رێكخراوی یونیسكۆ: به‌هۆى کۆرۆناوه‌ 55كارمەندی راگەیاندن لە23 وڵات گیانیانلەدەستداوە



هاوڵاتى 

رێكخراوی یونیسكۆ لەژێر دروشمی (لەپێناو نەهێشتنی هەواڵە ساختەكان) ی پەیوەست بەكۆڤید-19، رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری بەرز و زیندوو رادەگرێت.

رێكخراوی یونیسكۆ  به‌بۆنه‌ى رۆژى جیهانی ئازادی رۆژنامەگەره‌وه‌ په‌یامێکى بڵاوکرده‌وه‌ و رایگه‌یاند "  ئەمساڵ لەژینگەیەكی جیاواز و تایبەتدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لەجیهاندا، ماندووانی كاری رۆژنامەنووسی ئاهەنگی ئەو یادە دەگێڕن".

سەبارەت بەو هەواڵە ساختانەی دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاودەكرێنەوە، ئەنتۆنیۆ گوتیریس ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بە پەتایەكی ترسناكی چەواشەكار ناوی بردووە، هەروەها رێكخراوی (پەیامنێرانی بێسنوور)یش چوونە ناو كاری رۆژنامەگەری بە قۆناغی یەكلاكەرەوە و گرنگ وەسف دەكات.

هاوكات لەگەڵ زیندوو راگرتنی  یادی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری، رێكخراوی یونیسكۆ  لەسایەی ئەو دیمەنە ئاڵۆزانەی ئەمڕۆدا جەخت دەكات كە دەبێت كاری رۆژنامەنووسی بێ ترس و دوور لە سۆز و خزمایەتی ئەنجام بدرێت.

پێداگریش لەسەر پێویستی چارەسەركردنی ئەو دۆخەش دەكات كە بەهۆی پەتای كۆڤید-19 ەوە مرۆڤەكان فریودەدرێن.

رێكخراوی داكۆكیكردن لەئازادی رۆژنامەنووسانیش هۆشداری دەدات كە لەماوەی دوو مانگی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە 55 كەس لەكارمەندانی دەزگاكانی راگەیاندن لە 23 وڵاتدا گیانیانلەدەستداوە، وەك رێكخراوەكە ئاماژەی پێداوە تیمی راگەیەندنكاران زۆربەی جار لەكاتی رووماڵكردنی پەرەسەندنەكانی تایبەت بە پەتای كۆرۆنا پێداویستییەكانی خۆپارێزییان لەبەردەستدا نەبووە.

رۆژی 3 ی ئایاری هەموو ساڵێك یادی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەرییە.



AM:11:41:04/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌