لە یادی رۆژنامەگەری كوردیدا



زانیاری چەكی تاقیكراوەیە بۆ رووبەرووی چەواشەكاری

22ی نیسانی 2020، هەولێر: سەنتەری میترۆ لە بیرەوەری 122 ساڵەی رۆژی رۆژنامەگەری كوردیدا، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات پابەندبن بە جێبەجێكردنی یاساكانی رۆژنامەگەری و مافی دەستكەوتنی زانیاری، هانی دامەزراوەكانی بدات بۆ رێزگرتن لە سەروەری یاسا.

سەنتەری میترۆ پیرۆزبایی لەمیدیاكاران و رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی میدیا دەكات، دەستخۆشییان لێدەكات كە لەقۆناغی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنادا، توانییان لەرێگەی زانیاری دروست و هۆشیاری تەندروستی هاوبەشی سەرەكی بن لە قۆناغی بەرەنگاری لەو پەتا جیهانییە.

ئەمرۆ كە ئەم یادە پیرۆزدەكەین، تا ئێستا دەستبەسەركردنی رۆژنامەنوس لە دەرەوەی یاسای رۆژنامەگەری، دەستنەگەیشتن بە زانیاری و شاردنەوەی، ئازار وئەشكەنجەدان وهەرەشە لەرۆژنامەنوسان، شكاندن ودەستبەسەراگرتنی كەلوپەلە رۆژنامەنوسییەكانیان ناونیشانی ئەو كردارانەن كە روبەڕوی رۆژنامەنوس ومیدیاكانیان دەبێتەوە.

ئەم یاساشكێنییە لە سنورداركردنی ئازادی رۆژنامەنوسی و دیاردەی دەربازبوون لەسزا وایكردوە كە لە زۆرێك لە راپۆرتە نێودەوڵتییەكان عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە وەك شوێنێكی نائارام بۆ رۆژنامەنوسان تەماشابكرێت.

تا ئێستا لەكاتی توندبوونی ململانێی سیاسی ‌و سەربازی و جۆربەجۆرەكانی تردا ئەوكاتەی ناهەقی و پێشێلكارییان بەرامبەر دەكرێت، ئەگەرچی لەروی زارەكی و نوسراوەوە زۆرترین پشتیوانیان هەیە، بەڵام هەمیشە كاتێك دێتە سەر كردار بەتەنهاو بێ‌ پشت و پەنا دەمێننەوە.

توندوتیژی بەرامبەر میدیاكاران دوبارە دەبنەوە بێ ئەوەی بكەرانیان سڵ لەو یاسا و رێنماییانەش بكەنەوە كە لەلایەن نوێنەری حزبەكانیان لە پەرلەمان دەركراوە و واژۆكراوە سوێندیانیان خواردووە لەسەر پاراستنیان.

ئەمڕۆ كە هەموو جیهان پێكەوە رووبەرووی فایرۆسی كۆرۆنا دەبنەوە، دەرفەتێكی باشە بۆ بیرهێنانەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە جێبەجێكردنی یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری، گۆرینی ئەو مۆدیلەی كە هەموو زانیارییەك نهێنی حكومەتن، زانین مەرجی گرنگی حوكمداری باشە، پەیوەندی نێوان مافی زانین و دیموكراسیەت لەیەكتر جیاناكرێنەوە.

بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوبەش بێت لە رووبەرووبونەوەی چەواشەكای‌و و هەواڵی ساختە دەبێت كاری جیدی بكات بۆ جێبەجێكردنی یاسای دەستكەوتنی زانیاری ، پێدانی زانیاری چەكی بەهێزو تاقیكراوەیە دژ بە دیاردەی بەدناوی میلیشیای ئەلیكترۆنی و گوتاری رق و كینە.

سڵاو لە شەهیدانی کاروانی رۆژنامەگەری



AM:12:19:22/04/2020




ئه‌م بابه‌ته 484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌