نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران سوپاسی ئەمریكا ده‌کات



كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران (UNHCR) سوپاس و پێزانینی هەیە بۆ ئەو هاریكارییە دڵفراوانانەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی كۆڤید-19 لە عێراق پێشکەشی دەکات كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران پێشوازی لە هاریكارییە نوێیەكەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی #ئەمریكا دەكات كە پێكهاتووە لە 6.5 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی كۆڤید-19، بۆ ئاوارە ناوخۆییەكان و گەڕێنراوەكان لە عێراق. تەندروستی، ئاسوودەیی و سەربەرزی و ڕێزداریی دانیشتوانی ئاوارە و ئەو كۆمەڵگایانەی كە تیایدا نیشتەجێن، دەكەوێتە چەقی هەوڵەكانی كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران بۆ بەرەنگاربوونەوە و ڕێگریكردن لە #كۆڤید-19. كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران ، هاوڕێ لەگەڵ نوێنەرەكانی تری نەتەوە یەكگرتووەكاندا، لە نزیكەوە لەگەڵ حكومەتی #عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كار دەكات تاوەكو پاڵپشتیی باشتركردنی پێداویستییە تەندروستییەكان و توانای كارمەندان بكات، بەم شێوەیەیش هەموو ئەو كەسانەی تووشبووی ڤایرۆسەكەن دەتوانن لە كاتی خۆیدا چارەسەری پێویست وەربگرن. دابینكردنی بودجە نوێیەكە هاریكاریی هەوڵەكانی كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران دەكات تاوەكو دەستەبەری دەستێوەردانەكانی پارێزگاری بكات بۆ ئەو كەسانەی كە خەمی ئەوەیان هەیە چۆن ڕێگری لە كەوتنەبەر بارودۆخە ناهەموارەكانی ژیان بكەن و، دڵنیاببنەوە لەوەی كە پێویستییە بنەڕەتییەكانیان دەستەبەر دەكرێت، كە پێكهاتووە لە دەستگەیشتن بە كەلوپەلی پاککەرەوی بنەڕەتی لە ڕێگەی دابەشكردنی كۆمەكە نەختینەكانەوە؛ باشتركردنی تەندرووستی و بەرزكردنەوەی هۆشیاری؛ دابینكردنی كەرەستەی پزیشكی؛ ڕاهێنان بە كارمەندانی تەندرووستی؛ بەهێزكردنی خزمەتگوزارییە تەندرووستییەكان لە كامپەكاندا؛ باشتركردنی سیستمی ڕەوانەكردن؛ دەستەبەركردنی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەكانی تەندرووستی دەروونی و پاڵپشتیی دەروونیی كۆمەڵایەتی؛ پاڵپشتیكردنی پشكنین و دۆزینەوەی بەپەلەی حاڵەتە پۆزەتیڤەكان و؛ بەرەودان بە چالاكییەكانی تەعقیمكردن لە كامپەكاندا. باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق بەڕێز ماتیۆ تولەر وتی "ویلایەتە یەكگرتووەكان بەردەوام دەبێت لە دابینكردنی كۆمەكە مرۆییەکان، وەک دابینکردنی پەناگە بۆ ئاوارە ناوخۆییەكان، لە مین داماڵینی بەشە سەرەكییەكانی ناوچە ئازادكراوەكان و، گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەكان بۆ خەڵكی. ئەم هاریكارییە زیادەیە بۆ كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران پاڵپشتی لەو دانیشتوانە دەكات كە لە مەترسیدان تاوەكو بتوانن سەركەون بەسەر پەتای جیهانی كۆڤید-19". نوێنەری كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆكاروباری پەنابەران بەوەکالەت، فلیپا كاندلەر، وتی "ئەو كردەوە مرۆییانەی كە بۆ ڕزگاركردنی ژیان و كەمكردنەوەی نەهامەتی کۆمەڵگەکانی بەر مەترسی ئەنجام دەدرێت زۆر گرنگن. كاریەگەرییە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانی پەتای جیهانی كۆڤید-19 لەسەر ئاوارە ناوخۆییەکان گەلێك زۆرە، زیاتر بەبۆنەی ئەو سنووردارێتییەی كە كۆڤید-19 دروستی دەكات. كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆكاروباری پەنابەران سوپاس و پێزانینی هەیە بۆ پاڵپشتییەكانی ئەو وڵاتانەی كە بەخشەری سەرەكین وەكو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا". لە وەڵامی داواكارییە جیهانییە مرۆییەکان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی كۆڤید-19، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە دڵفراوانییەوە 64 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی بەخشیوە تاوەكو دەستبەجێ یارمەتی كۆمەڵگەیئاوارەڤناوخۆییەکان بكات لە سەرتاسەری جیهاندا. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گەورەترین بەخشەری كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆكاروباری پەنابەرانە لە سەرانەسەری جیهاندا.


PM:01:21:10/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌