سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین: هاککردنی ئیمەیڵی خوێندکارانمان زانکۆکەمان دوورە لە راستی




سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین رەتیدەکاتەوە ئیمەیڵی خوێندکارانی زانکۆی سەلاحەددین هاککرابن و دەڵێت، ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە.
 
پرۆفسیۆر دکتۆر جەوهەر فەتاح، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەواڵی هاککردنی ئیمەیڵی خوێندکارانی زانکۆی سەلاحەددین لە خوێندنی ئەلیکترۆنی هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستی. "رەنگبێت هەندێک کات گرفتی تەکنیکی دروست بێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەک هاککردن نییە".
 
شەوی رابردوو کێشە لە ئیمەیڵی خوێندکارانی زانکۆی سەلاحەددین روویدا، خوێندکارێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە رووداوی راگەیاند، ئیمەیڵی خوێندکاران ئاشکرا بووە و نامە بۆ هەموویان چووە، "خوێندکاران و مامۆستاکانیش نازانن کێشەکە چییە".
 
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ شەممە لە کۆی نزیکەی 23 هەزار خوێندکار، زیاتر لە 19 هەزار 500 خوێندکاری زانکۆکەیان بەشداری پرۆسەکەیان کردووە.
 
ئەمە لەکاتێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکراوەتەوە، کە ئیمەیڵی خوێندکارانی زانکۆی سەلاحەددین لە چوارچێوەی خوێندنی ئەلیکترۆنی هاککراون.
 
بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کۆتاییەکانی مانگی شوبات ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان داخران، لە کۆتایی مانگی نیسانیش بڕیاری خوێندنی ئەلیکترۆنی جێبەجێکرا. 

رووداو - هەولێر 



PM:03:37:09/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌