ئەنجلینا جوولی: منداڵانی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش تووشی گوشاری دەروونی بوون




ئەنجلینا جوولی، ئەکتەری بەنێوبانگی هۆڵیوود کە هاوکات  نێردەی تایبەتی کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ پەنابەران، لە ڤیدیۆکۆنفرانسێکدا داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کرد بەڵێنەکەی بۆ سزادانی ئەو کەسانەی تووندوتیژی سێکسی لە دژی منداڵان ئەنجامدەدەن جێبەجێبکات. باسی کوردانی ئێزدیشی کرد و دەڵێت، ژن و منداڵانی رزگاربووی دەستی داعش تووشی گوشاری دەروونی بوون.
 
جوولی باسی لەو منداڵە کوردە ئێزدییانە کرد کە ساڵی 2014، دوای کوشتنی ئەندامانی خێزانەکانیان، لە لایەن داعشەوە رفێنران، دەستدرێژی سێکسییان کرایە سەر و هێشتاش لە گوشارە دەروونییەکانی ئەو تراژیدیایە رزگارنەبوون. 
 
لە مانگی ئابی 2014 دا داعش هێرشیکردە سەر شنگال و دەوروبەری و شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفاند. لە رۆژی 3-8-2019 پەرلەمانی کوردستان بە بڕیارێك رۆژی 3ـی ئابی وەکو رۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی ناساند.
 
جوولی دەڵێت، داعش هەزاران ژن و منداڵیان رفاند و بەکۆیلەکردن و ئەشکەنجەدان. "ژمارەیەکی زۆری منداڵ کوژران، بەڵام نزیکەی دوو هەزاریان گەڕاونەتەوە. زۆریان هێشتا لەژێر گوشاری دەروونیدان و هەست بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەکەن.. ژمارەیەکی زۆر لەو منداڵانە کوشتنی کەسوکارەکانیان و دەستدرێژیکردنە سەر دایکەکانیان بە چاوی خۆیان بینیوە".
 
ئەنجلینا جوولی پێیوایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیتوانیوە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە بە سزا بگەیەنێت و داوادەکات ئەنجوومەنی ئاساییش بەڵێنەکەی بباتە سەر بۆ دۆزینەوە و دادگاییکردنی تاوانباران و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان. ""هەروەک هەموو ئەندامانی ئەم ئەنجوومەنە دەزانن، هەروەک هەموو دایک و باوکان دەزانن، هیچ شتێک لەوە خراپتر نییە بۆ منداڵ کە بەڵێنێکیان پێبدەیت و جێبەجێی نەکەیت". 
 
لە نیسانی ساڵی 2019، ئەنجوومەنی ئاساییش پرۆژەبڕیاری ژمارە 2467ی پەسندکرد کە تایبەتە بە دۆزینەوە و سزادانی ئەو کەس و لایەنانەی کە لە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان تێوەگلاون. ئەنجلینا جوولی ئاماژە بەوە دەکات، جگە لە نەبوونی هاوکاری دارایی پێویست، ئیرادەیەکی سیاسی بە هێز لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی نییە بۆ هاوکاریکردنی قوربانیان و سزادانی تاوانکارانی دەستدرێژی سێکسی، لەبەر ئەوەی کەمتر لە 1%ـی هاوکارییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراون.

-Rudaw


PM:02:58:18/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌