یورۆ مێدیتەرانیەن داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری راگرتنی کاری ڤیڤیان فەتاح دەکات





رێکخراوێکی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر واز لە پێشێلکارییە جیدییەکانی لە بواری ئازادیی میدیا و دەستوەردانە بێپاساوەکانی لە کاری رۆژنامەڤانان لە سنوورەکەی ژێر دەسەڵاتیدا بهێنێت. 
 
رێکخراوی "چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤی یورۆ مێدیتەرانیەن" لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، راگرتنی هەڕەمەکییانەی کاری رۆژنامەڤانان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە دەبێتەهۆی لاوازبوونی ئازادیی میدیا، چونکە مەبەست لەو کارە بریتییە لە دانانی سنوورێک کە پێچەوانەی یاسا بنچینەییەکانی ئازادیی میدیایە. 
 
رێکخراوەکەی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، نووسینگەی میدیایی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کاری ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی بۆ ماوەی 60 رۆژ راگرتووە و ئەو تۆمەتەی دەخاتەپاڵی کە لە رێگەی بەکارهێنانی وشەی "کوژراو" لەبری "شەهید" سووکایەتی بە "شەهیدان" کردووە. 
 
ئەنەس ئەلجیرجاوی، بەڕێوەبەری لقی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیای رێکخراوی "چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤی یورۆ مێدیتەرانیەن" دەڵێت، سنووردارکردنی هەڕەمەکییانە و کۆنترۆڵکردنی رۆژنامەڤانی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە توانای رۆژنامەڤانان بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان بەشێوەیەکی سەربەخۆ سنووردار دەکات و رۆژنامەڤانان و ستافەکانیشیان رووبەڕووی مەترسی دەستگیرکردن و بێسەرشوێنبوون دەکاتەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەی رێکخراوی "چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤی یورۆ مێدیتەرانیەن"دا هاتووە، تۆڕی میدیایی رووداو سەرکۆنەی بڕیارەکەی نووسینگەی میدیایی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکات و پێیوایە، راگرتنی کاری پەیامنێرەکەی پێشێلکاریکردنی بنەماکانی ئازادی میدیاییە. 
 
رێکخراوەکەی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، بەگوێرەی بڵاوکراوەی مانگی رابردووی نووسینگەی میدیاکەی،  بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کاری هەردوو رۆژنامەڤان ناز سەعید و بەدرخان عەلیان راگرتووە، ئەوەش "بەهۆی ئەنجامدانی هەندێک سەرپێچییەوە کە بە پشتبەستن بەو یاسایانەی کاری میدیایی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رێکدەخەن، سووکایەتیکردن بوون بە میدیا". 
 
"چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤی یورۆ مێدیتەرانیەن" دەڵێت، کارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەم بوارەدا پێشێلکاریکردنی ماددەی 19ی "راگەیاندنی جیهانیی مافەکانی مرۆڤە" کە ئاماژە بەوە دەکات، "هەمووکەس مافی ئازادیی رادەربڕینی هەیە. ئەم مافە چەند شتێکی سەرەکی دەگرێتەوە، لەوانەش هەبوونی بۆچوونی ئازاد و دەستخستن و وەرگرتن و گەیاندنی زانیاری و ئایدیا لە رێگەی هەر میدیایەکەوە بێت". 
 
رێکخراوەکەی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، پێویستە سنووردارکردنی کاری رۆژنامەڤانان لە لایەن نووسینگەی میدیایی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە کۆتایی بێت، چونکە هەر دەسەڵاتێک لە غیابی رێکارە دادوەرییەکان دەسەڵاتێکە کە لەگەڵ ستاندەردی میدیای ئازاد یەکناگرێتەوە و رێگە بۆ پێشێلکاریی حکومەت خۆشدەکات.

- Rudaw


AM:11:35:14/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌