لیژنەی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی ناوخۆ: لە دۆسیەی سێوان قادردا هاوسەرەکەی تاوانبارە




لیژنەکەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گیان لەدەستدانی سێوان قادر و منداڵەکانی کارەکانی تەواو کرد و هەموو بەڵگەکانیشی رەوانەی دادگا کردووە. سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێت هەموو بەڵگەکان گەواهیدەرن بۆ تاوانبارکردنی تۆمەتبارەکە كه‌ هاوسه‌ری سێوانه‌، داواش لە دادگا دەکات بڕیاری دادپەروەرانە لەسەر دۆسیەکە بدات.

عەمید سەرکەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی سلێمانی، کە سەرۆکی ئەو لیژنەیەی وەزارەتی ناوخۆیە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی سێوان قادر و منداڵەکانی لە چەمچەماڵ پێکیهێنابوو، ئەمڕۆ چوارشەممە روونکردنەوەیەکی لەسەر دۆسیەکە بڵاوکردەوە.

عەمید سەرکەوت عومەر لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات: "بە پێویستی دەزانم دوایین قسە و سەرنجی خۆمان پێش دوا بریاری یەکلاکەرەوەی دۆسیەکە لە دادگا بخەینەڕوو، کە لەگەڵ دەستبەکاربوونمان لە وەرگرتنی دۆسیەکە و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی چەمچەماڵ، هەموو رێکارێکی لێکۆڵینەوەمان کرد بۆ گەیشتن بە راستی رووداوەکە، لێکۆڵینەوە لە رووداوێکی لەم جۆرە نەخشە بۆ کێشراو هێندە ئاسان نییە و ماندووبونی زۆری ویست".

سەرۆکی لیژنەکەی وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت: "دووبارە ئەنجامدانەوەی هێڵکاری شوێنی رووداو گەڕان بەدوای فاکتەکاندا و سەرلەنوێ ئەنجامدانی کاری تیمی بەڵگە و تاوان لە هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکە مشتومڕێکی زۆری نایەوە، پاش گواستنەوەی دۆسیەکە لە چەمچەماڵ و رەوانەکردنی بۆ سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی دادوەری و پۆلیس ئەزمەڕ کارەکان بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینی، تا گەیشتە کۆتایی، ماوەیەکی زۆر بەسەریدا تێپەڕی، بەهۆی رەوشی ئەوکات و بایکۆتی دەوامی فەرمانگەکان و چەند جارێک رەوانەکردنی پەڕاوەکه بۆ دادگای تەمیز لە هەولێر و سلێمانی، ئێمە وەک تیمی وەزارەتی ناوخۆ هەر لە لیژنەی تایبەتمەند لەلایەن بەڕێز جەنابی وەزیر و بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیمان راسپێردراین کە دەبێت شەو و رۆژ بخەینە سەر یەک بەمەبەستی گەیشتن بە حەقیقەتی رووداوەکە و دیاریکردنی تاوانبار و ئەنجامدەری تاوانەکە، ئەمە جگە لەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی و کەرتی پۆلیسی ئەزمەڕ و دادوەری تایبەتمەند زۆر ماندوونەناسانە کاریان کرد تا ساتی رەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ دادگای تاوانەکان و تەواوکردنی لێکۆڵینەوە".

عەمید سەرکەوت عومەر ئەنجامی راپۆرتی لێژنەی لێکۆڵینەوەی ئاشکرا کردووە و دەڵێت: "هەموو بەڵگەکان گەواهیدەرن بۆ بوونی تاوان و بکەری تاوان لە دۆسیەکەدا و دڵنیاشین لە دڵسۆزی و ویژدانی بەرزی دادوەرە بەڕێزەکانی دادگای تاوانەکان. زۆر لەوە دڵنیاین کە شەونخونی و ماندووبوونی تیمی لێکۆڵینەوە بەفیڕۆ ناچێت و ئەنجامیش هەموومان لەبەردەم خوا و عەدالەتدا سەربڵند دەبین".

رۆژی 16-12-2018 سێوان قادر و سێ منداڵی له‌ قه‌زای‌ چه‌مچه‌ماڵ به‌هۆی‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌وە لە ماڵەکەیان سووتان و هەر ئەم شەوە سێ منداڵەکەی گیانیان لەدەستدا و سێوانیش دوای هەشت رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی سلێمانی گیانی لەدەستدا.

بە تۆمەتی سووتاندنی سێوان و منداڵەکانی ئافرەتێک و هاوژینی سێوان دەستگیرکران، بەڵام ئافرەتەکە ئازادکرا، هاوژینی سێوانیش تائێستاش لە زیندانە، بەڵام هێشتا سزا نەدراوە و دۆسیەکەی لە داداگا بەردوامە.

وابڕیاربوو رۆژی یەکشەممە 19-7-2020 دوایین دانیشتنی دادگا لە بارەی کەیسی سێوان قادر بەڕێوەبچێت، بەڵام لەسەر داوای پارێزەری تۆمەتبار دانیشتنەکە بۆ رۆژی 28-7-2020 دواخرا.

دەقی روونکردنەوەی سەرۆکی لێژنەی لێکۆڵینەوە

کەیسی سێوان قادر و عەدالەت

ماوەیەکی زۆرە زۆربەی دەزگا میدیایی و راگەیاندنەکان پەیوەندیمان پێوە دەکەن سەبارەت بە چارەنووسی کەیسی خوالێخۆشبووان سێوان قادر و منداڵەکانی بە سیفەتی ئەوەی ئێمە سەرۆکی لێژنەی لێکۆڵینەوە بووین لەم دۆسیەیەدا، بە پێویستی دەزانم دوایین قسە و سەرنجی خۆمان پێش دوا بڕیاری یەکلاکەرەوەی دۆسیەکە لە دادگا بخەینەڕوو.

1- لەگەڵ دەستبەکاربوونمان لە وەرگرتنی دۆسیەکە و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس چەمچەماڵدا، هەموو رێکارێکی لێکۆڵینەوەمان ئەنجام دا بەمەبەستی گەیشتن بە ڕاستی روووداوەکە، لێکۆڵینەوە لە رووداوێکی لەم جۆرە نەخشە بۆ کێشراو هێندە ئاسان نییە و ماندووبونی زۆری ویست.

2- دووبارە ئەنجامدانەوەی هێڵکاری شوێنی رووداو گەران بەدوای فاکتەکاندا و سەرلەنوێ ئەنجامدانی کاری تیمی بەڵگە و تاوان لە هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکە مشت و مڕێکی زۆری نایەوە.

3- پاش گۆاستنەوەی دۆسیەکە لە چەمچەماڵ و رەوانەکردنی بۆ سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی دادوەری و پۆلیس ئەزمەڕ کارەکان بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینی، تا گەیشتە کۆتایی ماوەیەکی زۆر تێپەڕی بەسەریدا بەهۆی رەوشی ئەوکات و بایکۆتی دەوامی فەرمانگەکان و چەند جارێک رەوانەکردنی پەڕاوەکه بۆ دادگای تەمیز لە هەولێر و سلێمانی.

4- ئێمە وەک تیمی وەزارەتی ناوخۆ هەر لە لیژنەی تایبەتمەند لەلایەن بەڕێز جەنابی وەزیرو بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیمان راسپێردراین کە دەبێت شەو و رۆژ بخەینە سەر یەک بە مەبەستی گەیشتن بە حەقیقەتی رووداوەکەو دیاریکردنی تاوانبار و ئەنجامدەری تاوانەکە، ئەمە جگە لەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی و کەرتی پۆلیسی ئەزمەڕ و دادوەری تایبەتمەند زۆر ماندوونەناسانە کاریان کرد تا ساتی رەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ دادگای تاوانەکان و تەواوکردنی لێکۆڵینەوە.

ئێمە بەپێویستی دەزانین لێرەوە بە رای گشتی رابگەیێنین کە هەموو بەڵگەکان گەواهیدەرن بۆ بوونی تاوان و بکەری تاوان لە دۆسیەکەدا، هەروەها دڵنیاشین لە دڵسۆزی و ویژدانی بەرزی دادوەرە بەڕێزەکانی دادگای تاوانەکان

زۆر لەوە دڵنیاین کە شەونخونی و ماندووبوونی تیمی لێکۆڵینەوە بە زێدە ناڕوات و ئەنجامیش هەموومان لە بەردەم خوا و عەدالەتدا سەربڵند دەبین و دادگای تاوانەکانیش لە جێگەی ئەو وتەپیرۆزەدا دەبن کە دەفەرموێ (وێ‌ژا حكمتم بین الناس ان تحكم بالعدل).

عەمید سەرکەوت عومەر

سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی ناوخۆ

-westga



PM:03:59:22/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌