لە كەركوك روماڵكردنی ناوچەی تەعریبكراو قەدەغەیە



میترۆ
27ی كانونی دووهەمی 2020: دەسەڵاتی عەسكەری لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزی فیدڕاڵی، ناهێڵن رۆژنامەنووسان بچنە ئەو ناوچانەی چالاكانە پرۆسەی تەعریبی تێدا ئەنجام دەدەرێت، وەك دوژمن مامەڵە لەگەڵ میدیاكان دەكات .


بەیانی ئەمڕۆ چوار تیمی رۆژنامەوانی كەناڵەكانی( گەلی كوردستان، NRT، سپێدە، كه‌ناڵی‌ كەركوك) بە مەبەستی ئامادەكردنی راپۆرت لەسەر نارەزایەتی هاوڵاتیانی گوندی خەرابەی سەر بە ناحییەی سەرگەڕان، چوونە ناوچەكە و لە لەلایەن بازگەی پۆلیسی ئیتحادی رێگرییان لێكرا.


ئەو بازگەیە داوای مۆڵەتیان لەو تیمانە كردوە، ئەوانیش مۆڵەتی رەسمییان پێداون كە لەلایەن پۆلیسی كەركوكەوە وەریانگرتووە، بەڵام ئەوان داوای مۆڵەتی هێزەكانی خۆیانی لێكردوون كە بارەگای سەرەكی لە شاری تكریتە.


ئەو تیمانە كە پێكهاتبوون لە پەیامنێران وێنەگرانی ئەو كەناڵانە ( خەبات نەجمەدین و نەبیل خالید، دیار تالیب و تیشكۆ ئیسماعیل، نەبەز میقداد و هاوتا بەهرۆز، سەیف ئەنوەر و ئەیاد محمد) بە ئامانجی مۆڵەت وەرگرتن روویان كردۆتە شاری دوبز لە چواڕیانی( پردێ، دوبز سەرگەڕان) پۆلیسی فیدراڵی سەرلەنوێ رێگریان لێكردوون بۆ ماوەی كاتژمێرێك راگیراون، و پێناسەكەیان لێسەندوون.


ئەو بازگەیە داوای لە كامێرامانی تیمەكان كردووە كە وێنە نەگرن، گەر وێنەشیان تۆمار كردوە پێویستە بیسڕنەوە.


بە پێی لێدوانی ئەندامانی ئەو تیمانە بۆ میترۆ" ئەمڕۆ هێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵی نەیانهێشتووە هیچ میدیایەك بگاتە ئەو ناوچەیە"


لە ناوچەكانی مادەی 140 ی دەستور، رۆژنامەنوسان مامەڵەیەكی خراپیان بەرامبەر دەكرێت و لە ژینگەیەكی دوژمنكارانە بەرامبەر بە پیشەكەیان كاری رۆژانەی خۆیان ئەنجام دەدەن.


بە هۆی دەستبەسەر كردن و توندوتیژی و دەستگرتن بەسەر كەلوپەلی رۆژنامەوانی، رێگری لەروماڵی روداوەكان، پێنەدانی زانیاری، سوكایەتی، تا كار گەیشتە ئەوەی لە ساڵی رابردودا لە ناو سنوری یەك پارێزگادا بەمادەی بەزاندنی سنور (تجاوز حدود) رۆژنامەنوسان دادگایی بكرێن.


سەرباری ئەوەی بە فەرمانی راكان جبوری، بەرێوەبەری فەرمانگەكان بەهیچ شێوەیەك هاوكارنین لەپێدانی زانیاری بەرۆژنامەنوسان، بەشێوەك رۆژنامەنوس هەبووە بە هەفتەیەك نەیتوانیوە راپۆرتێكی رۆژنامەوانی ئامادە بكات، چونكە كەس نەبووە قسەی بۆ بكات و زانیاری پێبدات.


میترۆ لە ناوەڕاستی ئایاری 2019 داوای لە سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی عێراق كرد، لێكۆڵینەوەی جدی لەو پێشێلكارییانە بكەن.
سەنتەری میترۆ سەركۆنەی رێگرییەكانی دەسەڵاتی عەسكەری لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزی پۆلیسی فیدڕاڵی كەركوك دەكات ،كە ناهیڵن روماڵی پرۆسەی تەعریبی ناوچە كوردستانییەكان بكەن.


میترۆ داوا لە هێزە سیاسییەكانی شاری كەركوك و سەرجەم رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەكات، پشتیوانی لە ئازادی میدیا بكەن و نەهێڵن پرۆسەكانی تەعریب و راگواستنی جوتیارانی كورد لە سەر زەوی و ئاوی خۆیان تێپەڕێت و زومی كامێرای پێنەگات و بیدەنگی لێبكرێت.


سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی IWPR ی ئەمریكی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستانی عێراق.


میترۆ بە پێی یاسای رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 2011 دامەزراوەو مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.
لەسەرەتای دامەزراندنیەوە هەریەك لە رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، پاڵپشتی كردوە. بۆ ساڵی 2020 ژوار پرۆژە بە هاوكاری وەزراەتی دەرەوەی ئەمریكا، رێكخراوەكانی IMSی دەنیماركی و Intenews ،
بۆ پەیوەندی:
07701528887 بۆ عەربی
07700004147 بۆ كوردی


PM:01:23:27/01/2020




ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌