مێردمنداڵە ئەشکەنجەدراوەکەی بەغداد بەسەرهاتی دەستگیرکردنی دەگێڕێتەوە




مێردمنداڵێکی عێراقی دوای بێسەروشوێنبوونی بۆ ماوەی 10 هەفتە، لەبەردەم سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی، مستەفا کازمیدا دەرکەوتەوە و کازمی بەڵێنیدا لێپێچینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەدا بکات کە ئەشکەنجەیان داوە.

لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی مانگی ئایاری گۆڕەپانی تەحریر لە بەغداد، حەمید سەعید لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا و دوای چەند ڕۆژێک گرتەڤیدیۆیەکی بڵاوکرایەوە، کە تێیدا بێڕێزی بەرانبەر دەکرێت و قژی دەتاشرێت.

ڕۆژی شەممە حەمید لە بەندینخانە ئازاددەکرێت، دوای دوو ڕۆژ، بە کڵاوێکەوە لە بەردەم سەرۆکوەزیراندا دەردەکەوێت و کازمی پێی دەڵێت، "هەموو ئەوانەی ئەشکەنجەی حەمیدیان داوە لە ئەرکەکەیان دوورخراونەتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت".

مێردمنداڵە شازدە ساڵەکە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وت، "لە مانگی ئایار، ئاوم دەفرۆشت و بەشداری خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەتم لە گۆڕەپانی تەحریر دەکرد، لەپڕ بوتڵێک ئاوم لێکەوتە خوارەوە و بۆی چەمیمەوە تاوەکو هەڵیبگرمەوە. لەگەڵ چەمینەوەم، هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەستگیریان کردم و بە بەردهەڵدان تۆمەتباریان کرد".

مێردمنداڵەکە ئاماژەی بەوە کرد هێزە ئەمنییەکان ئەشکەنجەیان داوە و جلوبەرگیان لەبەردا دڕاندووە، "سەرەڕای تاشینی قژیشی".

دوای ئازادکردنی، حەمید دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانی تەحریر، بەڵام بەهۆی شەڕکردنی لەگەڵ کەسێکدا کە بە دزینی پاسکیلێک تۆمەتباری کردبوو، پۆلیسی بەغداد دەستگیری دەکاتەوە و ماوەی 10 هەفتە بەبێ ئەوەی ڕێگەی پێبدەن پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە بکات، بەندیدەکەن.

چەند ڕۆژێک دوای دەستگیرکردنەوە و ونبوونی، ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانی حەمید و سەرتاشینی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەبێتەوە، خێزان و خزمانی باوەڕیان وابووە ڕووداوەکە تازە ڕوویداوە و بۆشیان ئاشکرابووە لەلای پۆلیس بەندکراوە.

دوای چاوپێکەوتنی کازمی بە حەمید، سەرۆکوەزیران ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ئەوانەی پێگەکانیان بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر خەڵک، ڕووبەڕووی سزا و ڕێکاری یاسایی دەبنەوە".

ڕۆژی سێشەممە، وتەبێژی سەرۆکوەزیران، ئەحمەد مەلا تەڵاڵ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "کازمی بەرپرسێکی باڵای ئەمنی لە پۆستەکەی لابردووە".

-esta


PM:01:49:05/08/2020




ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌