سۆرانی مامەحەمە چۆن شەهید كرا؟




لڤین، راپۆرتی ڕاوێژ كامەران*

كورێكی باڵا بەرزو گەنجی شاری كەركوك پاش دەستبەكاربونی لە بواری رۆژنامەنوسیدا و كاركردنی بۆ گۆڤاری لڤین وەك بەرپرسی نوسینگەی گۆڤارەكە لە كەركوك، لە پاش بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتێك كە تێیدا تۆڕێكی لەشفرۆشی ئاشكراكردووە كە چەندین بەرپرسی ئاسایش و پۆلیسی تێوەگلاون، لە نێوماڵەكەی خۆیدا لە شاری كەركوك شەهیدی دەكەن.

سۆران مامە حەمە لە دایك بووی ساڵی 1987، لە نێو هاوڕێكانیدا بە كوڕێكی روح سوك و ڕاستگۆ ناسراوە و جگە لە كاركردنی وەك رۆژنامەنوس لە گۆڤاری لڤین، خوێندكاری قۆناغی چوارەمی بەشی مۆسیقا بووە لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی كەركوك، لەو كاتەشدا هەرچەندە دایكی داوای ئەوەی لە كوڕەكەی كردووە كە ژنی بۆ بهێنێت، سۆران بەردەوام وتویەتی "با جارێ‌ خوێندنەكەم تەواو بكەم".

پاش بڵاوبونەوەی راپۆرتەكەی، لە ڕێگەی مۆبایلەوە هەرەشە لە سۆرانی مامە حەمە دەكرێت، بەڵام پاش ماوەیەك و لە شەوی 21-7-2008، پاش ئەوەی ئێوارەكەی سۆرانی مامە حەمە لە گەڵ فەرمانی برایدا برنج و فاسۆڵیایان دەخوارد، كە خۆشترین خواردنی سۆران بووە، لە كاتژمێر 8ی شەودا، هەواڵ بە فەرمان مامە حەمە برای سۆران دەدرێت كە ناسیاوێكیان لە تەقینەوەیەكی كەركوكدا گیانی لەدەستداوە و ئێستا لە مەیتخانەی كەركوكە، بۆیە براكەی سۆران لە گەڵ ئامۆزاكەیدا بەرەو نەخۆشخانە بەڕێدەكەون، لەو شەوەشدا (شازادە حسین) دایكی سۆران لە خەستەخانەی كەركوك بە دیار كچێكیەوە ماوەتەوە كە بەهۆی نەخۆشیەوە لە نهۆمی سەرەوەی هەمان نەخۆشخانەدایە.

بەهۆی ڕۆشتنی فەرمانەوە و لە ماڵ نەبونی دایكیشیانەوە، تەنها گەردەخانی خوشكی سۆران و دوو براژنی سۆران لە ماڵەكەدا دەبن، پاش ئەوەی لە دەرگا دەدرێت و سۆرانی مامە حەمە بە پێی پەتی بۆ كردنەوەی دەرگاكە دەچێتە دەرەوە، لە گەڵ كردنەوی دەرگاكەدا ڕاستەوخۆ سۆرانی مامە حەمە دەدەنەبەر دەستڕێژی گوللە و 7 فیشەكی پێوە دەنێن، بەهۆی پاڵەپەستۆی فیشەكە یەك لە دوای یەكەكانیشەوە سۆران بەرەو دواوە و و بۆناو باخچەكەی خۆیان دەگەڕێتەوە دواوە و دەكەوێتە سەر زەوی، لەو كاتەشدا ئەوانەی لە ژوورەوەن تەنها هاواری "ئای مردم" ی سۆران دەبیستن، هەرچەندە لەو كاتەدا گەردە خانی خوشكی سۆران چەكێك هەڵدەگرێت و دەچێتە دەرەوە بەڵام بكوژەكان خێرا ناوچەكە چۆڵدەكەن.

بۆیە ئەو خوشكەی سۆران بە گریانەوە تەلەفون بۆ فەرمانی برای سۆران دەكات و پێیدەڵێت"فریامان كەوە سۆرانیان كوشت"

بەهۆی دەنگی تەقەكان و شەهیدكرنی كوڕێكی گەنجی گەڕەكەكەیان، سەرجەم دراوسێكان دەگەنە ماڵی سۆران و دەیبەن بۆ نەخۆشخانە، تا گەیشتنی سۆرانی مامە حەمە بە خەستەخانە بۆ ماوەیەكیش گیانی تێدا دەمێنێت، بەڵام لەسەر كۆشی خوشكەكەیی و لە نێو ئۆتۆمبێلەكەدا و بەر لە گەیشتنی بە نەخۆشخانە بە یەكجاری دڵی لە لێدان دەكەوێت.

كاتێك سۆرانی مامە حەمە دەبەنە ناو نەخۆشخانەكەوە، دایكی سۆران كە لە نهۆمی دووەمی نەخۆشخانەكە بەدیار كچەكەیەوە دانیشتووە، تەرمەكە دەبینێت و بە كچەكەی دەڵێت "ئەبێ‌ چ گەنجێكی داماوی دیكە بێت كوشتویانە و جەرگی دایكیان سوتانداوە"  پاش 10 خولەكێك دراوسێیەكیان دەچێتە سەرەو هەواڵی ئەوە بە شازادەخانی دایكی سۆران دەدات كە "جەنازی ئەو كوڕەی هێناویانە، سۆرانی كوڕیەتی"

پلانی شەهیدكردنەكەش بە شێوەیەك داڕێژراوە كە پێشتر بە ووردی چاودێری ماڵی سۆرانی مامە حەمە كراوە و پیكابێكی سور بەردەوام بە كۆڵانەكەیاندا هاتووچۆی كردووە، بۆ شەوەكەی كاتژمێر 9 ئۆتۆمبێلێكی جۆری بی ئێم دەبلیوی ڕەش كە سێ‌ چەكداری تێدایە، دەچنە بەردەم ماڵەكەی و شەهیدی دەكەن.

پاش تێپەڕبونی 12 ساڵ بەسەر ئەم كارەساتەدا، خانەوادەی سۆران و رۆژنامەنوسان دڵنیان لەوەی كە لایەنێكی كوردی لەپشت تیرۆر كردنەوەكەوەیە، بەلام بە بیانووی نەبوونی"بەڵگە" تا ئێستا تاوانباران دەستگیر نەكراون، بەڵام هاوڕێكانی سۆران یادی ئەو ڕۆژنامەنوسە نەمرە هەمیشە بە زیندوی دەهێڵنەوە، كە ئێستا بۆتە رەمزێكی ئازادی رۆژنامەگەری لە كوردستان و ساڵانە یادەكەی بەشێوەی جیاواز دەكرێتەوە و  تاوانەكەش وەك لكەیەكی گەورە هەمیشە بە ناوچەوانی دەسەڵاتدارانی كورد و ئەزمونی 30 ساڵەی حكومڕانی كوردیەوە دەمێنێتەوە.




PM:12:07:21/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 1080 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌