سەبارەت بە دەستگیركردنی رۆژنامەنوس بەختیار سەعید





ئەمرۆ لە شاری هەولێر بە بێ ئاراستەكردنی هیچ تۆمەتێك و ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت، رۆژنامەنوس بەختیار سەعید لەلایەن هێزێكەوە دەستبەسەر كراوە، تا ئێستا خێزانەكەی چارەنوسی نازانن.

پاش دەستگیركردنی، لە پۆستێكیدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك (گۆڤەند بەختیار سەعید) كوڕی ئەو رۆژنامەنوسە باسی لەوەكردووە "ئەمرۆ نزیك كاتژمێر یانزە و نیوی 11:30 ی بەیانی باوكی ئازیزم (بەختیار سەعید صاڵح) لەگەرەكی بەختیاری لە سەمونخانەی سوڵتان لە كاتێكدا لەگەڵ هاورێكانی بووە هێزی دژەتیرۆری پارتی ئەویان ڕفاند"

جارێ هیچ لایەنێكی رەسمی رونكردنەوەی سەبارەت بەو دەستگیركردنە بڵاونەكردۆتەوە،سەنتەری میترۆ پەیوەندی بە كوری رۆژنامەنوسەكە كرد.

گۆڤەند بە میترۆی ووت "فۆرتێكی گەورە كە سێ ئەفسەری تیا بووە لە سەمونخانەكە بردویانە ئێمە دڵنیاین كە لەلایەن دژە تیرۆر دەستگیركراوەو و ئێستایش لای ئەوانە، پاش ئەوە ئیتر مۆبایلی داخراوە"

هەروەها باسی لەوەكرد كە باوكی " رۆژنامەنوسێكی سەربەخۆیەو ئەم كەیسەیش پەیوەندی بەو نوسینانەوە هەیە كە لە پەیجەكەی بڵاویدەكاتەوە"

سەنتەری میترۆ بەدواداچوون بۆ كەیسەكە دەكات، لە رێگەی پەیوەندییەكانی هەوڵدەدات بزانێت ئەو تۆمەتە چییە كە بەهۆیەوە دەستبەسەر كراوە.

جەختدەكەینەوە "جگە لە پۆلیس هیچ هێزێكی تری ئەمنی بۆی نییە، لە كەیسەكانی رۆژنامەنوسی، ئەوانەی پەیوەندیدارن بە بیروا دەربڕین و رۆژنامەگەری، دەخالەت بكەن"

دەبێت كەیسەكانی رۆژنامەنوسی (نوسین و بیرورا) بە پێی یاسای كاری رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، هیچ یاسایەكی تر جێگەی یاسای رۆژنامەگەری ناگرێتەوەو رەتیدەكەنەوە.




PM:07:39:13/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌