قوباد تاڵە بانی: ده‌بێت کۆتایی بە دەستگیرکرنی رۆژنامەنووسان بهێنین





میترۆ، وێستگه‌ نیوز 
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، زیندان شوێنی رۆژنامه‌نووس و ره‌خنه‌گران نیه‌ و ده‌بێت نووسین به‌ نووسین وه‌ڵام بدرێته‌وه‌، ده‌شڵێت: "هه‌وڵ ده‌ده‌ین كۆتایی به‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌ كردنه‌ له‌گه‌ڵ نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسان بهێندرێت".


لەسەر سكاڵایه‌كی کۆن کە پێشتر بە کەفالەت ئازاد کرابوو، ئەمرۆ چوارشه‌ممه‌ 13ی تشرینی دووه‌می 2019، دادگای کەلار کەفالەتەکەی هەڵوەشاندەوە و بریاریدا بە ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئازاد عوسمان، بەرێوەبەری رادیۆی دەنگ تا رۆژی دووشەممەی داهاتوو.


ئازاد عوسمان بەرێوەبەری رادیۆی دەنگ پێشتر لەسەر دۆسیەیەك بە كەفالەت ئازاد كرابوو، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە دادگای کەلار کەفالەتەکەی هەڵوەشاندەوە، هەروەها دەستبەسەركردنی تا رۆژی دووشەممە 18ی تشرینی دووه‌می 2019 راگەیاند.


قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئازاد عوسمان-ه‌وه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ فه‌یسبوك نووسینێكی بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "زیندان شوێنی رۆژنامەنووس و رەخنەگران نییە، بەڵکو شوێنی دز و پیاوکوژانە، نووسین بە نووسین وەڵام دەدرێتەوە، ئەگەر رۆژنامەنووسێکیش هەڵەیەکی کرد و بێ بەڵگە کەسێک و لایەنێکی تۆمەتبار کرد ئەوا یاسای کاری رۆژنامەگەریمان هەیە و دەبێت بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک پەنا ببرێت بۆ دەستگیرکردن و هەڕەشە و توندوتیژی".


قوباد تاڵه‌بانی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: "لەماوەی داھاتودا کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و رۆژنامەنووسان رێک دەخەم بۆ ئەوەی رێوشوێنێک بدۆزینەوە بۆ چۆنیەتی کۆتاییهێنان بەم جۆرە مامەڵەکردنانە کە دواھەمینیان دەستگیرکردنی رۆژنامەنوس (ئازاد عوسمان)ە".


AM:10:22:14/11/2019




ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌