رووداو پابەندی بنەماكانیەتی





29ی ئایاری 2020، تەمەنی تۆڕی میدیایی رووداوە بووە حەوت ساڵ. بەدرێژایی هەموو خولەك و كاژێرەكانی ئەو حەوت ساڵە، تۆڕی میدیایی رووداو لە هەموو بەشەكانی لە رادیۆ، تەلەڤزیۆن، پۆرتاڵ و سۆشیالمیدیا بەردەوام زانیارییەكانی كوردستان و ناوچەكە و جیهانی بڵاوكردووەتەوە. بەردەوام زەوینەی بۆ گفتوگۆی نێوان بۆچوونە جیاوازەكان كردووەتەوە، بەردەوام ئازارەكانی خەڵكی گەیاندووە.
 
هەواڵ و زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو لەسەر بنەمای گواستنەوەی مەیدانی و راستەوخۆی رووداوەكان بووە، بەوشێوەیەش ئەو دروشمە پرۆفیشناڵەی خۆی جێبەجێكردووە كە (رووداوی تۆ هەواڵی ئێمەیە). بەوشێوە كاركردنەش رووداو بووەتە جێگەی متمانەی بینەر و خوێنەر و بیسەرانی، لە هەمانكاتدا بووەتە سەرچاوەیەكی گرنگی هەواڵەكانی كوردستان و ناوچەكە بۆ ئاژانسەكانی جیهان و ناوەندەكانی بڕیار.
 
ئەمڕۆش لە ساڵڕۆژی دەستپێكردنی پەخش و بڵاوكردنەوەی تۆڕی میدیایی رووداو دا، دووپاتیدەكەینەوە كە رووداو بەردەوام دەبێت لەسەر گواستنەوەی ورد و راستەوخۆی رووداوەكان و زانیارییەكان، هەروەها لە دروستكردنی زەوینەی پێكەوە گفتوگۆكردنی خاوەن بۆچوونە جیاوازەكان. 
 
رووداو لە ماوەی كاركردنی مەیدانی و راستەخۆدا رووبەڕووی سەختی زۆربووەتەوە. هەر لەم رۆژەدا و لەو پەیوەندییەدا یادی شەهید شیفا گەردی و رۆژنامەڤانی رفێندراوی رووداو فەرهاد حەمۆ دەكەینەوە. 
 
 كاری رووداو لە 5ی نیسانی 2008 لە چوارچێوەی كۆمپانیای رووداو دا لە دەركردنی چەند رۆژنامەیەك و ماڵپەڕێكدا دەستیپێكرد، لەساڵی 2013دا فراوانبوو بۆ تۆڕێكی مەڵتیمیدیایی، ئەمڕۆش دەزگایەكی ناسراوی میدیاییە لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهاندا. تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەكاندا لە بواری میدیاییدا لە نوێبوونەوەی بەردەوامدایە و لە داهاتووشدا ئەو پێشكەوتنانەی دەبینن. 
 
لە چەند مانگی رابردوودا رووداو دەستیكردووە بە بەكارهێنانی سیستەمی گالەری ئۆتۆمەیشن وەك یەكەمین تەلەڤزیۆنی هەواڵیی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وەك تەلەڤزیۆنە پێشكەوتووەكانی ئەوروپا و ئەمریكا، ئەوەش وەك نموونەیەكی سەركەوتن لەلایەن كۆمپانیا تایبەتمەندەكانەوە پیشاندەدرێت. 
 
تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ بە چاوی رێزەوە دەڕوانێتە كار و ماندووبوونی یەك بە یەكی هاوكارەكانی، هەروەها هەموو ئەوانەش كە لە رابردوودا بەشداربوونە لە كار و پێشكەوتنی رووداو دا. هەروەها سوپاسی هەموو ئەوانە دەكەین كە بە تێبینی و رەخنەكانیان هاوكار و بەشدارن لە كاری تۆڕی میدیایی رووداو دا. 

- rudaw


PM:12:26:30/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌