەری کوردی و ڕامانی ئازادی کورد و کوردایەتی دا، بەڵام ئاپێ موسا بە هەزاران خوێندکاری کوردی دوای خۆی بە جێهیشت و ناوەکەی بە پیتی زێڕین لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازی کورد لە باکووری کوردستان نووسرایەوە و تا ئێستاش هەموو کەس ناوی "ئاپێ موسا"یان لە دڵیاندا هەڵگرتووە.


موسا ئانتەر جگە لە کاری نووسین و شێعر و ڕۆژنامەگەری، بەشداری لە فیلمی مەم و زینیشدا کردووە و لە سەرەتای فیلمەکە وەک کەسێکی بەتەمەن دەردەکەوێت کە چیرۆکی مەم و زین دەگێرێتەوە و دواتر لە خەیاڵی ئەوەوە فیلمەکە دەستپێدەکات.






هەروەها فیلمێکیش لەسەر کەسایەتی و ژیانی ئاپێ موسا بە ناوی "موسای بێ گۆچان" بەرهەمهێنراوە کە تێیایدا باسی فشاری دەوڵەتی تورک لەسەر کلتور و زمانی گەلی کورد دەکات. هەروەها باس لە خەباتی ئاپێ موسا بۆ زیندووکردنەوەی شوناس و کلتور و زمانی کوردی دەکات.






موسا ئانتەر خاوەنی ئەم بەرهەمانەی خوارەوە"
برینی ڕەش – ١٩٥٩
کمل – ١٩٦٢
فەرهەنگی کوردی – ئەستەنبوڵ ١٩٦٧
بیرەوەریەکانم – بەرگی یەکەم – ئەستەنبوڵ ١٩٩١
بیرەوەریەکانم – بەرگی دووەم – ئەستەنبوڵ ١٩٩٢
چنارەکەم – ئەستەنبوڵ – بڵاوکراوەی ئاڤێستا


خەڵاتی ئاپێ موسا
لە تورکیا و باکووری کوردستانیش لە ساڵی ١٩٩٣ەوە خەڵاتی ڕۆژنامەگەری موسا ئانتەر و شەهیدانی ڕاگەیاندن پێشکێش دەکرێت.



AM:10:39:12/11/2019




ئه‌م بابه‌ته 8 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌