کۆشکی سپی: ئەمڕۆ ترەمپ فەرمانێکی نوێ سەبارەت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەکات





سکرتێری کۆشکی سپی، کەیلی ماکئینانی، درەنگانی شەوی چوارشەممە، ڕایگەیاند ئەمڕۆ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ فەرمانێکی تایبەت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەدات. دامەزرێنەری فەیسبوکیش، مارک زوکەربێرگ پێداگری کرد لەوەی دەبێت کۆمپانیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەوە دوور بن ناوەڕۆکی تۆڕەکانیان بە سیاسی بکەن.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی بزنس ئینسایدەر، کەیلی ماکئینانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپیدا وتی، "ترەمپ بەنیازە فەرمانێک سەبارەت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەربکات".

بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەخستەڕوو. ڕۆژنامەی واشنتن پۆستیش لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئەوەی ئاشکرای کرد، کە ترەمپ بەتەمایە دەسەڵاتی زیاتر بە هەندێک دەزگای حکوومی بدات، تاوەکو سزای کۆمپانیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تویتەر، فەیسبووک و گوگڵ بدات، لەسەر ئەو ڕێکارانەی لەسەر ناوەڕۆکی تۆڕەکانیان دەیگرنەبەر.

مارک زوکەربێرگ لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز وتی، "دەبێت کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەوە دوور بکەونەوە ناوەڕۆکی تۆڕەکانیان بە سیاسی بکەن".

ئاماژەی بەوەش کرد کە فەیسبووک و تویتەر، دوو سیاسەتی جیاوازیان هەیە لەوبارەوە، وتیشی، "باوەڕم وایە کە نابێت فەیسبوک ببێتە حوکمدەر بەسەر هەموو شتێک کە خەڵک لە ئینتەرنێت دەیڵێت. بەگشتی، کۆمپانیا تایبەتەکان نابێت بچنە ئەو ئاستەی کارێکی لەو شێوەیە بکەن".

دوێنێ ترەمپ تویتێکی سەبارەت بە دەنگندان-بە-بەرید کردبوو، تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەم ڕێگایە ئەگەری زۆری پێشێلکاری تێدایە. بەڵام کۆمپانیای تویتەر لە خوار تویتەکەی ترەمپ، بژاردەیەکی نوێی لەسەر تویتەکەی خستووەتەڕوو، کە تێیدا نووسراوە "ڕاستییەکان سەبارەت بە دەنگدان-بە-بەرید بزانە".

ترەمپ لە تویتی دواتریدا، کە وەڵامی تویتەر دابووەوە، نووسی، " کۆمارییەکان هەست دەکەن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگە کۆنسێرڤاتیڤەکان بێدەنگ دەکەن. بەوردی کارەکانیان ڕێکدەخەینەوە یاخود بەتەواوی دایاندەخەین، پێش ئەوەی ئەو دەنگە کۆنسێرڤاتیڤانە بوەستێنن".

ترەمپ جەختی کردبووەوە لەوەی وەک چۆن ڕێگە بەوە نادەن دەنگدان-بە-بەرید لە وڵاتەکەمان ڕەگ دابکوتێت، ڕووی تویتەکەی کردە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نووسی، "هەر بەوشێوەیەش، هەر ئێستا هەڵسوكەوتتان ڕاست بکەنەوە!!!".

لە تویتەکەیدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەوە تۆمەتبارکرد کە لە دەنگدانەکانی ساڵی 2016ـدا هەوڵیانداوە دەست وەربدەنە هەڵبژاردنەکان و نووسی، "بینیمان کە دەیانویست لە ساڵی 2016 چی بکەن و شکستیان خوارد".

- esta


PM:12:12:28/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌