پۆلیسی ئەمریکا تیمێکی کەناڵی سی ئێن ئێن لە پەخشی راستەوخۆدا دەستگیردەکات




کاتێک بەشێوەیەکی راستەوخۆ رووماڵی ناڕەزاییەکانی تایبەت بە کوشتنی رەشپێستێکیان دەکرد، تیمێکی کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە شاری مینیاپڵس، گەورەترین شاری ویلایەتی مینیسوتا دەستگیرکران. 
 
سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، پۆلیسی ویلایەتەکە دوای کاژێر 05:00ـی بەرەبەیان هەریەکە لە عومەر خیمینیزی پەیامنێری کەناڵەکە، پرۆدیوسەرەکەی و وێنەگرەکەیان دەستگیرکردووە، ئەوەش کاتێک خەریکی رووماڵکردنی ناڕەزاییەکان بوون.  
 
سی ئێن ئێن دەڵێت، خیمینیز باجی کەناڵەکەی پیشانی پۆلیس داوە و پێی راگەیاندوون کە پەیامنێری ئەو کەناڵەیە و ئامادەن ئەو ناوچەیەش چۆڵبکەن و بچنە هەر شوێنێکی دیکە لێیان داوادەکرێت، بەڵام پۆلیس گوێی نەگرتووە و یەکێک لە ئەفسەرەکان باڵی خیمینزی گرتووە و کەلەپچەی کردووە. 
 
پۆلیس دەڵێت، تیمی ئەو کەناڵەیان دەستگیرکردووە، چونکە پێیان گوترابوو کە دەبێت ئەو شوێنە بەجێبهێڵن، بەڵام ئەوان بەو جۆرەیان نەکردووە. 
 
دوای رووداوەکە، حاکمی ویلایەتەکە داوای لێبوردنی کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، کاردەکات بۆئەوەی زوو ستافی کەناڵەکە ئازادبکرێن و ئەنجامەکەش ئەوەبوو، دوای کاژێر 06:00ـی بەیانی ئازادکران. 
 
پۆلیسی شارەکە راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "لە میانی هەوڵەکان بۆ پاککردنەوەی شەقامەکان و گەڕانەوەی ئاسایش بۆ ناوچەی لەیک دیستریکت و سنێڵینگ ئەڤنیو، چوار کەس لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران، لەوانەش سێ کەس لە ئەندامانی ستافێکی سی ئێن ئێن. دوای ئەوەی روون بووەوە کە ستافی میدیان، هەرسێ کەسەکە ئازادکران". 
 
سی ئێن ئێنیش لەوبارەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەوەی باس دەکرێت ورد نییە. ستافەکەمان لە راستەوخۆدا خۆیان وەک رۆژنامەڤان ناساندبوو. سوپاسی تیم وۆڵز، حاکمی مینیسۆتا دەکەین بۆئەو کارەی ئەم بەیانیە کردی بۆ ئازادکردنی ستافەکەمان".
 
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی شاری مینیاپڵس بەهۆی کوشتنی کەسێکی رەشپێستە بەناوی جۆرج فلۆید لەلایەن پۆلیسێکی سپی پێستەوە کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و داوای بە سزاگەیاندنی ئەو کەسانە دەکەن. 

- Rudaw



AM:10:54:30/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌