سه‌نته‌ری میترۆ داوا ده‌كات حكومەتی هەرێم رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنوسی بكاتە وێستگەیەك بۆ بەخۆداچوونەوە



شارپرێس:
سه‌نته‌ری میترۆ داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنوسی  بكاتە وێستگەیەك بۆ بەخۆداچوونەوە لە مامەڵەكردنی لەگەڵ ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی دەستكەوتنی زانیاری.

سه‌نته‌ری میترۆ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامه‌نووسی  داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات ئەمرۆژە بكاتە وێستگەیەك بۆ بەخۆداچوونەوە لە مامەڵەكردنی لەگەڵ ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی دەستكەوتنی زانیاری، بە ئاراستەی چەسپاندنی پرەنسیپەكانی شەفافییەت و فراوانكردنی ئازادی .

ده‌شڵێت، "پەرلەمانی هەرێمی كوردستانیش نابێت بێباك بێت لە چاودێری كردنی ئەو یاسایانەی دەریدەكەن".

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی سه‌نته‌ری میترۆ:

رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنوسی
وێستگەیەك بۆ بەخۆداچوونەوە

هەولێر، 3ی ئایاری 2020: رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنوسی سەنتەری میترۆ داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات ئەمرۆژە بكاتە وێستگەیەك بۆ بەخۆداچوونەوە لە مامەڵەكردنی لەگەڵ ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی دەستكەوتنی زانیاری، بە ئاراستەی چەسپاندنی پرەنسیپەكانی شەفافییەت و فراوانكردنی ئازادی .

لەم رۆژەدا كە جیهان رێز لە میدیاكارانی دەگرێت و هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی دەكات، سەنتەری میترۆ رۆڵی گرنگی دەزگاكانی راگەیاندن بە گشتی و میدیای سەربەخۆ بەتایبەتی لە رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرزدەنرخێنێت.

ئەمساڵ جیهان لەم رۆژە دەكاتە هەلێك بۆ قسەكردن لەسەر ئەو رۆڵە گرنگەیان لە رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە فایرۆسی كۆرونا، بەرزكردنەی داخوازی رۆژنامەنوسان و رەخنەگرتن لەو وڵاتانەی رێز لەكارەكانیان ناگرنو شانازی كردنیش بەو دەسكەوتانەی لەم بوارەدا هاتوونەتە دی.

تا ئێستاش مەتەرسییەكانی ڤایرۆسی كوڤید- 19، لەسەر ئاستی  جیهانی و ناوخۆیی لە ئارادایە، ئێستاو لە داهاتویشدا پێدانی زانیاری دروست لەسەر رێوشوێنەكانی خۆپارێزی و تواناكانی حكومەت لەم بوارەدا هەروەها هەر قەیرانێكی تر كە روو لە هەرێمەكەمان دەكات، گرنگن.
لەكاتێكدا كوردستانی عێراق لەگەڵ جیهاندا ئەم یادە دەكاتەوە، بوونی میدیای سەربەخۆ و زەمینە خۆشكردن بۆ نەشونماكردنی بە بێ فشارو هەرەشە و بەربەستدانان گرنگن، جەختدەكەینەوە لەسەر پرەنسیپەكانی پێشوومان كە بەبێ میدیای ئازاد و كاراكردنی پرۆسەی رەخنەگرتن و چاودێری، دەسەڵاتی ستەمكاری شوێن بە دیموكراسیەت لێژدەكات.

حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت ئەم بۆنەیە بكاتە هەلێك بۆ بەخۆداچوونەوە لە مامەڵكردنی لەگەڵ میدیا و دەزگاكانی راگەیاندن و باشتركردنی ژینگەی كاری رۆژنامەنوسی بە جێبەجێكردنی یاساكانی رۆژنامەگەری و مافی زانیاری وسزادانی ئەو كەس و لایەنانەی بەربەست بۆ جێبەجێكردنی دادەنێن.

پەرلەمانی هەرێمی كوردستانیش نابێت بێباك بێت لە چاودێری كردنی ئەو یاسایانەی دەریدەكەن.
سەنتەری میترۆ لەگەڵ هاوبەشەكانی لە رێكخراوی نێودەوڵەتی و ناخۆیی داوای زامنكردنی ئازادی رۆژنامەنوسی و رادەربڕین و لابردنی كۆتوبەندەكان، رێزگرتن لە سەروەری یاسا دەكەن. بە جەختكردنەوەیش لەوەی رێوشوێنەكانی قۆناغی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا نەكرێنە پاساوێك بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادی رۆژنامەنوسی و بیروراو.

 رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پەروەردەو زانست و رۆشنبیری (یۆنسكۆ) بە دروشمی " میدیا بە بێ ترس و لایەنگیری" یادی ئەم رۆژە دەكاتەوە، جەخت لە رۆڵی میدیا و زانیاری راست دەكەنەوە، كە دەتوانن ژیانی خەڵك بپارێزن هەروەها داوادەكەن هەمووان زانیاری لە سەرچاوەی باوەڕپێكراوەوە وەربگرن، رێگەی حەقیقەت بگرن و بەرپەرچی چەواشەكاری بدەنەوە.

بەداخەوە سەرباری هەوڵی زۆرو فشاری مەدەنی لەناوەوە و دەرەوە تا ئێستا هەرێمی كوردستان وعێراق ژینگەیەكی لەبارە بۆ دەربازبونی كارەكتەرەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە میدیاكاران، وەك چۆن بكوژانیش دەستی یاسا نایانگاتێ.

(سۆرانی مامەمە حەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، وەدات حسین، مامۆستا عبدالستار، ئەركان شەریف) نمونەی زەقی ئەو قوربانیانەن ، كە بكەران یان پلانداڕێژەری ئەم تاوانانە، نەناسراون یان ناسراون و بە ئازادانە لەناوماندان و دەسەڵاتی یاسا لەبەردەمیان لاوازە.

سڵاو لەو میدیاكارانەی لە ریزی پێشەوەی بەرەنگاری فایرۆسی كۆرنان

سەربەرزی بۆ شەهیدانی رۆژنامەنوسی كوردستانی


AM:10:28:03/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌