وێنە هۆڵیودییەكانی فۆتۆگرافەرێكی كورد كازمی كردووەتە پاڵەوان




شارپرێس: 
لەو كاتەوەی مستەفا كازمی پۆستی سەرۆكایەتی وەزیرانی عێراقی وەرگرتووە، وێنەگرەكەی لەڕێگای گرتنی كۆمەڵێك وێنەی جیاوازو سەرنجراكێشەوە مشتومڕی لەناو تۆرە كۆمەڵیەتییەكاندا دروست كردووە، بەجۆرێك بەشێك لەچالاكانی ئەو تۆڕانە پێشوازیان لێكردووە و بەشێكی تریشیان رەخنەیان لێگرتووە، بەڵام دواجار هەموویان دەیانەوێت ناسنامەی وێنەگرەكە بزانن.

وێنەگرەكەی سەرۆك وەزیران توانی لە رۆژە سەرەتاییەكانی سەرۆكایەتیكردنی حكومەتدا هاوسۆزی و خۆشەویستی شەقام  بۆ سەرۆك وەزیران بەدەستبهێنێت، هەروەك سەركەوتوو بوو لەوەی لەڕێگای هەندێك دیمەن و وێنەی سینەمایی و هۆڵیودیانە قیافە و شان و شەوكەتی كازمی دەربخات. 

پێدەچێت كازمی سروشتی كۆمەڵگەی عێراقی باش ناسیبێت بەوەی بەزووی لەگەڵ هەر كەسێك هاوسۆز دەبێت، كە رووخسار و دیمەنێكی وروژێنەر و جێمشتومڕی هەبێت و بەشێوەیەكی مەیدانی و میدیاییانە دەربكەوێت، بۆیە هەر لەیەكەم رۆژی دەستبەكاربوونییەوە دەستی كردووە بە گەڕان و بەسەركردنەوەی مەیدانیانە.

لەگەڵ زۆری بڵاوبوونەوەی وێنەكانی لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان، بلۆگەر و چالاكانی تۆرە كۆمەڵایەتییەكان، كازمی بەوە تۆمەتبار دەكەن، كە لەڕێگای ناردنی پەیامی هێز و خۆمەڵاسدان لە تاوانبار و گەندەڵكاران و تۆڵەكردنەوە لێیان خەریكی رازیكردنی شەقامە لەخۆی.

وێنەگرەكەی سەرۆك كییە؟ 
بەگوێرەی سەرچاوەكان، وێنەگرەكەی كازمی هونەرمەندی كورد جەمال پێنجوێنییە، كە لەرێگای وێنەكانییەوە كە زیاتر رەنگدانەوەی دۆخە تراژیدییەكە بووە، چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوەو گەیشتووەتە ئاستی بوون بە فۆتۆگرافەرێكی نێودەوڵەتی.

پێنجوێنی لەساڵی ١٩٨١ و لەگەرمەی شەڕی عێراق ئێراندا، لە كامپێكی پەنابەرانی سەر سنووری عێراق ئێران لەدایك بووە، لەو ماوەیەشدا بەپێچەوانەی منداڵانی تر سەرنجی ئەو رۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەرانەیداوە، كە ناوبەناو سەردانی كامپەكەیان دەكردو چیرۆك و راپۆرتیان لەبارەی دۆخی پەنابەرەكانەوە ئامادە دەكرد.

پێنجوێنی باسی لەوە كردووە، كە سەیری رۆژنامەنووس و وێنەگرەكانی كردووە، بەخۆی وتووە دەبێت رۆژێك لەرۆژان وەك ئەوان ببێت بە وێنەگر.

بەهۆی ئەو دۆخە نالەبارەی لەنێوان ساڵانی ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٨ بەسەر هەرێمی كوردستاندا هات، پێنجوێنی ناچار بووە واز لەخوێندن بهێنێت، بەڵام لەساڵی ١٩٩٨ بەهاوكاری جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هیرۆ برایم ئەحمەدی هاوسەری هاتووەتە سلێمانیی و یارمەتیانداوە خوێندنەكەی تەواو بكات، وەك خۆی باسی دەكات ئەوكاتەی تەمەنی ١٧ ساڵ بووە یەكەم كامێرای كڕیوە.

لەگەڵ روخانی رژێمی بەعس لەساڵی ٢٠٠٣ ، پێنجوێنی بەمەبەستی كاری فۆتۆگرافەری رووی كردووەتە بەغدا و ناوچەكانی تری عێراق، لەو ماوەیەدا لەڕێگای وێنەكانییەوە توانیویەتی رووداوەكانی ئەوكاتە تۆمار بكات‌و ژیانی شەڕو نائارامییەكانی عێراقی بۆ جیهان گواستووەتەوە، بەشێوەیەك بەشێك لەرۆژنامە و ئاژانسە هەواڵییە جیهانییەكان وێنەكانی پێنجوێنیان بڵاودەكردەوە، بەو جۆرە تا ساڵی ٢٠٠٩ لەسەر ئەو شێوازە كاركردنەی بەردەوام بووە.

لەماوەی شەش ساڵ كاركردنی پێنجوێنی وەك وێنەگر، وێنەكانی لەبەشێك لەرۆژنامە نێدەوڵەتییەكانی وەك ئاژانسی رۆیتەرزو رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"و "گاردیان"ی بەریتانی و گۆڤاری "ناشیۆناڵ جیۆگرافیك" و "بی بی سی"و "واشنتۆن پۆست"و "فاینشناڵ تایمز"و رۆژنامە نێودەوڵەتییەكانی تردا بڵاوبوونەوە.

ئەو رەخنانەی لە پێنجوێنی دەگیرێن 
بەتێپەڕبوونی كات كارەكانی پێنجوێنی رووبەڕووی رەخنە بوونەوە بەوپێیەی لەوێنەكانیدا كازمی وەك كەسێك پیشان دەدا، كە عاشقی وێنەگرتنە، تەنانەت لەكاتی سەردانەكەی سەرۆك وەزیران بۆ كەربەلا ڕووبەڕووی رەخنە گاڵتەپێكردنێكی زۆری چالاكانی تۆرە كۆمەڵایەتییەكان بووەوە بەهۆی گرتنی وێنەیەكی نزیكی كازمی، كە لەیەكێك لەنزرگەكانی شیعە خەریكی نزاكردنە، بەشێوەیەك هەندێك كەس پرسیاری ئەوە دەكەن دەبێت وێنەگرەكە لەكوێوە وێنەی گرتبێت.

هەروەك بەشێكی تریان وێنەی پێكەنیناویانەی كازمیان بڵاوكردووەتەوە و پێیان وایە پێنجوێنی كاریگەریی دیمەنە سینەماییەكانی لەسەر بووە و سوودی لەهەندێك لە دیمەنەكانی فیلمە بەناوبانگەكانی وەك "عەڕڕاب" "بەیت بیتاقات"  وەرگرتووە، هەروەك چۆن هەندێك وێنەی تایبەتی ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆكی روسیای كۆپی كردووە.



PM:12:12:21/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 48 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌