لەڕێی پەرلەمانەوە سانسۆر لەسەر میدیای ئەلیکترۆنی دادەنرێت





پێشنیازە یاسای ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنیی، کە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، کەوتووەتە بەر نەشتەری ڕەخنەی ڕۆژنامەنووسان بە هەوڵێکی دیکەی دەسەڵاتی دەبینن بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان.

لە تەنیشت پێنج یاسای دیکەی تایبەت بە بواری ڕێکخستنی میدیا لە هەرێمی کوردستاندا، دەسەڵات دەیەوێت لە ڕێی زۆرینەی پەرلەمانییەوە سانسۆریش بخاتەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیای ئەلیکترۆنی و ئەکاونتی کەسایەتی و چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان.

ڕۆژی ٢٥ی شوباتی ئەمساڵ لیژنەی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش لاوان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی ئامادەکردنی ڕەشنوسی پێشنیازە یاسای (ڕێكخستنی میدیای ئه‌لیكترۆنی له‌هه‌رێمی كوردستان-عیراق) کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و بە وەرگرتنی ڕا و سەرنجی ئەندامانی لیژنەکە لەلایەن ڕاوژێکارانی لیژنەکەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ میدیاکاران و کەسانی شارەزا و ئەکادیمی و بۆچوونی خەڵک، ڕەشنوسی پێشنیازە یاساکە ئامادەکرا کە لە ٢٢ ماددە پێکدێت.

هەموو ئەو بوارانەش، کە پرۆژەکە دەیانگرێتەوە و کۆت و بەندیان لەسەر دادەنێت، ئەمانەن:

– خانەکانی بڵاوکردنەوەی ئەلیکترۆنی

– خزمەتگوازرییەکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ئاژانسەکانی دەنگوباسی ئەلیکترۆنی.

– ڕۆژنامە ئەلیکترۆنییەکان

– وێبسایتەکانی ڕۆژنامە کاغەزی و کەناڵە بینراو و بیستراوەکان و
پیگە ئەلیکترۆنییەکانی ڕیکلامی بازرگانی.

– پێگەی ئەلیکترۆنی ڕێکخراو و کۆمپانیا بازرگانییەکان

– ماڵپەری ئەلیکترۆنی دامەزراوە حکومی و فەرمییەکان

– وێبسایتە کەسییەکان و لاپەڕە و ئەکاونتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گروپەکانی ناو ئامرازەکانی پەیوەندیکردن.

واتە بەپێی ئەم پرۆژەیە، هیچ کەس و لایەن و میدیایەک بۆی نییە تەنانەت ڕێکلام بۆ کاڵاکەی خۆیشی بکات، ئەگەر بێتو ناوی خۆی لەلای سەندیکای ڕۆژنامەنووسان تۆمار نەکردبێت.

هەروەها ڕۆژی یەکشەمە ٢٨ی مانگی ڕابردوو پەرلەمان یەکەم خوێندنەوەی بۆ پێشنیازە یاساکە کرد و بڕیارە لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی پەرلەماندا پرۆژەکە پەسەند بکرێت.

کاروان ئیبراهیم سەرنووسەر لە کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) لەبارەی ماددەکانی پرۆکەوە دەڵێت: دانانی یاسا و چوارچێوەیەک بۆ ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی گرنگە بۆ ڕێگرتن لە ساختەکاری و فێڵ و کاری نایاسایی، بەڵام ئەو ڕەشنووسی پێشنیازە، کەموکوڕی تێدایەو بۆنی ئەوەی لێدێت ئازادیی ڕادەربڕین بەرتەسک بکاتەوە و ئازادیی ڕۆژنامەنووسی سنووردار بکات و ڕێگا لە ئاشکراکردنی زانیاری لەسەر گەندەڵی و خراپەکارییەکانی دەسەڵات بگرێت.

لە یەکێک لە سزاکانی ناو ڕەشنووسەکەدا ئەوە هاتووە کە “خاوەنی وێبسایت و ئەکاونت و لاپەڕە فەرمییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سزا دەدرێن بە بڕێک پارە کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، ئەگەر ناوی کەسێکیان زڕاند یان سوکایەتییەکیان پێکرد”.

کاروان لەمبارەیەوە وتی: دەکرێت ئەم ماددەیە لەلایەن دەسەڵاتەوە بەکاربهێنرێت بۆ هەر کەسێک کە ڕەخنەی دەسەڵات یان بەرپرسێک بکات و بیخەنە چوارچێوەی ئەو ماددەیەوە.

لە یەکێکیتر لە ماددەکانی ڕەشنووسەکەدا ئەوە هاتووە: “هەموو ئەو وێبسایت و میدییا ئەلیکترۆنیانەی کە ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەو بابەتانە بڵاوبکەنەوە کە بەپێی بڕگەکانی دوو و چواریی ماددەی چوارەمی ساڵی ٢٠٠٦، تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن و تیرۆردا بەتاوانی تۆقاندن هاتوون”.

بەبڕوای کاروان ئیبراهیم، دەکرێت لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا هەندێک بڵاوکردنەوەی زانیاری هەستیار لەسەر گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان و بەهەدەردانی داهاتی گشتی ئەم وڵاتە، بڵاوبکرێنەوە و لەلایەن دەسەڵاتەوە بخرێتە چوارچێوەی ئەو ماددەیەو ڕۆژنامەنووس بە تاوانی تیرۆر و تۆقاندن و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی سکاڵای لەسەر تۆمار بکرێت و سزا بدرێت.

هەرچەندە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەماوەی تەمەنی خۆیدا پێنج یاسای تایبەت بە بواری میدیا دەرکردووە، یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیشی دەرکردووە کە ساڵی ٢٠٠٨ پەسەند کراوە و زیاتر بەم یاسایەو یاسای ڕۆژنامەگەری عێراقی، ڕۆژانەمەنووسان ڕوبەڕوی لێپێچینەوەی یاسایی و دادگا دەکرێنەوە.

ئامادەکردنی ڕەشنووسێکیش بۆ ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، نەک تەنها ڕای ڕۆژنامەنوسان و کەسانی پسپۆڕ وەرنەگیراوە، بەڵکو لەلایەن دوو ڕاوێژکاری پەرلەمانەوە ئامادەکراوە و لیژنەی ڕۆشنبیری پەرلەمان بە تەنها پێداچوونەوەیان پێکردووە و وەک ئەوەی ئێستا بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان پێیانزانیوە، بە زەنگێکی مەترسیداری دەزانن لەسەر ئاییندەی کاری میدیایی و ئازادیی ڕادەربڕین لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا.

ڕەحمان غەریب، ڕیکخەری سەنتەری میترۆ لەبارەی ئەم ڕەشنووسەوە دەڵێت، کۆمەڵێک مەرجی گرنگ هەیە کە دەبێت لە ناو پێشنیازە یاساکەدا هەبێت، ئەویش ئەوەیە ناکۆک نەبێت لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەڵیننامە نیودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین، هەروەها ناکۆک نەبێت لەگەڵ یاسای ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستان و یاسای مافی دەستەکەوتنی زانیاری، داواکارە یاسایەک بێت بواری ئازادیی بیروڕا و ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەریی فراوان بکات نەک لە قاڵبی بدات.

ئەوەشی خستەڕوو: بەشێک لەو کەموکورتییانە لەم پێشنیارە یاسایەدا هەیە و دەبێت گۆڕانکارییان تێدا بکرێت، وەک خۆی دەڵێت، کۆمەڵێک سەرنج و ڕەخنەیان گەڵاڵە کردووە لەسەری و لە کاتێکی نزیکدا پێشکەشی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی دەکەن.
ڕێکخەری سەنتەری میترۆ داواکارە پەلە لە تێپەڕاندن و پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە نەکرێت، بەڵکو سیمینار و ۆرکشۆپی لەسەر ساز بکرێت و تەنانەت ڕای گشتی لە هەرێمی کوردستان سەرنج و ڕای خۆی لەسەر بدات.

پێنج یاسا بەرکارەکەی پەرلەمانیش کە لە خولەکانی ڕابردوودا بۆ ڕێکخستنی بواری میدیا دەریکردوون، بریتین لە:

یاسای چاپەمەنی هەرێمی كوردستانی _ ژمارە ١٠ی ساڵی ١٩٩٣

یاسای سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان _ ژمارە ٤ی ساڵی ١٩٩٨

یاسای بڵاو كردنەوە لە ڕۆژنامەی ڕەسمیدا – ژمارە ٤ی ساڵی ١٩٩٩

یاسای سندوقی خانەنشینی ڕۆژنامەوانی كوردستان – ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٠١

یاسای ڕۆژنامەگەری لە كوردستان _ ژمارە ٣٥ ی ساڵی ٢٠٠٧

کە بەڕای ڕۆژنامەنووسان، هەموو ئەم یاسایانەو نەبوونی یاسایەکی گشتگیر و هەمەلایەن، دەستی دەسەڵات لە گرتنی ڕۆژنامەنووسان ئاوەڵا دەکات و بە کام یاسا بیەوێت گێچەڵ بە ڕۆژنامەنووسان و ڕەخنەگران دەکات.

-rojnews


PM:05:34:08/08/2020




ئه‌م بابه‌ته 556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌