زریان محمد شایەنی ستایشە نەك سزا



7ی نیسانی 2020: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت ئەو وێنانەی كە رۆژنامەنوس زریان محمد بڵاویكردۆتەوە كارێكی پیشەیی و یاساییە، لەبری دەسگیركردن دەبوو ستایش بكرێت، چونكە داوای كردوە رێوشوێنی قۆناغی خۆپارێزی پێشێل نەكرێت.

ئەمڕۆ كۆمەڵێك وێنە لەسەر شێوازی دابەشكردنی موچە لە سایت و تۆرە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرانەوە، كە هەمووی گوزارشتن لە شكاندنی قۆناغی خۆپارێزی. هەر كەس و لایەنێك بڵاویكردۆتەوە لە سۆنگەی پەرۆشی بووە بۆ پتەوكردنی رێوشوێنی قۆناغی خۆپارێزی تەندروستی كە بەو قەرەبالغییە مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر دەكات.

زریان محمد پەیامنێری ئاوێنە نیوز، ئەمڕۆ سەبارەت بە قەرەباڵغی چاودێری بازرگانی سلێمانی هەواڵێك بڵاودەكاتەوە، دوای دوو كاتژمێر بانگ دەكرێت بۆ ئاسایشی سلێمانی تا ئێستا نازانرێت ئایا ئەم هەموو سەعاتە دەستبەسەرە یان لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.

لە ساڵانی رابردوودا لەچەندین بۆنەدا بەرپرسانی باڵای هەرێم رایانگەیاندووە كە " لە مەسەلەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە جگە لەپۆلیس هیچ دەزگایەكی ئەمنی بۆی نەبێت رۆژنامەنوس بانگ بكات، جگە لەوەی كە داوا كراوە نابێت بە هۆی كارەكەی رۆژنامەنوس لە زینداندا بێت"

ئەگەرچی لە رواڵەتدا چەندین یاسا و رێنمایی لە بەرژەوەندی رۆژنامەنوسان و روماڵی رۆژنامەوانیدا هەیە، بەڵام ئەوانەی لەو بوارەدا كاردەكەن لێشاوێك رێگرییان لەبەردەمە.

بانگكردنی رۆژنامەنوس زریان محمد بۆ ئاسایشی سلێمانی، بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر بابەتێكی رۆژنامەنوسی یاساشكێنیە، چ جای ئەو هێزە رێگە بە خۆی بدات كە لەسەر نوسین و بڵاوكردنەوەی وێنە رۆژنامەنوس دەستبەسەر بكات. ئێمە لەسەر ئەو یاساشكێنییە رانایەین، رەتیدەكەینەوە، داوا دەكەین دەسبەجێ ئەو هاوڕێیەمان ئازاد بكەن.

هەروەها میترۆ لەم بارودۆخە ناسكەدا داوا لەدەزگاكانی راگەیاندن و رۆژنامەنوسان دەكات لەچوارچێوەی یاسای رۆژنامەگەری و ئیتیكی كاری رۆژنامەنوسی كارەكانی خۆیان ئەنجام بدەن و بەردەوام بن لە پشتیوانی رێنماییەكانی خۆپارێزی تەندروستی



PM:07:56:07/04/2020




ئه‌م بابه‌ته 424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌