با میدیاكان هاوبەش بن لە روبەروبونەوەی "كۆرۆنا"





27ی شوبات 2020: سەنتەری میترۆ داوا دەكات میدیاكانی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی خۆپاراستن لە نەخۆشی "كۆرۆنا" پاڵپشتی ئەو هەڵمەتە نیشتیمانییە بكەن بۆ بڵاوكردنەوەی رێنمایی وهۆشیاری خۆپارێزی تەندروستی، نەبنە سەكۆیەك بۆ بەرهەمهێنانی ترس و پروپاگەندە، پشت بە سەرچاوەی رەسمی ببەستن.


لەپاش بڵاوبونەوەی "ڤایرۆسی كۆرۆنا" حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتەكانی ناوخۆو و تەندروستی و پەروەردە پلانەكانیان بۆ روبەروبونەوەی قۆناغی خۆپاراستن لە نەخۆشییەكە، راگەیاند، كارێكی باشە رۆژانە وەزیرەكانی تەندروستنی و ناوخۆ زانیاری و رێوشوێنی تازە بۆ روبەروبونەوە دەدەنە رای گشتی. لەپاڵ ئەو هەوڵانەیان، هاوڵاتیان چاویان لەو دوو وەزارەتەیە لە چالاككردنی چاودێری نەخۆشخانەو بازاڕ، بە ئامانجی پاراستنی تەندروستی گشتی.


سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت لەم قۆناغەدا ڤایرۆس ناپرسێت كوڕی كێیت، سەر بەكام حزبیت و ئایینەكەت چییە؟ مەترسییە بۆ سەر هەمووان، هەمووان دەبێت هاوبەش بین، لە روبەرووبونەوەی، بە تایبەتیش پێویستە میدیاكان لە رێگەی بەرنامەی هۆشیاری تەندروستی هاوبەش بن لە پلانی قۆناغی خۆپاراستن، رۆڵی بەرچاوتریان هەبێت لە هۆشیاركردنەوەی تەندروستی.


بڵاوكردنەوەی راپۆرت و هەواڵ سەبارەت بە تەندروستی گشتی، ڕوبەڕوبونەوەی پەتا و نەخۆشییە گواستراوەكان، هاوكاری هاوڵاتیان دەكات لە پاراستنی ژیانیان، ئەمەش پەیامێكی پیرۆزە، ئەم پەیامە دەبێت پشتببەستێت بە زانیاری رون وردبینی وراستگۆیی.


سەنتەری میترۆ داوا لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان دەكات:


• هەموو ئامرازەكانی پەیوەندیكردن بخەنە خزمەتی قۆناغی خۆپاراستن .
• بەردەوام بن لەهۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان بە گرنگی خۆپاراستن.
• گرنگی تەواو بدرێت بە ئاگادارییەكانی وەزارەتەكانی تەندروستی و ناخۆ.
• پسپۆرانی تایبەتمەند بهێننە ناو بەرنامەكان، "كۆرۆنا" تێكەڵی سیاسەت مەكەن.
• وێنە، ناو، ناونیشانی ماڵی نەخۆش ئاشكرا مەكەن، رێز لە مافی نەخۆش بگرن.
• پروپاگەندە مەكەن بە هەواڵ، مەبنە سەكۆی بڵاوكردنەوەی ترس.
• مەترسییەكان (بچوك) یان (گەورە) مەكەن، با سەرچاوەكانتان رەسمی بن.
• پشت بەئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی و رێكخراوی تەندروستی جیهانی ببەستن.
• بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ سەرچاوەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بكەن.
• هۆشیاری زیاتر بدرێت لەسەر رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی.


میترۆ چاودێری ئەوەی كردووە كە بەشێكی بەرچاوی میدیاكان، لەو قۆناغەدا رۆڵی گرنگیان هەبووە لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی، بەردەوام زانیاری دروست بڵاودەكەنەوە ئەركی پیشەیی خۆیان جیبەجێكردوە، هەر سەركەوتووبن.


لە بارەی میترۆوە:
سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی IWPR ی ئەمریكی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستانی عێراق.
میترۆ بە پێی یاسای رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 2011 دامەزراوەو مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.
لەسەرەتای دامەزراندنیەوە هەریەك لە رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، پاڵپشتی كردوە. بۆ ساڵی 2020 ژوار پرۆژە بە هاوكاری وەزراەتی دەرەوەی ئەمریكا، رێكخراوەكانی IMSی دەنیماركی و Intenews ،
بۆ پەیوەندی:
07701528887 بۆ عەربی
07700004147 بۆ كوردی


AM:10:10:29/02/2020




ئه‌م بابه‌ته 300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌