توركیا رۆژنامه‌نوسێك ئازاد ده‌كات و پاشان ده‌ستگیری ده‌كاته‌وه
میترۆ، رادیۆ نه‌وا
پاش هه‌فته‌یه‌ك له ئازادكردنی رۆژنامه‌نوسێكی توركی به‌ناوی ئه‌حمه‌د ئاڵتان، جارێكی دیكه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته ده‌ستگیریان كرده‌وه و ره‌وانه‌ی گرتوخانه‌یان كرد.
به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی ئاژانسی "ئه‌سۆشێتد پرێس"، هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌حمه‌د ئاڵتان له‌لایه‌ن دادگای توركیاوه بڕیاری ئازادكردنی درا، به‌ڵام به‌هۆی ناڕه‌زایی ده‌ربڕینی داواكاری گشتی له‌سه‌ر ئازادكردنه‌كه‌ی، بۆیه سه‌رله‌نوێ به بڕیاری دادگا ده‌ستگیركرایه‌وه.
پێشتر ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا ئیدانه‌ی هه‌ردوو رۆژنامه‌نوسان ئه‌حمه‌د ئاڵتان و نازلی ئیلیجاك-یان كردبو به‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ری فه‌تحوڵڵا گوله‌ن-ی رێبه‌ری ره‌وتی "خزمه‌ت" بون و به‌و هۆیه‌شه‌وه ماوه‌ی سێ ساڵه له گرتوخانه‌دان، به‌ڵام هه‌ردووكیان ئه‌و تۆمه‌ته ره‌تده‌كه‌نه‌وه.
هه‌ردوو رۆژنامه‌نوسه‌كه له ساڵی 2016وه ده‌ستگیركراون و سزای 10 ساڵ زیندانیكردنیان بۆ ده‌رچوه، به‌ڵام به‌گوێره‌ی یاسا به‌ر له ته‌واوكردنی ماوه‌ی سزاكه‌یان، ئازادكراون.
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ره‌خنه‌ی له دوباره ده‌ستگیركردنه‌وه‌ی ئاڵتان گرتوه و رایگه‌یاند "بڕیاره‌كه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و زوڵمه‌ی لێی ده‌كرێت".
PM:12:05:14/11/2019
ئه‌م بابه‌ته 8
جار خوێنراوه‌ته‌وه